قەیرانی مووچە لە هەرێمی کوردستان لە نێوان ڕێککەوتنەکان و ناکۆکییە بەردەوامەکان

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردن: هاوڵاتی
هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەست قەیرانێکی درێژماوەی مووچەوە دەناڵێنێت. ئەم کێشەیە لە بەرئەنجامی ڕێکنەکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی دروستبووە. بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک:
زیاتر لە دە ساڵە ناکۆکی لەسەر داهاتی نەوت و تەرخانکردنی بودجە و دەسەڵاتی سیاسی وایکردووە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە مامۆستایان، فەرمانبەران، پزیشکان، کرێکارانەوە تا دەگات بە هێزە ئەمنییەکان، لە قەیرانی دواکەوتنی بەردەوامی مووچەکانیان یان فەوتان یان لێبڕینی بەشێکی مووچەکانیاندا بن . ئەم پرسە نەک هەر کاریگەری لەسەر توێژی فەرمانبەران و خانەنشینان هەبووە و باری دارایی ئەوانی لاواز کردووە بەڵکو کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیان بە گشتی لە کۆمەڵگاکەدا و جووڵەی بازاڕ و ئابووریی و ئاستی داهاتی تاکەکەس هەبووە و هەروەها بێمتمانەیی نێوان هەردوو حکومەتەکەی قووڵتر کردووەتەوە.
لە ناوەندی قەیرانەکەدا، ناکۆکییە درێژخایەنەکەی نێوان هەرێم و ناوەند هەیە لەسەر دابەشکردنی داهات. بەغدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەناردەکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی خۆی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی عێراق بکاتەوە، لەکاتێکدا هەولێر دەڵێت زۆرجار بەغدا تەرخانکردنی دارایی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاردەهێنێت.
لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ هەردوولا هەوڵیاندا ڕێککەوتنێک بە فەرمی بکەن کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حکومەتی هەرێم بڕێکی دیاریکراوی نەوت و پشکی داهاتی ناوخۆیی و گومرگی ڕادەست بکات، لە بەرامبەردا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات. هەرچەندە پێشکەوتنەکان لەسەر کاغەز بەدەست هاتن، بەڵام لە ئاستی جێبەجێکردندا هەموو شتێک گەڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتا.
داواکارییەکانی لایەنی کوردستانیش بە ڕوونی ماونەتەوە: حکومەتی هەرێم دەیەوێت تەرخانکردنی بودجەی هەرێم و مووچەی هاوڵاتییانی، گەرەنتیی هەبێت لە کاتی خۆیدا بێت لە حکومەتی فیدراڵیەوە بەبێ ئەوەی هەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی و تێکدانی ئۆتۆنۆمییەکەی. بەرپرسانی هەولێر جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکرێت موچەی فەرمانبەران بودجەی هەرێم بەکارببرێن لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و ناوەنددا.
دەسەڵاتدارانی هەرێم داوای میکانیزمێک دەکەن کە مووچەی مانگانە وەک مافێکی دەستووریی مسۆگەر بکات. بەڵام بەغدا پێداگری لەسه ڕ شەفافیه ت و وردبینی لە داهاتەکانی حکومەتی هەڕێم دەکات و ئاماژه به بێمتمانەیی ساڵانێک دەکات و هەروەها تۆمه تبارکردنی هەرێم بە خراپ بەڕێوەبردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و هەروەها بەشێک لەو بودجەیەش کە لە ساڵانی ڕابردوو لە بەغداوە نێردراوە.
گرفتەکان تەنها تەکنیکی نین بەڵکو سیاسیشن. زۆرجار ناکۆکییەکان بەستراونەتەوە بە ململانێی دەسەڵاتی فراوانترەوە لە نێوان لایەنە کوردییەکان و دەسەڵاتدارانی بەغدا. گۆڕانکاری لە بازاڕەکانی نەوت و فشارە داراییە فراوانەکانی عێراق قەیرانەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات. بەڵام بۆ هاووڵاتیانی کوردستان، ئەم ناکۆکیی و یەکتر تۆمەتبارکردنانە بە مشتومڕێکی بێزەنتی دەچن کە هیچ لە گرفتی بژێویی و دارایی ئەوان کەمناکاتەوە و هەر وەکو خۆیەتی. بۆ هاوڵاتییانی کوردستان له کۆتایی هەر مانگێکدا نادڵنیایی لە مووچە وەرگرتن و دواکەوتنی بەردەوام، بەرۆکیان دەگرێت و لە ململانێدان بۆ دابینکردنی کرێی خانوو و خواردن و و سووتەمەنیی و پێداویستییە ڕۆژانەییەکانیان.
چاودێران دەڵێن، تا هەردوولا کێشەی مووچە و بودجەی هەرێم لە ناکۆکییە سیاسییەکان جیا نەکەنەوە، ئەوا قەیرانەکە بەردەوام دەبێت لە سەرهەڵدانەوەی بەردەوام سەرباری ڕێککەوتنەکانیش.
چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام، پێویستی بە هەڵوێستی ڕوون و یەکلاکەرەوە و شەفافییەت لە داهات و وردبینی بەردەوام هەیە و هەروەها توانای لەیەکتر نزیکبوونەوە و لەیەکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ڕاستەقینە و بنەمادار، هەروەها هەردوولا پابەندبوونی هەردوو لایەن بە ڕێککەوتنەکەوە بە تەواوی ووردەکارییەکانیەوە.
ئایا تۆ وەکو هاونیشتمانییەک کە قەیرانەکە کاریگەری هەبووە بەسەر ژیانتەوە، بۆچوونت چییە لەبارەی ڕێککەوتن و ناکۆکییەکانی هەرێم و ناوەند؟ بفەرموو بۆ کۆمێنت.

