شاندی ئیمراڵی: باوەڕ بە بەڵگە و زانیاری چەواشەکارانە مەکەن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی داوای کرد کەس باوەڕ بەو زانیاری و بەڵگە "چەواشەکارانە" و "مەزەندەکراو" و "بێبنەما"یانە نەکات کە لەژێر ناوی "وردەکارییەکانی دیدارەکە" لەسەر میدیای دیجیتاڵ بڵاودەکرێنەوە.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا، گوتی: "ماوەیەکە هەندێک لایەن لەسەر میدیای دیجیتاڵ چەند وردەکارییەک بڵاودەکەنەوە کە گوایە تایبەتە بە دیدارەکان لە دوورگەی ئیمراڵی و لەسەر ئەم بناغەیە شرۆڤە دەکەن".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بێگومان ڕای گشتی مەراقێتی بزانێت دیدارەکانی نێوان بەڕێز ئۆجالان و شاندەکەمان چۆن بووە و بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجالا دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک چییە، بۆیە چاوەڕوانی زانیارییەکانە و بەدواداچوون دەکات. لەبارەی دیدارەکانەوە، شاندەکەمان زانیاری بۆ ڕاگەیاندنەکان و ڕای گشتی بڵاوکردەوە. پێویستە بێجگە لەو بەڵگە و زانیارییانەی کە شاندەکەمان بڵاوی دەکەنەوە، هیچ کەسێک باوەڕ بە بەڵگە و زانیاری چەواشەکارانە و مەزەندەکراو و بێبنەما نەکات.
وەک بنەمایەکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئێمە ڕێز لە هەموو بۆچوونێکی نەیار و لایەنگرانە دەگرین. بەڵام ئەو هەڵوێستانەی پشت دەبەستن بە زانیاری ناڕاست و بەڵگە و زانیاریی بێبنەما، وەک هەوڵی تێکدەرانە دەبینین.
بابەتەکانی پەیوەست بە ئاشتی کۆمەڵایەتی، گفتوگۆ و کۆبوونەوەی جدیی و متمانەپێکراو، تا ئاستێکیش نهێنی لەخۆدەگرن. وەک دەم پارتی و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، زۆر بە وریاییەوە کاری خۆمان دەکەین.
هەموو دیدار و کۆبوونەوەکانی دوورگەی ئیمراڵی، بە بەشداری شاندەکەی ئێمە ئەنجامدراون. لەمە بترازێ، بانگەشەکانی تر دوورن لە ڕاستییەوە. هەروەها بێجگە لەو بەڵگە و وردەکارییانەی کە شاندەکەمان بڵاوی دەکەنەوە، نابێت باوەڕ بە هیچ وردەکاری و بەڵگەیەکی تر بکرێت. بەڕێزەوە ئەم سەرنجانە بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو".
