شاندێكی بەغدا لە هەولێرە و هەڵسانگاندن بۆ کێڵگە نەوتیەکان دەكات

19 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندێکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شەش لە بەغدادە و شاندێکی عێراقیش بۆ وردبینی داهاتی ناوخۆ لە هەولێرە.

شاندێكی بەغدا لە هەولێرە و شاندەكە لە لیژنەیەک پێکدێت، کە هەڵسانگاندن بۆ کێڵگە نەوتییەکان دەكات، گەڕانی مەیدانیان دەبێت، دواتر قەبارەی هەناردەكردنەوە دیاری دەکەن.

شاندێکی دیکەش جگە لە نەوت، بۆ بابەتی پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بابەتی تەوتین و نەمانی پشکی هەرێمی کوردستان لە هەولێرن، ئەوانیش راپۆرتێک ئامادە دەکەن، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا کارەکانیان تەواو بکەن.

سەرچاوەیەکی کوردی لە کۆمپانیای سۆمۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دەڵێت، هێشتا بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان ئاسایی نەبۆتەوە، رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، دەبێت بەرهەمی رۆژانە بگاتە 100 هەزار بەرمیل ئەوکات دەتواندرێت لە رێگەی بۆری نەوت هەناردە بکرێت، چونکە لە 100 هەزار بەرمیل کەمتر بێت، ناتواندرێت کار بە تۆرباینەکان بکرێت.

شایەتحاڵێک کە کارمەندی کۆمپانیای دی هێن ئۆی نەرویجیە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک چەمانکێ وتى، ئێستا کارکردن و بەرهەمهێنان لەو کێڵگە نەوتیەی کاری لێدەکات ئاساییە، چونکە درۆنەکان تەنها عەمبارە بچووکەکانیان بەئامانج گرتبوو، عەمبارە گەورەکانی نەوت سەلامەتن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت وردبینی لیستی مووچەی مانگی شەش تەواو بووەو وردبینییەکە دوو کاتژمێری خایاندوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوە کردەییەکانی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەستپێکردووە، بڕیارە لەم هەفتەیە نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش و لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕادەست بکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى، "لیستی مووچەی مانگی حەوت تەواوبووە، یەک پێداچوونەوەی ماوە، سبەی یان دووسبەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت."

بەگوێرەی بەدواداچوونێک، دوای ئەوەی کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆسەی پێدانی نەوت بە سۆمۆ دەستپێدەکات، هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار