سوریتان.. لە ئەسەدێکەوە بۆ ئەمیرێ
.jpg)
5 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
ڕووت ڕەش بێت سیاسەت ، ئەو سوریایەی کە بە چەکی ڕوسی زیاتر لە یەک ملیۆن ژن و منداڵی سوننەی عەڕەبی سوری کوشت . نیوەی شارەکانی سوریای کاول کرد ، نیوەی خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر کرد ، بە ملیار و تڕلیۆنان دۆلاری ئەو سوریایەی برد ، کەچی ئەوەندە سوک و چروک بی ، بەخەندەوە دەست بخەیە ناو دەستی بکوژی کەس و کارەکەت .
چەند ساڵێ بەر لە ئێستا دانیشتنێکی دزە پێکراوی بەشار ئەسەد و فلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕوسیام دیت ، لە جێی خۆم ڕەق ببوم نەمدەزانی چۆن خۆم ڕازی بکەم کە بۆ ئەو ئەسەدە ببوە چەقەڵێکی بودەڵە لە بەردەم کۆنە جاسوسێکی ڕوسی .
دیمەنەکە بەو شێوەیە بوو :
چوار کەس ، دوانیان پۆتین و بەشار ئەسەد هەر یەکە و لە سەر کورسیەک و ڕوو لە یەکتری دانیشتبوون ، دوو وەرگێڕیش یەکێکیان ڕوسی و ئەوی تر عەڕەبی سوری لە سەر چۆک دانیشتبوون . لە پانتاییەکی کەمتر لە چوار مەتری چوارگۆشەدا .
ئەسەد خەریکی سوپاس و ماستاو کردن و پیا هەڵدان بوو ، لە پڕ پۆتین قسەکانی پێ بڕی و بە شێوەیەکی هەڕەشە ئامێز گوتی : لێرەو بەدواوە بە هیچ جۆرێ هەقی قسە کردن و دانوستانت نیە ، بەڵکو ئێمە چیت پێ بڵێین دەبێ وا بکەی ، ئەگینا خۆمان لات دەدەین .!
لە پڕ کورتە ڤیدیۆیەکە تەواو بوو و منیش بۆ چەندین جار دوبارە سەیرم دەکردەوە و بە بێ ئەوەی گوێ بدەمە ئەوەی بۆ دوبارە سەیری دەکەمەوە .
دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە .
پاشی چەندین ساڵ و لە هەمان کۆشک و تەلار ، سەر و شکڵی سوریەکان گۆڕا و کۆمەڵێ ڕیشدار ڕووەو پۆتین دانیشتن و سەر لە نوێ کەوتنە پیاهەڵدان و گەورەیی ڕوسەکان و تکا و سەنایان بۆ دەکردن ، هەر کە قسەکانی سەرۆکە ڕیشدارە تازەکە تەواو بوو ، هەرچی کامیڕامان و میدیاکار هەیە دەریان کردن و نەمانزانی پۆتینی سەرۆکی ڕوسەکان چی پێگوتن و چۆن چۆنی دەیان هێنێ و دەیان با و بە چ شێوازێک چی بووێ بە سەریاندا فەرز دەکات .
لێرەدا بۆ ڕوسەکان هیچ گۆڕانکاریەک ڕوینەدا و لە کۆشکەکەی خۆیان نەجوڵان و جەلادە ڕووسە عەڕەب کوژەکانیان لە ناو سوریا دەرنەکرد و هەر تەنها دوای ( دە ) مانگ لە گۆڕینی حوکمی عەڕەبێکەوە بۆ عەڕەبێکی تر دەکەونەوە تاڵان کردنی سەرخان و ژێر خان و گیرفانی سوریەکان بەتاڵ دەکەنەوە و عەڕەبەکانیش بە شێوازێکی کە دەکەونەوە کوشت و کوشتاری یەکتری و بێ ئەوەی بیر بکەنەوە بۆ دەبێ هەر لە یەکتری بکوژین و نەتوانین بە ئاسودەیی پێکەوە بژین .
