هێشتا وردبینیی لیستی مووچەی مانگی شەش نەکراوە

13 كاتژمێر لەمەوپێش



زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا وردبینی لیستەکەی تەواو نەکردووە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووزە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ  وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتى: هەموو ئامادەکارییەک کراوە، هەرکاتێک فرمانمان بۆ بێت، 120 ملیار دینار دەخەینە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

بە گوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی تەواو نەکردووە.
 
ئەو لیستە لە 25ی حوزەیرانەوە لە رێگەی تیمێکی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.
 
سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو: تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە وردبینی لەو لیستە تەواو بووە و تێبینیی خۆیانی پێ نەگەیاندووین.
 
وەزارەتی دارایی عێراق 24ی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نارد، بەڵام تائێستا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیار نییە، لەکاتێکدا بەرەو کۆتایی مانگی تەممووز دەچین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار