پەیوەندی کورد بە هێرشەکەی سەر قەتەر؛ ململانێی دابەشکردنی سوریا لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.!

2 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: مستەفا ئەلسەعید
وەرگێڕان: یادگار عەلی
پەیوەندی کورد بە هێرشەکەی سەر قەتەر .. ململانێی دابەشکردنی سوریا لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.!
ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەسەر پشکی هەردووکیان لە دابەشکردنی سوریا ناتوانرێت نادیدە بگیرێت. لەنێو ئەم ناکۆکیانەدا، دیارترینیان هەڵوێستە لەسەر کورد، چونکە تورکیا پێیوایە پێویستە هێزەکانی هەسەدەی کوردی لەناوببرێن، لەکاتێکدا ئیسرائیل و ئەمریکا پێیان وایە مانەوەی [هەسەدە] گرنگە، وەک ڕێڕەوێک بەناو باکووری سوریا و باکووری عێراقەوە تا دەگاتە ئازەربایجان، کە هاوپەیمانی هەردوو ئیسرائیل و تورکیایە. ئەمەش پڕۆژەی تورکیای گەورە لەگەڵ پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە پێکدادەدات.
ئیسرائیل پێیوایە تورکیا بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە، تورکیا دەیەوێت بە تەواوی سوریا داگیربکات، جگە لە قەراغێکی تەسک لە باشووری سوریا، هەروەها سستی نیشان دەدات لە گەمارۆدانی لوبنان و ناچارکردنی حزبوڵڵا بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی لە ڕێگەی هێرشێکی هاوبەشەوە بۆ سەر لوبنان لە باکوور و باشوور. تورکیا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی [هەسەدە] دادەنێت، وەک یەکەم هەنگاو، ئەمەش ئەمریکا و ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی نالەبارەوە، چونکە دەستبەرداربوون لە [هەسەدە] پێچەوانەی پلانەکانی ئیسرائیل و ڕێڕەوی داودە، کە بە پێویستی دەزانێت بۆ لەقاڵبدانی ئێران، لەکاتێکدا تورکیا بە مەرجێکی پێویستی دەزانێت بۆ دڵنیابوون لە کۆتاییهاتنی دۆسیەی کورد، کە جێگەی نیگەرانیگیەتی و بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت، چونکە گەورەترین ژمارەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا نیشتەجێن.
ئەم ناکۆکییە بووەتەهۆی پێکدادانی سەربازیی، ئیسرائیل چەندین بنکەی هێزەکانی تورکیای لە سوریا بۆردومان کردووە، نیگەرانی خۆی دەربارەی فراوانبوونی تورکیا لە دامەزراندنی بنکە سەربازییەکان لە سوریا، دووبارە ڕێکخستنەوەی سوپای سوریا بە چەکی تورکی و سەرکردایەتی تورکی و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی سەربازیی تورکی دەردەبڕێت.
ئیسرائیل متمانەی بە کەس نییە، هەرچەندە نزیک و هاوکار بێت، چونکە لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی دەترسێت، کە لە داهاتوودا هەڕەشەی لێبکات، ڕووداوی مێژوویی هەیە، وەک ڕووخاندنی شا، هاوپەیمانی ئیسرائیل لە ئێران، کە ئەمریکا و ئەوروپا یارمەتیان دابوو لە پڕۆژەی ئەتۆمی ئاشتییانەی خۆیدا. هەروەها حەماسیش هەیە، کە ئیسرائیل هیوای دەخواست ببێتە شوێنکەوتەی لە غەزە و ڕێکخراوە چەکدارە نەیارەکان لەناوببات، هەر بۆیەش دژایەتی پڕۆژەی ئەتۆمی سعودیە و دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئیماراتی کرد، لەوانە فڕۆکەی [F-35].
لێدانی پایتەختی قەتەر ئاڕاستەی قەتەر بە تەنها نییە، بەڵکوو هۆشدارییەکی ئاگرینە بۆ تورکیا و باقی وڵاتانی کەنداو، ئیسرائیل تەنها بە ملکەچبوون و ئاساییکردنەوە ڕازی نییە، بەڵکو شوێنکەوتووانی دەوێت، کە بەشداریی نەکەن لە پشکەکان و تەنها ڕاشکاوانەش، دەیەوێت قەوارەیەک، کە کەس نەیەتە ڕکابەری یان بەشداریی لەگەڵیدا بکات، هەرچەندە نزیک بێت لە ئیسرائیل یان گوێڕایەڵ بێت.
ئەمە بەشێکی گرنگە لە شیکردنەوەی ئەو لێدانەی، کە ئاڕاستەی قەتەر کرا، دەستکەوتی ستراتیژیی بەدەستناهێنێت ئەگەر بە جیا لە پلانەکانی ئیسرائیلی گەورە سەیر بکرێت. خۆی بە سەرکردایەتییەکی بێ وێنە و تاک لە ناوچەکە دەبینێت، بەڵکوو هاوبەشە لە فەرمانڕەوایی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، بانگەشە بۆ تیۆری ئەفسانەیی دەکات دەربارەی جەنگێکی ئایینی، کە لە ناوچەکەدا سەرکردایەتی دەکات بە پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کە ڕێگا خۆشدەکات بۆ گەڕانەوەی مەسیح و نزیکبوونەوەی کۆتایی جیهان، هەر بۆیەش ناتانیاهو وتی من تەنها سەرۆکی ئیسرائیل نیم، بەڵکو پەیامبەرم.
ئەمە گاڵتە یان هەڵەیەکی قسەیی نییە، بەڵکوو بانگەشەیەکە بە توندی لە ئەمریکا و ئەوروپا بڵاودەکرێتەوە، هەر بۆیەش هەندێک ئەوروپی هێزەکانی ڕوسیا بە سەربازانی مەسیحی دەجال ناودەبەن، بە تێکەڵکردنی سیاسیی و ئەفسانەیی ئایینی. ئەم گۆڕانکارییە فیکریانە لە گەشەکردنی ڕاستڕەوە ئایینییەکان لە ئیسرائیل یان کۆمەڵە مەسیحییە ئینجیلییەکان لە ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاوادا ڕێکەوت نین.
ئەم لایەنەم ویست ڕووناکی بخەمە سەر، پێموایە پاڵنەرێک پێکدەهێنێت، کە ناتوانرێت نادیدە بگیرێت لە لێدانی ئاڕاستەکراو بۆ قەتەر، کە پشتگیری پڕۆژەی تورکیا دەکات، سەرەڕای وابەستەبوونی قەتەر بە ئەمریکا و جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەی، کە پێی دەدرێت، بەڵام پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ تورکیای هاوبەش لە ڕووخاندنی سوریا هەیە، بەڵام خولیا و ئارەزووی سەربەخۆی هەیە لەوەی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا پلانی بۆ دادەنێت.
