ئۆجەلان: گەلى کورد بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لەبانگەوازەکەم کرد

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە دوورگەى ئیمراڵییەوە سڵاو بۆ گەلى کورد دەنێرێت کە لە ئاهەنگەکانى نەورۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازەکەی کردووە بۆ ئاشتى.

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی هەریەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە لە دورگەی ئیمراڵی زیندانی کراون.

ئۆجەلان لە میانی دیدارەکەدا سڵاوی لە گەلی کورد کردووە کە لە نەورۆزدا بە جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە، ئەوەش بەپێی ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا.

عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگەدان بەو دیدارە لە کاتێکدایە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستی پێ کردووە و پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوو دەدەن.

عومەر ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە ئۆجەلان بە کەسوکاری ڕاگەیاندووە: "سڵاو لە گەلەکەمان کە لە نەروۆزدا بە  جۆشوخرۆشی زۆرەوە پێشوازییان لە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکرات کردووە. دووبارە جەژنی نەورۆز و ڕەمەزان لە گەکەمان پیرۆز بێت".

لە 2014ەوە تەنیا حەوت جار ڕێگە دراوە کەسوکار و پارێزەرانی سەردانی ئۆجەلان بکەن. سەردانی پێشوو دوای تێپەڕینی 44 مانگ لە دۆخی گۆشەگیریی لە 23ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام درا، کاتێک عومەر ئۆجەلان سەردانى ئۆجەلانى کرد. 

ماوەیەکی زۆریش بوو ڕێگە بە کەسوکاریان نەدەدرا سەردانی عومەری خەیری کۆنار، هامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش بکەن کە هاوشێوەى ئۆجەلان لە ئیمراڵى زیندانیکراون.  لە ئاداری 2015ەوە تاکوو ئێستا و بە سەردانەکەی ئەم جارەیشەوە تەنیا چوار جار ڕێگە بە کەسوکاریان دراوە سەردانی  عومەری خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بکەن و تەنیا سێ جاریش ڕێگە دراوە کەسوکاری سەردانی هامیلی یڵدرم بکات. 

لە ماوەی 14 ساڵدا تەنیا پێنج جار ڕێگە بە پارێزەرەکانی دراوە، سەردانی ئۆجەلان بکەن. دوایین یەکتربینینی ئۆجەلان و پارێزەرەکانی لە 7ی ئابی 2019دا بوو. 

لەو کاتەوەی سێ زیندانیکراوەکەی دیکەیش ڕەوانەی ئیمراڵی کراون، ڕێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە سەردانیان بکەن.

لەسەر دەستپێشخەری دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە بۆ کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری لە لایەن پەکەکە، شاندێکی دەم پارتی لە 28ی کانونی یەکەمی 2024ەوە سێ جار سەردانی ئۆجەلانیان کرد.

سەردانی دووەم لە 22ی کانونی دووەمی 2025 و سەردانی سێیەمیش لە 27ی شوبات ئەنجام درا.

هەرچەند لە سەردانی یەکەم و دووەمدا تەنیا پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر سەردانی ئۆجەلانیان کرد، بەڵام سەردانی سێیەم ژمارەی ئەندامانی شاندەکە زیاد کرا بۆ حەوت کەس.

جگە لە دوو ئەندامەکەی پێشووی شاندەکە هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی؛ ئەحمەد تورک، سێیەم ئەندامی شاندەکە و سەرۆکی قەییوم لەجێداندراوی شارەوانیی گەورەشاری مێردین لەنێو شاندەکەدا بەدی دەکران.

دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە سەردانی سێیەم، لە ئیستانبوڵ بانگەوازێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە کۆنگرە ببەستێت.

هەرچەند پەکەکە لای خۆیەوە بە دەم داواکارییەکەوە هات و لە 1ی ئادارەوە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هەزاران هێرشی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشوری کوردستان ئەنجام داوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار