لە ٢٠٢٣ وە بۆ ٢٠٢٥، لە غەززەوە هەتا تاران

3 كاتژمێر لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
کاتێک لە ڕۆژی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرپابوو، جیهان پێشبینی درێژەکێشانی شەڕەکەی بەمجۆرەی ئێستا نەدەکرد، بەڵام هەر زوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەی بە گوێی جیهاندا دا، ئەم شەڕە گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لێدەکەوێتەوە.
هێرشەکەی قەتەر و زەنگە مەترسیدارەکە
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر کە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی کردە ئامانج، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل پلانی کۆتاییهێنانی بە بزووتنەوەی حەماس بەتەواوەتی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا، ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ قەتەر هەڵکرد، تا دەرگا بەڕووی بزووتنەوەی حەماس دا واڵا بکات و ڕێگەی پێبدات باڵی سیاسی و دیپلۆماسی لەو وڵاتە چالاک بێت.
پلانەکەی ئەمەریکا بۆ چالاکبوونی باڵی سیاسی و دیپلۆماسی حەماس لە قەتەر، تا لە کاتی پێویستدا لینکیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە هەبێت، وەکچۆن پێشتر هەمان دەرفەتی بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان لە قەتەر ڕەخساندبوو.
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر و هەڕەشەی گرتنەبەری هەمان هەنگاو لە تورکیاش، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی لەبارەی حەماسەوە داوە و چیتر هیچ وڵاتێک بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە ئەمان نییە.
هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو تورکیا دژی سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی داوە بۆ کۆتایی هێنان بە حەماس و چیتر هیچ وڵاتێک ئەمان نییە بۆ سەرکردەکانی ئەو بزووتنەوەیە.
ئیسرائیل کە وڵات بە وڵات بە دوای سەرکردەکانی حەماسەوەیە و پێشتریش زۆربەی سەرکردە سەربازیی و سیاسییەکانی لە غەززە کردووەتە ئامانج، ناشیەوێت بە ئاسانی هێرشەکانی بۆسەر غەززوە ڕابگرێت کە کارەساتی گەورەی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.
پلانەکانی ئیسرائیل بۆ داهاتووی غەززوە ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە هەمیشە غەززەی بەمەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی زانیووە، بۆیە دەیەوێت ئەم مەترسییە دووربخاتەوەو بزووتنەوەی حەماسیش کۆتایی پێبهێنێت.
ئامانجەکانی ئیسرائیل
هەرچەندە هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل شۆکهێنەربوو، توانا و سومعەی سەربازی ڕووشاند، بەڵام لە ئێستادا ئیسرائیل دەیەوێت ئاقاری شەڕەکە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بقۆزێتەوە.
لە هێرشی وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧، سەرەتا ئیسرائیلییەکان شپرزە بوون، بەڵام ئەنجامەکەی بە فراوانبوونی هەژموونی ئیسرائیل کۆتایی هات، بۆیە ئەو وڵاتە دەیەوێت مێژوو دووبارە بکاتەوە.
دوای هێرشەکەی ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بونیامین ناتەنیاهۆ ڕایگەیاند: "ئەم جەنگە دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
سەرباری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ قەتیسکردنی شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا، بەڵام هەست بەوە دەکرێت ئیسرائیل خواستی گەورەکردن و فراوانبوونی جەنگی هەیە و نایەوێت لێرەدا ڕابوەستێت.
لە شەڕی وەکالەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ
سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، شەڕ لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و لەگەڵ هێزە نزیکەکان لە ئێران بوو، بەڵام وردە وردە شەڕەکە فراوانبوو تا ئێرانیشی گرتەوە.
هەرچەندە ئێران هەوڵیدا نەچێتە شەڕی راستەوخۆوە و لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانییەوە ئەم شەڕە بکات، بەڵام دوای لاوازبوونی حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکان و ڕووخانی ئەسەد، دواجار پریشکی ئاگرەکە گەشتە ئێران.
لە مانگی ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣، جیهان چاوەڕوانی وتارەکەی حەسەن نەسروڵای سەرۆکی پێشووتری حیزبوڵای لوبنان بوون، بەوەی شەڕی فراوان دژی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت، بەڵام وتارەکە هەمووانی شۆککرد، کاتێک پاکانەی بۆ ئێران کرد.
ئێرانییەکان زوو درکیان بە مەترسی دۆخەکە کردبوو، وەفدەکانیان لە نێوان عێراق، سوریا، یەمەن و لوبناندا هاتووچۆیان دەکرد، رێنماییان دەدایە هێزە نزیکەکانیان، بەڵام ئەم هەوڵانە نەبوونە مایەی دوورخستنەوەی شەڕ لە خۆی.
دوای لاوازبوونی هێزە نزیکەکانی و ڕوودانی قۆناغی یەکەمی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دا، سەردەمی شەڕی بەوەکالەت بەسەرچوو، لە ئێستادا چاوەڕوانی هەڵگیرسانی قۆناغی دووەمی شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەکرێت.
لەنێو سەرجەم هێزە نزیکەکان لە ئێران، تەنها گروپە شیعەکانی عێراق بەسەلامەتی لەو دۆخە دەربازییان بووە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، بۆیە پرسیار ئەوەیە لە قۆناغی دووەمی شەڕدا، چارەنوسی ئەم هێزانە چی دەبێت؟
شەڕ و ئامانجە دژ بەیەکەکان
ئەگەر سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەزیان بۆسەر کۆمەڵێک گروپ و وڵات شکابێتەوە، ئەوا دۆخەکە بۆ روسیا جیاوازترە، بەو پێیەی کردنەوەی دەرگایەکی تری شەڕ فشارەکانی سەری لاوازکرد.
لەکاتێکدا روسیا لە ژێر فشارێکی قورسی نێودەوڵەتیدا بوو بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، بەڵام هەڵگیرسانی شەڕ لە غەززە فشارەکانی سەر ئەو وڵاتەی بە جۆرێک لاوازکرد و رۆژئاواییەکانی بەجۆرێک سەرقاڵکرد، ئێستا داوای ڕاگرتنی شەڕی لێدەکرێت.
لەکاتێکدا شەڕی غەززە بەلای بەرژەوەندی روسیادا شکایەوە، تورکیاش هەوڵیدا سود لەو شەڕە ببینێت بۆ فراوانبوونی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەداو بە ڕووخانی رژێمی ئەسەدیش ڕۆڵی لە سوریا پەیدا کرد، بەڵام خەریکە پێیدەخزێنرێتە نێو ئاڵۆزییەکانەوە.
هەرچەندە بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سوریا هەژموونی تورکیا بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵبوو، بەڵام هێشتا نەیتوانیووە خەونە گەورەکەی بەدی بهێنێت کە لاوازکردن و لە قاڵبدانی هێزەکانی سوریای دیموکراتە.
تورکیا دەیویست بە جۆرێک سود لە جەنگی غەززە وەربگرێت، پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەسەدە لاوازبکات و حکومەتی نوێی سوریا دژی ئەو هێزە کوردییە بەکاربهێنێت، بەڵام ئێستا خەریکە دۆخەکەی بەسەردا قەڵپ دەکرێتەوە.
پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا بۆ هەسەدە بەردەوامن، دەستبردنی حکومەتی سوریا بۆ هێزەکانی هەسەدە دەرفەتی دەستوەردانی زیاتر بە ئیسرائیل لە ناوخۆی سوریا دەدات، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە تورکیا زیاتر بووە، بۆیە هەموو ئەمانە مایەی نیگەرانین بۆ تورکیا.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئیسرائیل ئامانجی ستراتیژی هەیە لە فراوانکردنی شەڕ و دەستبەرداری ئەم ئامانجەی نابێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی بەسەر تەواوی ڕکابەرەکانیدا باڵادەست بێت، بۆیە لەمڕووەوە گوێ بە زیانی مرۆیی و ئابووری نادات.
