ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی لوتكەی پارتی و یەكێتی

9 كاتژمێر لەمەوپێش



پارتی و یەكێتی: هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دابینکردنی مووچە

لەدواى کۆبوونەوەکەیان یەکێتى و پارتى ڕایدەگەیەنن، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە وشایستە داراییەکان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پیویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بەئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرین.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندى پارتى و یەکێتى لەپیرمام کۆبوونەوەو تەوەرەکان بۆقسەکردن و چارەسەری کێشەی مووچەو کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدابووە.

کۆبوونەوەکەى ئەمڕؤ لەئاستێکى باڵادابوو سەرۆك و جێگرو بەرپرسە باڵاكانی هەردوو حزب بەشداربوون، لە پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێری پارتی، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مەحمود محەمەد  وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی.

شاندى یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پێکهاتبوون لە بافڵ تاڵەبانی  سەرۆكی یەكێتی،  رەفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆكی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، خەسرەو گوڵ محەمەد، نزار ئامێدی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

لەدواى کۆبونەوەکەش ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوە دەخەنەڕوو،  کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، بەشێكی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.

دەقی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی لوتكەی پارتی و یەكێتیی:

ئەمڕۆ 14ـی تەمموزی 2025 بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو ڕەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پیویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرین.

بەشێكی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.

لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار