وەزارەتی ناوخۆوە لەبارەی کێشەى هەرکییەکانەوە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش
لەبارەى گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.
هەشتى تەمموز، هێزێکى ئەمنى چووە شارۆچکەى خەبات بۆ دەستگیرکردنى خورشید هەرکى، کەسایەتى عەشیرەتى هەرکى، ناوبراو رووبەڕووى هێزە ئەمنییەکان بووەوە و لەگرژى و ئاڵۆزییەکاندا دوو کەس کوژران و پێنجى دیکە برینداربوون.
دەقى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان..
لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەوی و زار، گرژی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست بوو کە بە داخەوە بووە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی. بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زوو ئەو کێشەیە سنووردار بکرێت و بە هاوکاریی خەلکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستی پێ کردووە.
داوا لە خەلکی ناوچەکەش دەکەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە.
ئارامی و ئاسایشی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنتەوە.
