ڕاوێژكارێكی بارزانی: لەبەغدا ئاستەنگ بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروستدەكرێت
.jpg)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
كیفاح مەحمود، راوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ئەوەی رودەدات پلانێكی روون و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، پەیوەندی بەو گروپە سیاسیانەوە هەیە فشار دەكەن لە بەغدادو هەوڵی تێکدانی سیستمی فیدراڵی وڵات دەدەن، كە ساڵانێکی زۆرە کاردەکەن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێم و سەندنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی.
راوێژكارەكەی بارزانی، لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی راگەیاندووە، روونە کە کۆمەڵەی نەوت ناڕازییە لە بیرۆکراتیی و هەنگاوەكانی پەیوەست بە پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
وتوشیەتی، بابەتەکە پەيوەستە بە سیاسەت نەک رێکاری تەکنیکی، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمان هەموارکردنەوەی ماددەی 12ی یاسای بودجەی سەبارەت بە رێکارەکانی دەرهێنانی نەوت پەسەندکرد، سەیركە لەوەدایە، وەزیری نەوتی فیدراڵی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێردا هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوە روینەدا.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق-تورکیا، دووچاری گیروگرفت بووە، بەهۆی بەردەوامی ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی پارەدان و گرێبەستەکان.
دانوستانەکان، کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد، تا ئێستا نەیتوانیوە کۆتایی بە ناکۆکییەکی نزیکەی دوو ساڵ بێنێت، کە بووەتە هۆی وەستاندنی هەناردەی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
واشنتۆن فشاری خستۆتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مانگی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندبوو، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، داوای لە عێراق کردووە رێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەركردنی نەوت بدات، یان روبەڕوی سزا دەبێتەوە.
واشنتۆن دەیەوێت هەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە دەستپێبکرێتەوە، لەبەرهەندێك هۆكار، كە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەكەیەتی، لە هەمان کاتدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت، لەسایەی ئەو فشارانەی خستویەتیە سەر تاران، سەبارەت بەهەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
