مەسرور بارزانى: گەلی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافەڕەواکانی نابێت

دوێنێ
سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، لەیادى 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان دەڵێت: گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە و هەرگیز دەستبەرداریان نابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی 42 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە: حکوومەتی فیدراڵ، پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتيی دەستووریی خۆی بەرانبەر بە قوربانیيانی جێنۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانيیانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێ بکات و چیتر مافەکانیان پشتگوێ نەخات.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییان:
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، يادی قوربانییانی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدوادا هات. لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بازرانی دادەنوێنین و هەمیشە بە ڕێز و شکۆوە یادیان دەکەینەوە.
لە درێژایی سەت ساڵی ڕابردوودا، دەڤەری بارزان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری دوژمنانی کوردستان و سووتان و کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بووەتەوە. بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردووانە، بەرگريیان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە.
وەک هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵ، پێویستە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریەتيی دەستووریی خۆی بەرانبەر بە قوربانیيانی جێنۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانيیانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێبەجێ بکات و چیتر مافەکانیان پشتگوێ نەخات.
خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە و هەرگیز دەستبەرداریان نابێت و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبێتەوە کە هەوڵی داگیرکاری و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدەن.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی جێنۆسایدی بارزانییەکان و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
