پاداشتی 12 مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە هەرێمی کوردستان 29 هەزار خانەنشینی نوێ چاوەڕوانی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن، بڕیاریشە ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغداد بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی یەکخستنی تەمەنی خانەنشینی لەگەڵ عێراق، زیاتر لە 27 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، لەگەڵ تەواوبوونی مامەڵەی دوو هەزار کەسی دیکە لەم مانگەدا، کۆی گشتیی ژمارەکە دەگاتە 29 هەزار خانەنشین.
بەپێی یاساکە ئەو خانەنشینانەی 25 ساڵ خزمەتیان هەیە، شایستەی وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەتن (ئیکرامیە) کە بریتییە لە 12 مووچەی تەواو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوو شاندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ شاندی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن، لیستی ئەو خانەنشینانە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دۆسیەکانیان تەواودەبێت و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە".
ئەمەش دوای ئەوەدێت، لیستی ئەو خانەنشینانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلول خانەنشین دەبن و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام خەرجنەکراوە.
