ساڵێك تێپەڕی حكومەت پێكنەهات، دوای هەڵبژاردنی عیراقیش ئاسان نابێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



✍️ سەرتیپ جەوهەر

هەفتەیەكی دیكە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی كوردستاندا تێدەپەڕێت، تائێستا حكومەتی نوێ‌ دروستنەكراوە، پەرلەمانیش وەك دامەزراوەیەكی مردوو بەهاو رۆڵی خۆی بەتەواوی لەدەستداوە.
لەهەر وڵاتێك ئەگەر كەمێك دیموكراسی هەبێت، لەدوای هەر هەڵبژردنێك ململانێیەكی زۆرو چاوەڕوانیەكی زۆر هەیە بۆ گۆڕانكاریی لەحكومەت و پێكهێنەرانی. واتە چاوەڕوانی هەیە هەم بەڕێوبەرانی كابینە بگۆڕێن و هەمیش سیاسەتی نوێی حكومڕانی بێتە كایەوە، بەڵام لەكوردستان لەماوەی نزیكەی 35 ساڵی رابردوو، تائێستا هیچ هەڵبژاردنێك لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكراوە، هەروەك هیچ هەڵبژاردنێكیش بەڕێوەنەچووە گومان لەئەنجامەكەی نەكرابێت. 

بەكردار ماوەی 10 ساڵە پەرلەمانی كوردستان بەتەواوی بێ بەهابووەو هیچ رۆڵێكی لەدۆخی سیاسی و یاسایی كوردستاندا نەماوە، لە 2015 دەرگای داخرا ئیدی پەكخرا. لەوە خراپتر تەواوی دامودەزگا چاودێرەكان كەپێویستە چاودێری گەندەڵیی بكەن لەحكومەت و دامودەزگاكانی حوكمڕانیی، ماوەیان بەسەرچووەو بەشێكیان بەدەر لەیاسا كاردەكەن. واتە ئەو دامودەزگایانەش بوونەتە بەشێك لەم سیستمە بەسەرچووەی كوردستان خۆیان بوونەتە بەشێك لەخراپیی ئەم حوكمڕانیە. هاوكات زۆربەی هەرەزۆری رێكخراو و سەندیكا پیشەییەكانیش ماوەیان بەسەرچووەو بەپێی یاسا هیچ شەرعیەتێكیان نەماوە وەك سەندیكای رۆژنامەنوسان، پارێزەران، مافپەروەران، پەرلەمانتاران..تد.

بەداخەوە سەرباری ئەم بارودۆخە خراپەی حوكمڕانیی و ژیانی سیاسی لەكوردستان، ئۆیۆزسیۆنیش هیچ پرۆژەو رۆڵێكی ئەوتۆی نییە، بگرە هەندێجار وەك تەواوكەری ئەو مەنزومە فاسیدەی كوردستان دەردەكەوێت. نەپرۆژەیان هەیەو نە دەستپێشخەرییەكی جددی. ناڕەزایەتیەكەیان تەنها بۆڵەبۆڵ و گلەییە، ئەویش لەشەقام نا! بەڵكو تەنها لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی. ئەگینا ئەوە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردن تێدەپەڕێت، ئەگەر نەشیانتوانیبێت خەڵك بێننە شەقام لەدژی ئەم دواكەوتنە، لانیكەم دەبوو بچنە دادگای دەستوریی لەبەغدا پرسیارێك بكەن و سنورێك بۆ ئەم چەقبەستنە دابنرێت، تا چیتر پرسی پێكهێنانی حكومەت نەبێتە قوربانی بەرژەوەندی حزبێك یان كەسێك و سەرئەنجام كۆی حوكمڕانیی بەپەرلەمانیشەوە پەكبخرێت.

ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت حكومەت دروستنەكرێت و پەرلەمان هەبێت بەڵام دەرگای داخراو بێت و ئۆپۆزسیۆن هەبێت و دەنگی نەبێت! كەوایە هەڵبژاردن بۆ بكرێت و ئەو دیموكراسیەی كوردستان پێناسەی چییە؟

بەپێی ئەو سۆراغەی ئێستا بەردەستە، پێدەچێت دوای هەڵبژاردنی عیراقیش پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئاسان نەبێت. هەورازێكی سەخت لەبەردەمیدایە كە رەنگە دیسان كاتی زۆری پێویست بێت.

پێموایە هەر حزبێك یان لایەنێك بیەوێت بەشداری لەم حوكمڕانیەی ئێستای هەرێم بكات، ئاستەنگ و ئاڵنگاریی زۆری لەبەردەم دا دەبێت، چونكە لەلایەك زۆرینەی رەهای جومگەكانی حوكمڕانیی یەكڕەنگكراوە لەلایەك دیكە سیستمێك یاخود مەنزومەیەك وەك تۆڕێكی رێكخستن لەدەرەوەی دەسەڵاتی یاسایی دامەزراوەكان دروستكراوە دەسەڵاتێكی زۆریان پێدراوە، رێنادات هیچ كەس و لایەنێك جوجۆڵ بكات یاخود كاربكات ئەویش زۆرجار بەحكومەتی سێبەر ناودەبرێت! ئەگەر ئەو مەنزومەیە هەڵنەوەشێنرێتەوە و وەزیرو كاربەدەست و دامودەزگاكانی حكومەت بەروونی دەسەڵاتەكانی خۆیان جێبەجێنەكەن، ئاسان نییە بۆ هەر حزب و لایەنێك لەحكومەت یان لەم حوكمڕانییە بتوانێت كاربكات، ئەوەی تائێستاش كاریكردووە، هیچ قازانجی نەكردووە، بگرە دەست و پێ بەستراو بووە. ئەگەر حزبێك وەزیرێكی هەبووبێت، یان چەند وەزیرێك ئەوا دەسەڵاتیان لەنوسینگەكانی خۆیان تێپەڕی نەكردووە، خەڵكی دیكە لەئەنجومەنی وەزیران ئیشوكاری وەزارەتەكەی كردوون و دەسەڵات لای ئەوان بووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار