کۆماری کوردستان، ڕۆشنایی و هیوای گەلێک

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردن: هاوڵاتی

کوردەکان لە مێژووی هاوچەرخ و نوێدا، گەورەترین نەتەوەی جیهانن کە هەتا ئێستا بەبێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دانپێدانراوی نێودەوڵەتی ماونەتەوە. سەدەی بیست، سەدەی خەباتی سیاسیی و چەکداریی کورد بووە لەپێناوی ئەو مافەدا، مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. لەو پێناوەدا گەلێک شۆڕش و ڕاپەڕینیان ئەنجام داوە لە هەر کونج و قوژبنێکی نیشتمانەکەیان، کوردستان. 

لە گوندێکی بچووک و دوورەدەستەوە تا دەگات بە شارە گەورەکان و تەنانەت لە دەرەوەی نیشتمانی خۆیان کە بەشێک لە کوردەکان بە هۆکاری جیاواز، پەڕاگەندە بوون بە مەملەکەتان و وڵاتانی دنیادا، لەو پێناوەدا تێکۆشاون. 

لە سەدەی بیستدا چەندین ئەزموونی دەسەڵاتدارێتیی و دەوڵەتداریی لە شانشینیی و کۆمارییەوە لەلایەن کوردەکانەوە لە ناوچە و بەشە جیاجیاکانی کوردستان دامەزرێنراون. 
لە دوای ئەزموونەکانی، هەر یەک لە شانشینی کوردستان لە شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٢١ و هەروەها کۆماری ئارارات لە شاری ئاگری لە ساڵی ١٩٢٧، کۆماری کوردستان کە بە کۆماری مهابادیش ناودەبرێت لە شاری مهاباد، یەکێک لەو ئەزموونە گرنگ و درەوشاوانەیە. 

بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرێک: 
دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦، لە ڕەهەندی مێژوویی و سیاسییدا، یەکێک لە گەورەترین پەیامەکانی مێژووی کوردان بوو. ئەو سەرهەڵدانە لە ماوەیەکی کەم ڕووی دا، بەڵام بۆ هەموو کوردستان و جیهان متمانەیەکی گەورە و کرێدیتێکی بەرزی بەخشی بە بابەتی مافی چارەی خۆنووسین و خودبڕیاریی بۆ نەتەوەی کورد لە هەر بەشێک و پارچەیەکی نیشتمانەکەی. 

زەمینەی دامەزراندنی کۆمارەکە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دروست بوو، کاتێک کاریگەرییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا تێکەڵ بوون. 
سەرباری هەلومەرجی سیاسیی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی، ناڕەزایەتیی کوردەکان لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران هۆکاری دامەزراندنی کۆمار بوون. هەروەها هۆکارێکی دیکەی بنەڕەتی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی سەرهەڵدان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان بریتی بوو لە مێژووی سیاسیی و باکگراوندی حزبی و ڕێکخراوەیی ڕێبەرانی کۆمار کە لە حزبی دیموکراتی کوردستان کە ساڵێک لەوەپێش واتا لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزرابوو کە ئەویش ڕیشە و پێشینەی لە کۆمەڵەی ژێ کاف واتا کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتبوو. 

لە کەسایەتییە گرنگەکانی دامەزرێنەرانی کۆمار، پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆکی کۆمار و سەرکردەیەکی متمانەپێکراوی نیشتمانخواز، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو. هاوبەشانی دیکەی گرنگ و کاریگەر هاوشان و پاڵپشت بۆ پێشەوا لە دامەزراندنی کۆماردا، کەسایەتییە نیشتمانخوازەکانی وەک سەید رەحیم، حەسەن قازی و چەندانی دیکە بەشدار بوون کە هەر یەکەیان لە بوار و لایەنێکەوە کاریگەریی خۆیان هەبوو. 

یەکەم ڕێکەوتی دامەزراندن بە شێوەی بەیاننامەی "دامەزراندنی کۆماری کوردستان" لە ٢٢ی کانونی دووەمی ١٩٤٦ لە مەیدانی چوارچرا لە مهاباد خوێندرایەوە. 
کۆبوونەوەی جەماوەرێکی زۆر و بەشداریکردنی خەڵک لەو ڕۆژەدا لە مەیدانی چوارچرا، نیشانەیەکی بەرچاو بوو لە یەکگرتوویی خەڵک و هەستی کوردانە و نیشتمانخوازانەی ئەوان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. ئەو ڕۆژە وەک مێژوویەکی نیشتمانخوازانە و شانازیی بۆ کوردان تۆمار کرا.

کۆماری کوردستان بەشێوەیەکی سەرەکیی، ناوچەی موکریانی دەگرتەوە و پایتەختەکەی شاری مەھاباد بوو. بێجگە لە مەھاباد، شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێک لە کۆماری کوردستان بوون.

پەیوەندیی کۆماری کوردستان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان، بە مەبەستی پشتگیری سیاسی و لوجستیکی، هەنگاوی سەرەتای هەوڵی سیاسیی و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بوو بۆ جێگیرکردنی دامەزراندنەکە. 

دەوڵەتی ئێران هەوڵی زۆریدا شکست بە هەوڵە سیاسیی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری کوردستان بهینێت و کۆمارەکە تێک بدات.
کۆمارەکە لە چەندین وەزارەت پێکهاتبوو وەک وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی بەرگریی و چەندین وەزارەتی دیکە. 

بەشێکی زۆر لە خەڵکی زانا و خوێندەوار و کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرەکانی کوردستانی باشوور بەشداربوون لە کۆماری کوردستاندا. لەوانەش ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کە سوپایەکی گەورەی لەگەڵ خۆی لە کوردستانی باشوورەوە بردبوو و دواتر بوو بە سەرکردەی بەشێکی گەورە لە سوپای کۆماری کوردستان.

بەداخەوە، تەمەنی ئەم کۆمارەی کە ئومێدی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو، نەگەیشتە ساڵێکی تەواو و بە چەندین هۆکاری جیا جیا ئەو تروسکەیەی هیوای کوردانیش بەرەو خامۆشیی ڕۆیشت.

هۆکارەکانی ڕووخانی کۆمار زۆر بوون: لەلایەک، فشاری ئێران و پشت تێکردنی سۆڤییەت لە کۆمار و نەبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتیی لە هۆکارە بەرچاوەکان بوون.
ڕووخانی کۆماری کوردستان بە هێرشی سەربازیی لەلایەن سوپای دەوڵەتی ئێرانەوە بوو، کە لە ١٥ ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ کۆتایی بە کۆماری کوردستان هێنرا. قازی محەممەد و هاوەڵانی لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لە ١٥ ی ئازاری ١٩٤٧ لە سێدارە دران، کە تەواوی کوردان لە تەواوی کوردستان بەڕۆژێکی شووم و سەختیان هەژمار کرد و بە حەسرەت و غەمبار بوون. 

 بەڵام کاروانی خەبات و ڕێگای بەرەو ماف و ئامانجەکانی گەلی کوردستان هەر بەردەوام و پڕ خەباتکارانی سەربەرز و شۆڕشگێڕانی دڵ پڕ لە شکۆمەندیی و ئازادیی بووە و هەروا بەردەوامیی هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار