پارتی و سوننەکان هەوڵی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەدەن

دوێنێ



پارتی و لایەنە سوننەکان هەوڵدەدەن کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و ئەو بڕیارانەی پێشتر لەلایەن ئەنجوومەنەوە لەبارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان دراون، هەڵبوەشێننەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی پارتی و نەینەوا (لیئەهیلها)، کە لە 16 ئەندام پێکدێن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن.
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، ئەوان واژۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بکرێت و بڕیار لەبارەی "راستکردنەوە"ـی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بدات سەبارەت بە دیاریکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
 
دووبەردانی پێیوایە، دەبێت هەڵبژاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان "رێڕەوی دروست"ی خۆیان وەربگرن، وەکو کردنەوەی دەرگای پاڵاوتن، پێکهێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەن بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان و وردبینی لە بڕوانامەکان، دەستپاکی و لێپرسینەوەی دادپەروەرانە، ئەزموونی کارکردن، پاشان پارێزگار بۆ هەر پۆستێک سێ بەربژێری گونجاو رەوانەی ئەنجوومەن بکات بۆئەوەی یەکێکیان پەسند بکرێت، "بەڵام هیچ کام لەمانە لە کاتی بڕیارەکەی ئەنجوومەندا نەکران و ئەمانە دیاریکراون نەک هەڵبژێردراو."
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا راگەیاند، ئەوان ئاگاداری هەوڵێکی لەو شێوەیەن. بڕیار بوو ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ سەردانی بەغدا بکات و لایەنی بەرامبەر هەوڵیانداوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بکەن، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی بەغدای نەکردووە و لە ئەنجوومەنە.
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە حیزبەکەی لە گۆڕانکارییەکان سێ پۆستیان بەرکەوتووە (قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ)، ئەو هەوڵە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" دەزانێت و دەڵێت: "ئەمە دژی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، کە بڕیاری پێویستی لە بارەوە داوە".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار