زیانەکانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس

14 كاتژمێر لەمەوپێش




‎جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی درێژخایەنە کە بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزەی فەڵەستینەوە دەستیپێکرد، کە لە فەڵەستین بە "ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا" ناسرا، وە لە ئیسرائیل بە "ئۆپەراسیۆنی شمشێرە ئاسنینەکان" ناسرا.

لە کاتژمێر ٧:٣٠ی سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەی گشتی کەتیبەکان بەناوی "محەمەد زەیف"، ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەستپێکرد وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە حەوشەکانی مزگەوتی ئەقسا، وە هێرشی دانیشتووانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتییانی فەڵەستینی لە قودس.

لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە وڵاتەکە لە دۆخێکی نالەباردایە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، هێزەکانی ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنی شمشێری ئاسن"ـیان ڕاکەیاند و دەستکرا بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە.

ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا بە هێرشێکی مووشەکی بەرفراوانی بزووتنەوەی حەماس دەستی پێ کرد، هەزاران مووشەک ئاراستەی شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل کران، لە هەمان کاتدا هێرشی زەمینی بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکە دەستی پێکرد، لە میانەی ئەم هێرشانەدا چەند شوێنێکی سەربازی ئیسرائیلیان کۆنترۆڵ کرد.

بەدرێژایی جەنگەکە، لە تەواوی جیهاندا ناڕەزاییەکی زۆر دەردەبڕا لە دژی جەنگەکە، ، وە داوای ئاگربەست لە هەردوولا کرا.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ حکومەتی ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتن، کە بووە هۆی ئاگربەست لە غەززە.

ئیسرائیل سەربازەکانی کشاندەوە و ڕێگەی دا یارمەتی زیاتر بچێتە ناو کەرتی غەززەوە، حەماس ٢٠ بارمتە زیندووەکەی ئیسرائیلی گەڕاندەوە و ئیسرائیل نزیکەی دوو هەزار زیندانی و دەستبەسەرکراوی فەلەستینی ئازاد کرد, وە لە ئێستاشدا گەڕاندنەوەی تەرم و بارمتەکانی هەردوولا بەردەوامن.

بەپێی ئامارێکی ماڵپەڕی "ئەلجەزیرە"، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٦٧ هەزار دانیشتووی فەڵەستین کوژراون، لەو ژمارەیە نزیکەی ٢٠ هەزاریان منداڵن، وە هەزارانی دیکەش لەژێر دار و پەردووی ڕووخاودا ماونەتەوە، نزیکەی ١٢٥ خەستەخانە ڕووخاون یاخود زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ١٧٢٢ کارمەندی بەشی تەندروستی کوژراون، بە نزیکەیی ٤٥٩ هاوڵاتی بە برسییەتی کۆچی دواییان کردووە کە نزیکەی ١٥٤یان منداڵ بوون، هەروەها لەکاتی وەرگرتنی هاوکاری خواردن و دەرماندا ٢٦٠٠ هاوڵاتی کوژراون و ١٩ هەزار بریندار کراون، ٩٢٪ی خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ٨٨٪ی دامەزراوە بازرگانییەکان ڕووخاون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار