سبەینێ گفتوگۆی دابەشكردنی پۆستەكانى یەکێتى و پارتى دەكرێت

دوێنێ



 

سبەیینێ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كۆدەبنەوە، دوای چوار مانگ لە گفتوگۆو چەندین كۆبوونەوە ئینجا رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی ئامادەكرا، گفتوۆكردن و رێككەوتن لەسەر شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان چەندین كۆبوونەوەو دانیشتنی دەوێت ئەگەر سەرەتای مانگی داهاتوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردن و متمانەدان بەكابینەی دەیەم دوو مانگی پێویستە و دەكەوێتە مانگی تەمووز
واتا چاوەڕوان دەكرێت

رۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای 176 رۆژ واتا نزیكەی شەش مانگ هێشتا پەرلەمان و حكومەت پێكنەهاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەنی سیاسی كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا بەڵام  گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی دەكرێت.

كۆبوونەوەو دانوستانی پارتی و یەكێتی بۆ ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەی حوكمڕانی چوار مانگی پێویستی بوو لە (30/11/2024 یەكەم كۆبوونەوەكراو دوا كۆبوونەوەش 18/3/2025) بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بۆ  پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستەكانیش زیاتر لە دوو مانگ پێوست بێت لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لەدوای مانگی شەش و حەوتەوە بێت.

بەپێی بەدواداچوونەكان تا ئێستا بەشێوەی فەرمی لەسەرمێزی گفتوگۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی و یەكێتی پاسی پۆستەكانیان نەكردووە، بەڵام گفتوگۆی یەكێتی و پارتی لەناو خۆیان و لەگەڵ یەكدی هەبووە لەسەر پۆستەكان.

لای یەكێتی چەند بژاردەیەك لەبەردەستدایە بۆ شێوازی دابەشكردنی پۆستەكان لەوانە:
-    دابەشكردنی پۆستەكان بەشێوەی خاڵ واتا پۆستی سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و جێگری سەرۆك وەزیران چەند خاڵێك و وەزیرەكانیش هەریەكەو خاڵ بەخاڵ دیاری دەگرێت

-    دابەشكردنی پۆستەكان بە پێی ستونی دیاریكراوە واتا سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك لە ستونێك و جێگری سەرۆك وەزیران و چەند وەزیرێك و پۆستەكانی دیكە لە ستونێكی تر .

-    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی لیستی (A,B,C)
لای پارتی دیموكراتی كوردستان:
-    پۆلێنكردنی پۆستەكان بەپێی (A,B,C) واتا گروپێك لە وەزارەتەكان لە (A) دەبن: وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی سامانەسروشتیەكان، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد،،، گروپێك لە وەزارەتەكان لە (B) دەبن بەو شێوەیە
ئەوەی پارتی دەیەوێت لە دابەشكردنی پۆستەكان بەهەمان شێوازی كابینەی پێشوو واتا پۆستە باڵاكان بەم شێوەیە یەكلابكرێنەوە:

-    پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی  
-    پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی  
-    جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ یەكێتی  
-    جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی  

-    سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی  
-    جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی  
-    سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی مەسیحی
-    توركمان لە حكومەت وەزارەتی پێدەدرێت

سەرچاوەیەك لە یەكێتی راگەیاند تا ئێستاش یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بەدەستبهێنێت و تەركیزی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نیە، چونكە یەكێتی پێی وایە سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی نیەو لەپەرلەمان سەرۆكایەتیە واتا بەهەرسێكیان بڕیارەكان دەردەكەن بەڵام بەپێچەوانەوە لە حكومەت سەرۆكی حكومەت خۆی بڕیار دەردەكات.

بەپێی بەدواداچوونەكان  لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكاندا پارتی هێڵی سوری تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیەو بەلایەوە ئاساییە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان یان دارایی بداتە یەكێتی، یەكێتی و پارتی وا رێككەوتوون كە پۆستەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەن و هەریەكەیان لە پشكی خۆی ئەگەر ویستی پۆست بدات بەلایەن و پێكهاتەیەكی دیكە.

رەنگە ووردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان و یەكلاكردنەوەیان كاتێكی زۆری بوێت، بۆیە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان و رێككەوتن كاتێكی زۆری دەوێت، هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەسەرەتای مانگی داهاتوو پەرلەمان پێكبێت و سەرۆك و جێرو سكرتێر هەڵبژێردرێت و پەرلەمان كۆببێتەوە، دواتر سەرۆكی هەرێم و حكومەت پێكبهێندرێت.
خۆ ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئایار (5)ەوە هەڵبژیێردرێت ئەوا پێكهێنانی حكومەت دەكەوێتە مانگی تەموز چونكە هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نزیكەی مانگێكی پێویستەو پێكهێنانی كابینەو سوێندخواردنی مانگێكی پێویستە.

بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2019یاسا كاراكردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواری شێوازی سەرۆكی هەرێم، بەپێی مادەی (4) لە خاڵی یەكەمی بڕگەی یەكەمی دا هاتووە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەماوەی (30)رۆژدا رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەستپێدەكات.

واتا هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی (30) رۆژ دەخایەنێت، بەپێی بڕگەی (3) و (4) لەمادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوی 1992 دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و متمانەپێدانی سەرۆكی ئەنجومەن و كابینەكەی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە وبەڵام بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو، (پاش  ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات.

واتا ناونان و راسپاردن و سوێندخوادرنی كابینەی نوێ ئەویش (30) رۆژی پێدەچێت بۆیە، واتا دوای رێككەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ، هەڵبژاردن و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و رێكارەكانی كابینەی نوێ و سوێندخواردنی بەهەردووكیان (60) رۆژی پێویستە، لەبەر ئەوە ئەگەر سەرەتای مانگی ئایار سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێندرێت ئەوا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز كابینەی نوێ پێكدەهێندرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار