وەزیرى ناوخۆ و ئەعرەجى: هێرشە درۆنیەکان زیان بەئابوری عێراق دەگەیەنێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هەریەکە لەوەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیان بە ناوبانگ و ئابوری عێراق دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەیان لەسەر بارودۆخى ئەمنى و هێرشە درۆنیەکان کرد.
وەزیرى ناوخۆ وتى: ئەو شاندەی ئەمڕۆ کە هاتبوون بۆ هەرێم شاندێکە لە زۆربەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازی عێراقی پێکهاتوون، بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێم، لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوو ئاراستەی هەرێم دەکران و تێیدا کێڵگە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیران.
وەزیری ناوخۆ دەشڵێت: بەداخەوە ئەوە چەندەمین جارە ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە و لەڕابردووشدا چەندان لیژنەی دیکە دروست کراون، بە لیژنەی هاوبەشەوە، لێکۆڵینەوەی تەواو کراوە و گەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواویش، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارییەکی پێویست نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە.
ڕێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، "دەبێت ئەو گرووپانە سنووریان بۆ دابنرێت و دوور بکەونەوە لە هەڕەشە کردن و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بە هەبوونی قاسم ئەعرەجی، ئەم لیژنەیە دەرئەنجامەکانی باشبن، هەموو هاوکارییەکیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو لیژنەیە دەکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، کە ڕێنمایی بە دامەزراوەکان داوە هەرچی پیویست بێت بۆ ئاسانکاری ئەم لیژنەیە ئەو بەڵگە و زانیارییانەی هەیە بدرێت بەو لیژنەیە."
هەر لەو کۆنگرەیەدا قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وتی: ئەمڕۆ لە هەولێرین، بۆ گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. کە ئەو هێرشانە زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەینێت.
گوتیشی: دەبێت ئەو هێرشکارانە بەسزای خۆیان بگەن، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین، چ لە ناو هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن.
شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
قەیس محەممەدوای، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی عێراقی یاوەری قاسم ئەعرەجی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە بۆ لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان.
پێش گەیشتنی شاندەکە، ئەمڕۆ دوو درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە. بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، "زیانی گیانی نەبووە."

