حزبی دەعوە؛ لە محەمەد باقر سەدرەوە تا نوری مالکی

10 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچتوە: ماڵپەرى پەنجەرە

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، حزبی دەعوەی ئیسلامی بەهۆی پشتگیری کردنی لەلایەن ئێرانەوە، بووە هێزی سەرەکی حوکمڕانی عێراق و زۆربەی کات پۆستی سەرۆکوەزیرانی لابووە.

لە ساڵی 2005ەوە تا ساڵی 2018، پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لای حزبی دەعوە بوو، ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالکی و حەیدەر عەبادی کاتێک دەسەڵاتیان گرتە دەست سەربەم حزبە بوون، هەرچەندە دواتر جگە لە مالکی ئەوانیتر جیابوونەوە.

لەدایکبوونی حزبی دەعوە

حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ساڵی 1957 لە شاری کەربەلاو لەسەر دەستی هەشت کەس ڕاگەیەنرا، دیارترین ئەو کەسانە محەمەد باقر سەدربوو. حزبی دەعوە سەرەتا هەڵگری بیرێكی پان ـ عێڕاقی و نێونەتەوەیی ئیسلامیی بوە، دەستەی دامەزرێنەرەكەی پیاوانی ئاینیی و چالاكانی سیاسیی بون. 

چەند کەسایەتییەکی لوبنانی و بەحرەینی و پاکستانی لەنێو ئەندام و دامەزرێنە سەرەتاییەکانی حزبی دەعوەدا بوون، کە دوای گفتووگۆ و ئامادەکارییەکی زۆر پاشان دامەزراندنی ڕاگەیەنرا.

حزبی دەعوە کۆنترین حزبی سیاسی شیعەی عێراقەو بەدایکی زۆربەی حزبە شیعەکانی تر دادەنرێت، بەو پێیەی بەشێکی زۆر لەو حزبانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدان لەم حزبە جیابوونەتەوە.

بەپێی قسەی دامەزرێنەرانی، حزبی دەعوە وەکو پەرچەکرداری بیری چەپ و لەکاتێکدا دامەزرێنەراوە کە حزبی شیوعی چالاک بووە لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی عێراق.

هەرچەندە ئامانجی حزبی دەعوە بریتی بوە لە ؛"ڕەخسانی واقیعی ئیسلامی و جێبەجێکردنی شەریعەت"، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 بۆ یەکەمجار زاراوەی دیموکراسی بووە بەشێک لە ئەدەبیاتی ئەم حزبە، ئەمەش وەکو جۆرێک لە تاکتیک بۆ خۆگونجاون لەگەڵ ڕۆژئاوا گێڕدرایەوە.

حزبی دەعوە و ئێران

هەرچەندە حزبی دەعوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ویلایەتی فەقیهو زاڵبوونی دیدگای عەرەبی بەسەریدا، بەلای ئێرانییەکانەوە زۆر قەبوڵکراو نەبووە، بەڵام هەمیشە ئەو حزبە وەکو کارتێکی گوشار دژی بەعس بەکارهێنراوە.

باڵی سەربازی و سیاسی حزبی دەعوە لە ئێران و سوریا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جم و جۆڵیان هەبووە، لەلایەن بەعسیشەوە تۆمەتبار دەکرا بە هەوڵدان بۆ کوشتنی سەدام حسێن لە ساڵی 1982 و 1987 لە دوجەیل و موسڵ. 

حزبی دەعوە هەمیشە شانازی بە مێژووە دوور و درێژەکەیەوە دەکات و بڕیاری ژمارە 461 ی مەجلیسی قیادە سەورەی بەعس بۆ لەسێدارەدانی ئەندامەکانی، وەکو دەستکەوت و شانازی بە بیری عێراقییەکان دەهێنێتەوە.

شانازیش بەوەوە دەكات لە مێژوی خۆیدا هەرگیز لەگەڵ رژێمی بەعس نەچوەتە ناو هیچ پڕۆسەیەكی گفتوگۆ و دانوستان، بە پێچەوانەی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كورد و حیزبی شیوعییەوە كە هاوتەمەنی ئەم حیزبەن.

حزبی دەعوە لە سەردەمی مالکی دا
تا پێش گرتنە دەستی ئەمیندارێتی حزبی دەعوە لەلایەن نوری مالکییەوە، حزبەکە بەشێوەی سەرکردایەتی بە کۆمەڵ بەڕێوە دەبرا، بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵاتی حزبەکە کەوتە دەست مالکی لەساڵی 2007 و ئیبراهیم جەعفەری جیابوویەوە، دۆخەکە گۆڕا.

مالکی سەركردایەتیی حزبی لە كاری دەستەجەمعییەوە گۆڕی بۆ جۆرێك لە تاكڕەوی و سەردەمی دەسەڵاتی ئەم حیزبەی وەها لێكرد كە خودی خۆی تێیدا سەنتەر بێت و ئەحمەدی كوڕی و زاوا و ئامۆزاكان و راوێژكارە تایبەتەكانی كە هەندێكیان لە دەعوەدا هیچ نەبون، بازنەی یەكەمی بڕیار بن لە عێڕاق دا.

حزبی دەعوەو باڵ باڵێن

لە ساڵی 2014 بەهۆی ناکۆکی نێوان مالکی و عەبادییەوە، حزبی دەعوە کەوتە بەردەم ئەگەری لێکترازان، بەو پێیەی عەبادی کە ئەوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکە بوو، پێشنیارەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران قەبوڵ کرد. 

مالکی نیگەران بوو لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، دواجار ناکۆکییەکە گەیشتە ئاستێک عەبادی جیابوویەوەو هاوپەیمانێتی نەسری ڕاگەیاند.
ئەوکات جم و جۆڵێکی فراوان لە نێو حزبی دەعوە بۆ لابردنی مالکی دروستبوو، بە بیانووی ئەوەی حزبەکە لەسەر دەستی ناوبراو لەڕووی جەماوەرییەوە داڕووخاوە، بەڵام هەوڵەکان شکستیان هێنا.

ئەوکات عەلی لامی سەركردە لە حزبی دەعوە، ڕایگەیاند: جموجۆڵی خێرا هەیە لە نێوان سەركردەكان و كەسایەتییەكانی نێو حزب، بۆ ئەوەی بەبێ دەنگی مالیكی دوور بخەنەوە، لە نێو ئەو سەركردانەدا حەیدەر عەبادی هەمیشە دووپاتی دەكاتەوە كە حزب پێویستی بە خوێنی تازە و نوێبوونەوە هەیە.

دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر ناکۆکییەکاندا مالکی هێشتا جڵەوی حزبی دەعوەی لەدەستدایە، هەروەها ململانێی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەکات، بەڵام ئەمجارە ململانێکان لە جاران قورسترن بۆی و پێناچێت ئەو پۆستە بە ئاسانی دەست حزبی دەعوە بکەوێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار