حکومەت دەستیکردوە بەکەمکردنەوەى نەسریەى وەزارەتەکان

23 كاتژمێر لەمەوپێش



بەمەبەستى دابینکردنى ١٢٠ ملیارى داهاتى ناوخۆ، حکومەتى هەرێم لەڕێگەى وەزارەتى داراییەوە دەستیکردوە بەکەمکردنەوەو لێببڕینى خەرجى و نەسریەى سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانى.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەیەکێک لەوەزارەکانى حکومەتى هەرێم، بەهاوڵاتى ڕاگەیاند: ماوەى دوو ڕۆژە نوسراوێکى وەزارەتى دارایی گەیشتوەتە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەو دەستەکان بەمەبەستى لێبڕینى ٢٠%ى خەرجى و نەسریەى هەمووى، ئەمەش لەپێناو دابینکردنى ١٢٠ ملیار داهاتى ناوخۆیە بۆ ئەوەى بنێردرێت بۆ بەغدا.

بەوتەى ئەو سەرچاوەیە داواشکراوە بەزوویی هەموو فەرمانگەکان خەرجى و پێداویستیەکانیان لەگەڵ ئەم نوسراوەى وەزارەت بگونجێنن و لەمەودوا، مانگانە ٢٠ى نەسریەکانیان کەمدەکرێتەوە، ئەوە پارەی مانگانەش پێیان دەدرێت بەچەند گوژمەیەک دەبێت و ناتوانن بەیەکجار هەموو نەسریەو خەرجیەکانیان بدرێتێ.

بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا، لەبەرامبەری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش دەبێت 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات، لیستی مووچەی مانگی شەش لە بەغدایە وردبینی.

ماوەى چەند ڕۆژێکە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی داهاتی نانەوتی مانگی شەش ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ  وەزارەتی دارایی عێراق بنێرێت.

لەلایەکى دیکەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت و هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات.

بەگوێرەی کارنامەکە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران سێ تەوەرە تاوتوێدەکات، لە تەوەرەی یەکەمدا بەدواداچوون بۆ دواهەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی هەردوو مانگەکانی شەش و حەوت و کاری لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق و کوردستان دەکات.

لە تەوەرەی دوومیشدا، تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەڕیى کۆمیانیاى سۆمۆوە بەگوێرەى رێککەوتنی هاوبەشی هەولێر و بەغداد، هەروەها کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت راپۆرتی وەزارەتەکەی سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی دەخاتەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار