بومەلەرزەیەکی سیاسیی و دیبلۆماسی لە جیهاندا؛ سەرلەنوێ پەیوەندییەکان و نەخشەکان دادەڕێژێتەوە

دوێنێ
نووسین: مەحمود عەللام
وەرگێڕان: یادگار عەلی
فەرەنسا ماوەیەکی کەم پێش ئێستا بە فەرمی دەوڵەتی فەلەستینی ناسی، دوێنێش بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و پورتوگالیش بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا، کە هەنگاوێک بوو دوو ساڵ لەمەوبەر نزیک بوو لە مەحاڵ.!
لە هەمان کاتدا، لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل لەجیاتی پاشەکشێ بکات و هەوڵبدات دۆخە ئەوروپییەکە کۆنتڕۆڵ بکات و سیاسەتەکانی بگۆڕێت بۆ گونجاندن لەگەڵیدا، بە تەواوی پێچەوانەی ئەوەی کرد، ڕایگەیاند: [هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی بوونی نابێت]، ئێستا پلانی هەیە وەڵامی هەڵوێستە مێژووییەکەی ئەوروپا بداتەوە بە ڕاگەیاندنی سەروەری تەواوی خۆی بەسەر کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە.!
هەر ئەوەندەش نییە .. ئەوان لە ئێستادا لە پرۆسەی پاڵنانی فەلەستینییەکانن بەرەو ناوچەی مواسی لەسەر سنووری میسر، بە ڕەزامەندی ئەمریکا لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆی، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاوارەکردن و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میسر..
ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی [48] کاتژمێری ڕابردوودا ڕوویانداوە، ڕووداوەکان بەرەو کوێ دەڕۆن و پەیوەندی نێوانیان چییە؟
یەکەم: دانپێدانانی بەریتانیا بە تایبەتی بە دەوڵەتی فەلەستین، کە دوێنێ ڕوویدا، هێمایەکی قورسی هەیە..
بۆچیی؟!
چونکە ئەمە هەمان ئەو وڵاتەیە، کە لە ساڵی [1917]دا بەڵێنی باڵفۆری دەرکرد، کە بناغەی دروستبوونی ئیسرائیلی دانا، پاڵپشتی کۆچی زایۆنیستی بۆ خاکەکانی فەلەستین کرد، کە بووە هۆی داگیرکردنی تەواوی خاکەکە و کارەساتی ساڵی [1948]..
جا کاتێک ئەم وڵاتە ئەمڕۆ دوای نزیکەی [100] ساڵ دێت و دەڵێت، کە دانی بە فەلەستیندا ناوە، ئەوا ئەمە تەنها هەواڵێکی ئاسایی نییە.. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە، کە ئەوروپا بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ خۆی لە باڵادەستی ئەمریکا ڕزگار دەکات، ئێستا هەوڵدەدات ڕۆڵێکی سەربەخۆ بۆ خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنیات بنێت، دوور لە سیاسەتی ئەمریکا..
جگە لەوەش، دانپێدانانی فەرەنسا لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەکی کەم پێش ئێستا، کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری دیپلۆماسی میسر، فشارێکی گەورە و ئاستەنگێکی گەورەی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دروستکرد، بە ئەگەری زۆرەوە زۆربەی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپا دانی پێدا دەنێن لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، ئەمەش لە کاردانەوەی ڕاگەیاندنەکاندا لە ئێستادا ڕوونە، کە بەشێکی زۆری درەوشانەوە و کاریگەریی سیاسی فەرەنسای گەڕاندەوە لەبەردەم ڕایگشتی جیهاندا، جەختی لە زیادبوونی کاریگەریەکەی، وەک سەرکردەیەکی ئێستای تەواوی بلۆکە ئەوروپییەکە کردەوە..
باشە پرسیارێک.. بۆچیی ئەوروپا ئێستا وایکرد؟
هۆکارەکە ئەوەیە، کە ئەمریکا لە ژێر ئیدارەی ترەمپدا هەڵوێستە مێژووییەکانی خۆی لەگەڵ ئەوروپا گۆڕیوە، ئێستا بە تەواوی سەرقاڵی ئەولەویەتەکانی ترە .. هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی چین لە پرسی بازرگانیدا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی، کە لە زیادبووندایە، لەگەڵ ئەمەشدا دڵنیابوون لە ئاسایشی کۆلۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خۆی، کە ناوی ئیسرائیلە بە هەر نرخێک بێت..
تەنانەت ئەگەر ئەو نرخەش دەستبەرداربوون بێت لە ئەوروپا و ئۆکرانیا و بەجێهێشتنیان بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوسیا بە تەنها، کە لە ئێستاوە دەستی بە فراوانبوون و دڕندەیی کردووە، بە شێوەیەک هەڕەشەیان لێدەکات، کە پێشتر لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا ڕووینەداوە..
لە ئەنجامدا، ئەوروپا لە ناکاو خۆی بینییەوە لە نێوان فشاری شەقامەکاندا، کە ڕۆژانە کۆمەڵکوژییەکانی غەزە لە تەلەڤزیۆنەکاندا دەبینن، لە نێوان حکومەتێکی ئەمریکیدا، کە تەنانەت ئاگربەستیش ڕەتدەکاتەوە، تەنانەت لە ڕووی سیاسیی و سەربازیشەوە لەگەڵیاندا نییە، وەک جاران، بە تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسەکاندا بەجێیهێشتوون.. هەر بۆیە ئەم هەنگاوەیان، وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا، وەک جۆرێک لە هەوڵدان بۆ لێکجیاکردنەوەی خۆیان لە ئاراستەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرتەبەر.
دووەم: ئەوەی ڕوویدا، لە ڕاستیدا، هەرچەندە ڕووداوێکی مێژوویی و زۆر گەورەیە لە هێما و واتایدا، دەرفەتی نوێ بۆ فەلەستینییەکان لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا دەڕەخسێنێت، بەڵام لەسەر زەوی بووە هۆی ئەنجامێکی پێچەوانەی زۆر مەترسیدار.
ئیسرائیل لەجیاتی ئەوەی هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوە بنێت لەبەردەم فشاری نێودەوڵەتیدا، ڕایگەیاند، کە هەوڵدەدات کەناراوەکانی ڕۆژئاوا بخاتە سەر خۆی و کۆنترۆڵی تەواوی بەسەردا بسەپێنێت و بە تەواوی داگیری بکات، وەک جۆرێک لە [سزای ئەوروپا] لەسەر دانپێدانانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا، بۆ ئەوەی ڕێگا لە حەماس یان دەسەڵاتی فەلەستین بگرن لە دامەزراندنی دەوڵەتێک.!
ئەمەش تەنها قسە نییە.. بەداخەوە پەرەسەندنەکان لەگەڵ هەر خولەکێکدا زیاد دەکەن، حکومەتی ئیسرائیل هەنگاوی کردەیی ناوە، لەوانەش پڕۆژەی [E1]، کە نزیکەی [88%]ی خاکەکانی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دەخاتە ژێر کاریگەریی ئیسرائیلەوە، لە ئێستاوە پەسەند کراوە، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕاپۆرتەکان لە ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکاندا دەرکەوتن، کە دەڵێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا [بە دەسەڵاتی تەواو لە ترەمپەوە] ڕەزامەندی پێداون بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکانی ئەوروپا..
باشە بۆچیی؟!
چونکە ئەوان پێیانوایە دانپێدانانی ئەوروپا بە فەلەستین واتای ئەوەیە، کە فەلەستین، وەک دەوڵەتێک بوونێکی فەرمی و کاریگەرتر دەبێت لە چاوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، ئەمەش دەکرێت هەڕەشە لە بوونی خۆیان و شەرعیەتی دەوڵەتەکەیان بکات.. هەربۆیە دەیانەوێت هەر ئەگەرێک بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەناوببەن لە ڕێگەی لەناوبردنی دەسەڵاتی شەرعی فەلەستینەوە بە لکاندنی خاکەکانی کەناراوەکان..
لەسەرووی هەموو ئەمەشەوە، پڕۆژەی سەرەکی لە چاوی ئەواندا فراوانکردنی سنوورەکانی ئیسرائیلی گەورەیە، کە ئێستا بە پاڵپشتی تەواو لە ئەمریکاوە هەوڵی بۆ دەدەن.. خودا دەزانێت چییان لە فەرمانڕەواکانی ئەمریکا گرتووە، تا ئەو ڕادەیەی، کە وای لێکردووە دەستبەرداری هەموو بەرژەوەندییەکانی لە جیهاندا بێت، بەدوایاندا بڕوات و لە هەموو شتێکدا پاڵپشتییان بکات، تەنانەت بە مافی ڤیتۆش، لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.. [بە ئەگەری زۆرەوە دۆسیەکانی ئێپشتاین پەیوەندییەکی گەورەیان بە بابەتەکەوە هەیە]..
بابەتەکە گەیشتووەتە ئەوەی، کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵێکی سەیر دەرکەوت، کە دەڵێت ئەمریکا پاکێجێکی یارمەتی سەربازی و چەک، کە بڕیار بوو بۆ تایوان بڕوات بە بڕی نیو ملیار دۆلار، ڕاگرتووە، پێش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی، کە لە نێوان ترەمپ و سەرۆکی چین شی جین پینگدا ڕوویدا..
لە ئێستادا، شیکەرانی سیاسیی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەڵێن، کە بە نزیکەیی نهێنی بڕیاری سڕکردنی کتوپڕی یارمەتییەکان بۆ تایوان، ئەوەیە، کە ئەمریکا ئێستا تەنانەت بە کارتی تایوانیشەوە دانوستان دەکات، لە بەرامبەر ئەوەی، کە بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ چین، کە فشارە بازرگانی و ئابوورییەکانی چین لەسەری کەمێک کەمبکاتەوە، لە بەرامبەر ئەوەی، کە زیاتر لەگەڵ ئیسرائیلدا تەرکیز بکات.!
واتا ئەمریکا دوای ئەوەی دەستبەرداری ئەوروپا بوو و بۆ ڕووسیای بەجێهێشت، تەنانەت لەگەڵ چینیشدا یارییەکەی هێور دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لەگەڵ ئیسرائیلدا تەرکیز بکات..
پوختەی باسەکە ئەوەیە، کە ئیسرائیل ئێستا شەپۆلی دانپێدانانە ئەوروپییەکان، وەک بیانوویەکی ناوخۆیی بەکاردەهێنێت بۆ لکاندنی تەواوی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا، بە ڕەزامەندی تەواو لە ئەمریکاوە.. هێشتا لە هەنگاوەکانی خۆیدا بەردەوامە لەسەر ڕێگەی ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە بەرەو سنوورەکانی میسر، کە لە ئێستادا گەورەترین ئاستەنگی ئەمنییە بۆ میسر لە مێژووی نوێیدا.. بەهۆی ئەمەوە میسر گەورەترین ژمارەی هێز و سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەسەر سنوورەکان کۆدەکاتەوە لە دوای جەنگی تشرینی یەکەمەوە..
دواجار، پرسیار ئەوەیە چیی ڕوودەدات دوای ئەم هەنگاوانە؟ کاردانەوەی ناتانیاهۆ لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە چیی دەبێت، کە گوتی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا دەستی پێدەکات؟!
لە ڕۆژانی داهاتوو هەنگاوەکانی سەرەتای ئەو ڕووداو و گۆڕانکارییانە دەردەکەون.

