کەسوکارەکەى لەئیمرالى چاویان بەعەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان کەوت 

دوێنێ



هەریەک لە برا و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کردو دواى ساڵانێکى زۆر چاویان پێى کەوت. 
 
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، رێگە بە محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) درا، بەناوی کەسوکارەکەیەوە سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان بۆ کاژێرێک دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامداوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن دەم پارتی، محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان لەبارەی ناوەڕۆکی سەردان و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاونەکراوەتەوە. 
 
محەممەد ئۆجەلان (برای ئۆجەلان) دوایین جار رۆژی 25ـی ئاداری 2021، لە دادگەی گشتیی رووها، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دابوو. 
 
هەرچی عومەر ئۆجەلانە دوایین جار، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردبوو. هۆکاری سەردانەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆچی دوایی ئۆجەلان بوو، کە نزیکەی چوار ساڵ بوو لەژێر گۆشەگیریدا بوو.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار