هاوپەیمانی 19: تاوانی كوشتنی خۆپیشاندانەکەی وەرتێ شەرمەزار دەكەین

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سلێمانی، 14ی تەمووزی 2025: هاوپەیمانی 19 بە توندی ئیدانەی تەقەكردن لە بەشداربووانی خۆپیشندانەكەی ناحیەی وەرتێ دەكات كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەكی بێ چەك و برینداربوونی سێ كەسی دیكە.
شەوی رابردوو، هاوڵاتیانی ناحیەی وەرتێ سەربەقەزای رەواندزی پارێزگای هەولێر ڕژانە سەر شەقامەكان و داوای مافی ڕەوای خۆیان بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كرد، كەبەكارهێنانی بەرزترین ئامرازی دیموكراسی: خۆپیشاندانی ئاشتیانە.
لەبری ئەوەی داواكارییە ڕەواكانیان جێبەجێ بكرێت یان مافە دەستوری و مرۆییەكانیان بۆ گردبوونەوە و دەربڕین بپارێزرێت، تووشی توندوتیژی بوون كە لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرێك بە ناوی (حەسەن عەبدولڕەحمان) كە پۆلیسی بەرگری فریاكەوتنە، خاوەنی پێنج منداڵە بە فیشەك گیانی لەدەستدا و سێ هاوڵاتی تر برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە كران.
ئەو گرتە ڤیدیۆیەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، تیایدا چەكدارێك بەرگی مەدەنی پۆشیوە، تەقەدەكات و پەلاماری هاوڵاتییەك دەدات، دیمەنێكی روونە بۆ سەركوتكردنی دڕندانەی دەربڕینی ئاشتیانە.
هاوپەیمانی 19 تاوانی كوشتنی هاوڵاتییەكی بێ چەك و برینداركردنی كەسانی تر لە كاتی خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا، بە توندی ئیدانە دەكات، ئەم كردەوەیە تاوانی پێشێلكردنی ئاشكرای مافی ژیانە، داوا دەكات دەستبەجێ و بە شەفافیەتێكی تەواو بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ڕووداوەكە بكەن و وردەكارییەكانی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن.
هاوپەیمانی 19 جەخت لەسەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەكاتەوە وەك مافێكی بنەڕەتییەو بە پێی دەستوور و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤە دەبێت بپارێزرێت.
تۆڕی 19 لەكاتێكدا هاودەنگی لەگەڵ خێزانی قوربانیانی ئەم تاوانە دەكات بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، داواش لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات، فشار بخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوە دڵتەزێنەكانی لەو جۆرە.
تۆڕی هاوپەیمانی19، لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەكە.
