سى پى تى: مانگى حەوت تورکیا ١٨ جار هێرشی کردوەتە سەرهەرێم

17 كاتژمێر لەمەوپێش



بەپێى ئامارو بەدواداچونێکى تیمی هەرێمی کوردستانی رێکخراوی CPT ئەمریکى، هێرشەکانى تورکیا لە مانگی تەمووزدا، بە ڕێژەی %٩٧ بە بەراورد بە مانگی حوزەیران کەمیکردووە، ئەمەش کە زۆر دەمێکە کەمبوونەوە و گۆڕانکاری  لەو شێوەیە ڕووینەداوە.

هەر بەپێى ڕاپۆرتەکەى ڕێکخراوى سى پى تى: تاوەکو ئێستا سەربازانی تورکیا لەو ناوچانە نەکشاونەتەوە کە دەستیان بەسەردا گرتوون، بەڵکو بەردەوامن لە دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، ڕێگریکردن لە گوندنشینان بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر زێدی خۆیان.


دەقى ڕاپۆرتەکەى سى پى تى..

کەمبوونەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیا بە ڕێژەی %٩٧، لەگەڵ بەردەوامی پڕۆژەی چارەسەر ئاشتی و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ.

لەدوای زیاتر لە چوار مانگ لە دەربڕینی ئامادەیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەکە، لە ڕێکەوتی ١١ی تەمووزدا، (٣٠) چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، وەکو دەستپێکێک بۆ پڕۆسەی چەکدانان،  لە مەراسیمێکی سیمبوڵی ئاشکرادا چەکەکانیان سوتاند. ئەم بڕیارە لە دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی، ڕێبەری دەستگیرکراوی حزبەکە (ئۆجەلان) لە کۆتایی مانگی شوبات و دواتریش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایانە، لە ١ی ئاداردا لەلایەن پەکەکەوە هات. 

لەگەڵ بەڕێوەچوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی چەکدانان و بەرەوامی دانوستانەکانی ئاشتی و پیادەکردنی ڕێکارەکان، بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد. هێرشەکان لە مانگی تەمووزدا،  بە ڕێژەی %٩٧ بە بەراورد بە مانگی حوزەیران کەمیکردووە، ئەمەش کە زۆر دەمێکە کەمبوونەوە و گۆڕانکاری  لەو شێوەیە ڕووینەداوە. بەڵام، سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیەش، هێزەکانی سوپای تورکیا لە ٢٩ی تەمووزدا، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی نوێیان ڕاگەیاند و بەردەوامبوون لە چالاکییە سەربازییەکانیان کە بوونە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ جوڵە و هاتوچۆی هاوڵاتیان و هەروەها زیان گەیاندن بە ڕەزوباخ و زەوی کشتوکاڵی گوندنشینان.

لە نێوان ١ی تەمووز بۆ ٣١ی تەمووز، سوپای تورکیا  (١٨) بۆردوومان و هێرشی ئاسمانی بۆسەر هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامداوە.  کە ئەمە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو. زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بوون کە ژمارەیان (١٧) هێرش و بۆردوومان بووە.  (یەک) هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، لە قەزای پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویداوە کە ئەمەش تاکە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکییە بۆسەر هەرێمی کوردستان کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکەوە تۆمارکرابێت.

لە بەرواری ١٩ی تەمووزدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس)ی لە گوندی (شیوەگوێزان)ی سەر بە ناحیەی گەرمک، لە سنوری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی بە ئامانجگرت. لە هێرشەکەدا ئەندامێکی حیزبی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کوژرا و سەرنشینێکی تریش کە هەر ئەندامی ئەو حزبە بوو بە سەختی بریندارکرا. دوا بە دوای هێرشەکە، یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، کە باڵی سەربازی پژاکە، ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژی وڵاتی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە کە لەلایەن تیمی کوردستانی عێراقی (CPT)ەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرا، گووتیان کە جۆری ئۆتۆمبێلەکە ( تۆیۆتا هایلۆکس) بووە. 

دوو سەرنشینی چەکداری تیادا بووە. هەموو شایەتحاڵەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە خۆکوژ نەبووە و لە دوای بە ئامانج گرتنی ئۆتۆمبێلەکە، ماوەیەک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە، پاشان ناوچەکەی جێهێشتووە. هەروەها، هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕەتیان کردەوە کە هیچ پارچەیەکیان لە پاشماوەی درۆنەکە دۆزیبێتەوە، ئەمەش گومان دەخاتە سەر ئەو بانگەشەیەی کە فڕۆکەی بەکارهاتوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بووبێت. هەروەها، هیچ ڕووداو و هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرابێت لەسەرسنوورەکانی پارێزگای سلێمانی تۆمار نەکراوە. سوپای ئێران لەم ناوچە سنوورییانەدا تەنیا لە ڕیگەی تۆپبارانەوە هێرشی ئەنجامداوە. بۆیە گووتەی شایەتحاڵان و شیکارییەکان، گومانی ئەوەی کە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە ئەنجامدرابێت زیاتر دەکەن. هەروەها هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سوتانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەورووبەری ڕووداوەکە، کە نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاندووە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە تاوەکو بتوانن کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن و بیکوژێننەوە.

لە بەرواری ٢٢ی تەمووز، دانیشتوانی گوندی دەرگەلێ موسا بەگی، لە ناوچەی (کانی ماسێ)ی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا ئاوارەبوون، هەوڵیاندا بگەڕێنەوە بۆسەر ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵیەکانیان. بەڵام لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیا کە لە ناوچەکەدا هەن، ڕێگریان لێکرا و گوندنشینان نەیانتوانی بچنەوە سەر گوند و ماڵەکانی خۆیان. بەپێی گوتەی گوندنشینان، سەربازانی سوپای تورکیا ئاگریان لە دەورووبەری گوندەکە بەرداوە و پاشان ئاگرەکە بە خێرای تەشەنەی کردووە بۆناو گوندەکانی دەرگەلێ موسا بەگی، میسکا، باڤێ، شیلازە، بلیزانێ و قەسرۆک. بەهۆی ئاگرەکەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ئەو گوندانە کەوتووە و نزیکەی دوو ڕۆژی خایاندووە تاوەکو دانیشتوانی ناوچەکە توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە ڕۆژی ٢٩ی تەمووزدا، سوپای تورکیا بە بەشداری (٢٥٠) سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی نوێی بۆ ناو بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی باتیفا لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند. ئۆپەراسیۆنەکە گوندەکانی (شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەڤلەهێ و پیربیلا)ی بە ئامانج گرت. سوپاکە بارەگایەکی سەربازی نوێی لە سەر چیای (سیارا سطەورێ) دروستکرد. گوندنشینان پێیان ڕاگەیاندرابوو کە لەماڵەکانی خۆیان نەیەنە دەرەوە و هەموو هاتوچۆیەکیش بۆ ناو ئەو گوندانە قەدەغەکرا. لەدوای جێگیرکردنی بارەگا سەربازییەکە، سوپای تورکیا دەستی کرد بە هەڵمەتێکی کیوماڵکردن و پشکنین لە ناوچەکەدا بۆ دوو بریکاری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی تورکیا (میت) کە پێشترو لەساڵی ٢٠١٧ لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەستگیرکرابوون. یەکێک لەو بریکارانە، بە زیندووی گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا و بریکارەکەی تریش بە مردوویی، جەستەی گەڕێندراوەتەوە بۆ تورکیا. سەرباری تەواوکردنی هەڵمەتەکە، سوپاکە لە بارەگا سەربازییەکە نەکشاوەتەوە و سەربازەکان لە ناوچەکەدا جێگیرکراون. 

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، (١٦٩٦) هێرش و تۆپبارانی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق تۆمارکراوە. لەم ژمارەیە، (١٢٤٩) هێرشیان تۆپباران، (٣٩٨) هێرشیان ئاسمانی "فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان"، (٤٣) هێرشیان هەلیکۆپتەربوون. (پێنج) هێرشیان لە ڕێگەی تەقەکردن و (یەک) هێرشیش لە ڕێگەی تەقینەوە بووە. هەروەها لەو ژمارەیە، (١٥٠١) هێرش و تۆپباران بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک، (١٤٠) هێرش  لە سنوری پارێزگای هەولێڕ، (٥٥) هێرشیش بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی بوون. لەم ساڵدا، سوپای تورکیا هیچ هێرشێکی بۆسەر سنووری پارێزگای نەینەوا ئەنجامنەداوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، (٩) هاووڵاتی مەدەنی (٣ شەهید و ٦ بریندار) بوونەتە قوربانی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا.

بە شێوەیەکی گشتی، ئامار و داتاکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە بەرەوپێشەوەچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە مانگی تەمووزدا، کاریگەری تەواوی کردۆتە سەر کەمبوونەوەی ژمارەی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا. بەڵام، تاوەکو ئێستا سەربازانی تورکیا لەو ناوچانە نەکشاونەتەوە کە دەستیان بەسەردا گرتوون، بەڵکو بەردەوامن لە دروستکردنی بارەگای سەربازی نوێ، ڕێگریکردن لە گوندنشینان بۆ گەڕانەوەیان بۆسەر زێدی خۆیان و زیان گەیاندن بە بەرەوبووم و بژێوی ژیانی دانیشتووانی سەر سنوور.

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPT

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار