وردەکارى خۆپیشاندانەکەی وەرتێ کە هاوڵاتیەکى تێدا کوژرا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
وەک ناڕەزایی دەربڕین لە دژى نەبوونى کارەبا، هاونیشتمانییانى سنوورى شارەدێى وەرتێ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ناڕەزایەتییەکان گرژىیان تێکەوت و هاوڵاتیەک کوژرا.
بە گوێرەى زانیارییەکان، خۆپیشاندانەکە، کاتژمێر 10ـى شەوى رابردوو سەریهەڵداوە، هاونیشتمانییانى شارەدێی وەرتێ و گوندەکانى رەژووکەریان و سەرنەوس، لەسەر پردى حافز لە نزیک رێگاى هامڵتۆن، خۆپیشاندانیان لە دژى نەبوونى کارەباى نیشتمانى ئەنجامداوە.
بەڵام بەهۆى دروستبوونى گرژى لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، تەقە کراوە و بەهۆیەوە هاونیشتمانییەک بە ناوى حەسەن رەحمان، تەمەن 45 ساڵ کوژراوە و پێنج هاوڵاتى دیکەش برینداربوون.
تا ئێستاش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هیچ رونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە و بەپێی زانیارییەکان تەقەکەرەکان دەستگیر نەکراون.
هاوڵاتیانیش دەڵێن پارتی و یەکێتی بەرپرسن لە نەبوونى موچە و خراپی دۆخی خزمەتگوزاریەکان.
هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو گوندانە بەهۆى ئەوەى مۆلیدەیان نییە، تەنیا پشت بە کارەباى نیشتمانى دەبەستن، لە چەند رۆژى رابردوودا بەڵێنیان پێدرابوو، کە کاتژمێرەکانى کارەبایان بۆ زیادبکرێت، بەڵام بەڵێنەکان جێبەجێنەکراون و ئەوانیش هاتوون خۆپیشاندانیان کردووە.
