کۆجۆ و برینێكی 11 ساڵه‌؛ دۆخی دەروونی ڕێگره‌ لەبەردەم گەڕانەوەی دانیشتوانی

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە: میدیای پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شەنگال، هێشتا گوندەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و دانیشتوانەکەی نەگەڕاونەتەوە، کەسایەتییەکی گوندەکەش دەڵێت دۆخی دەروونی و خاپووور بونی گوندەکە ڕێگرە لە گەڕانەوەیان.

گوندە کۆمەڵکوژ کراوەکە

دانیشتوانی ئێزدی لە گوندی کۆجۆ لە قەزای شەنگال، پشکی شێری کردەوەکانی داعشیان بەرکەوت، کاتێک چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لە ڕۆژی 3ـى مانگی 8ـى 2014، هێرشیانکردە سەر گوندەکە، سەدان کوڕی گەنج و پیاویان کۆمەڵکوژ کرد، سەدان منداڵیشیان لە دایکیا جیاکردەوەو سەدان کچیشیان ڕفاند.

شێخ نایف جاسۆ، کەسایەتی گوندی کۆجۆ، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: 512 کەسی دانیشتووی گوندی کۆجۆ لە هێرشی چەکدارانی داعش دا شەهید بوون.
وتیشی: ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی گوندەکە لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، بەشێکیان ئازادکراون، بەڵام هێشتا بەشێکی تریان چارەنوسیان نادیارە.

له‌كۆمه‌ڵكوژییه‌وه‌ بۆ ئاوارەیی
دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر هێرشەکانی داعش دا بۆ سەر گوندی کۆجۆ، هێشتا دانیشتوانی گوندەکە نەگەڕاونەتەوە و لە ئاوارەییدا دەژین، گەڕانەوەشیان بۆ زێدی خۆیان بە ئەستەم دەزانن.

بەپێی داتا فەرمییەکان، پێش هێرشی داعش 744 کەس لە چوارچێوەی 225 خێزان دا لە گوندی کۆجۆ ژیاون، بەڵام ئێستا گوندەکە چۆڵە و هیچ خێزانێکی تێدا نییە، بەشی زۆری دانیشتوانەکەی لە شەنگال و ناوچەکانی ترن، بەشێکیشیان کۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق کردووە.

شێخ نایف جاسۆ، کەسایەتی ئێزدی گوندەکە، وتی: گوندی کۆجۆ خاپور بووە و دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ نەکراوە، هەروەها دانیشتوانەکەشی لە ڕووی دەروونییەوە ناتوانن بگەڕێنەوەو نایانەوێت برینەکانیان بکولێتەوە.

شایەتحاڵی تاوانێکی مێژوویی
لەچەند ساڵی ڕابردوودا، نادیە موراد براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، دەستپێشخەرییەکی بۆ دروستکردنی گوندێکی نوێ بەدووری 4 کم لەگوندی کۆجۆ خستەڕوو، ئەوەش لە پێناو مانەوەی شوێنەواری هێرشی داعش وەکخۆی.

سەرباری دەستپێشخەرییەکەی نادییە موراد، بەڵام هێشتا گوندە نوێیەکە دروست نەکراوەو گوندی کۆجۆش کە شوێن دەستی داعشی هێشتا پێوە دیارە بە خاپوور کراوی لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە جێهێڵراوە.

یەکێک لەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە دەست درێژی کراوتە سەر، ئاماژەبەوەدەکات ئەگەر گوندەکەشیان دروست بکرێتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە چاویان بەرایی نادات لە ماڵێکدا بژین کە 19 کەسی تێدابووەو سەرجەمیان کوژراون.

حەکیمە تەها، کە ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە و لە مانگی حەوتی ساڵی 2023 سەردانی گوندی کۆجۆی کردووە، به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ دەڵێت: "ناتوانین لە کۆجۆ بژین."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار