پرۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن.. ئایا ڕیککەوتنی ئاشتی ئەو خەونەی ئیسرائیل لەبارئەبات؟

6 كاتژمێر لەمەوپێش
د. سەڵاحی گەرمیان
دوای ئەوەی ئاگربەست وڕاوەستانی شەر چوونە بواری جێبەچێکردنەوە بەپێی بڕیاری لوتکەی شەرمولشێخ کە لە ڕۆژی 13ی ئوکتۆبەر واژوکرا. بەڵام، ئەوە مانای کۆتایی هاتنی قەیرانەکان نیە؛ بەڵکو دوورنیە سەرەتای قۆناغێکی نوێی بێت، لە داڕشتنی پڕۆژەی جۆراوجۆر بۆ داڕشتنەوەی جوگرافیا و ناسنامە لە ناوچەکەدا.
شەڕی غەززە کە دوو ساڵی خایاند و زۆر لە هاوکێشە سیاسییەکانی لە ناوچەکەدا گۆڕی. بینیمان، دوابەدوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ ناو خاکی ئیسرائیل لە 7ی ئوکتۆبەری2023 ، چۆن ئیسرائیل بەتوندی هێرشی پێچەوانەی کردە سەر کەرتی غەززە و بێبەزەییانە کەوتە وێرانکردن و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی بەمەبەستی داگیرکردنی و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس. ئەوەبوو، هەر لەو سەروبەندەدا ”دۆناڵد ترەمپ“ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی گواستنەوەی دانیشتوانەکەی کرد بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک میسر و ئەردەن و وڵاتی ئەندۆنیسیا بە مەبەستی گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی گەشتیای جیهانی بە ناوی ”ڕیڤێرای غەززە“.
ئیسرائیل ئەو دۆخەی بەهەل زانی، ئامادەکاری بکات بۆ پرۆژەیەیەکی چەندین ساڵە کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، تا بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەش پرۆژەی هەڵکەندنی ڕێڕەوێکی ئاویە لەنێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای سووردا، کە بەناوی دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە، ناوی ”کەناڵی بنگۆریۆن“ لێنراوە.
وا پێئەچێت وەک ڕێڕەوێکی تری ئاوی بۆ ڕکابەری کەناڵی سوێسی میسری، ئەو پرۆژەیە پەیوەندییەکی ستراتیجی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئامانجی جیۆپۆلەتیک و ئابوورییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەبێت. ئەم پرۆژە ستراتیجییە، دەریای سوور لەڕێی ”بەندەری ئیلات“ کە ئەکەوێتە سەر ”کەنداوی عەقەبە“وە ئەبەستێتەوە بە دەریای ناوەڕاستەوە. پرۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن کە مەزەندە ئەکرێت دەیان ملیار دۆلار خەرجی بێت، بە بەرچاوترین پێشکەوتن دائەنرێت لەدوای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە، لەڕووی ژێرخانی ئابووری و شوێنکەوتەی جیهانی و کاریگەرییەوە بە پیی هەڵسەنگاندنی پسپۆرانی ئیسرائیلی.
پرۆژەی ئەم ڕێڕەوەی کەناڵی بنگۆریۆن بیرۆکەیەکی نوێ نییە. بەڵکو مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر، بەشێکە لە ئاواتێکی ستراتیجی بۆ شکاندنی گۆشەگیریی ئیسرائیل و فراوانکردنی کاریگەرییە بازرگانی و جیۆپۆلەتیکییەکەی. بەر لە 60 ساڵ لە شەڕی غەززەوە داڕێژراوە کە بە دۆڵی ”عەربە“ و بیابانی ”نەقب“دا تێپەڕبێت. لە ئێستادا و لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابووری، بۆ ئیسرائیل واپێویست ئەکات بە باشووری کەرتی غەززەدا تێپەڕبێت بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست، بەڵام دەسەڵاتی حەماس غەززە بەربەست بوو لەبەردەم پڕۆژەکەدا.
لە دوای شەڕی غەززە و پێداگری ئیسرائیل بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس، ئاماژە بەوە ئەکەرا کە هێرشی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە و دەست بە کاولکردنی بورج و باڵەخانە و ژێرخانی شار شارۆچکەکانی و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی، لە چوارچێوەی پلانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، ڕەنگە ڕێگا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش خۆش بکات. لەوانەیە یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنترۆڵکردنی غەززە بۆ ئیسرائیل، دەستەبەرکردنی کورترین ڕێڕەو بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە بێت لە نێوان دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستدایە کە بە کەرتی غەزەددا ئەڕوات و، بە تێچووی زۆر کەمتر جێبەجێی بکات لەبری لادانی ڕێڕەوەکە بۆ ناوچەی شاخاوی و بیابانیدا کە جیاوازیان لەگەڵ کەناڵی سوێس لە ڕووی دوورییەوە 100 کیلومەترە.
کەناڵی بنگۆریۆن بە بەراورد بە کەناڵی سوێس، 10 مەتر قووڵتر و 200 مەتر پانتر ئەبێت. ئەمەش ڕێگە بە کەشتیەکان ئەدات بە هەردوو ئاراستەدا تێپەڕن، لەکاتێکدا کەناڵی سوێس ڕێگا بە تێپەڕین بە یەک ئاراستە ئەدات.
پلانە سەرەتاییەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکەی بە خێرایی، لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیازی بەکارهێنانی 520 بۆمبی ئەتۆمی کرا بە تەقاندنەوەیان لەژێر زەویدا بۆ پرۆسەی هەڵکەندنی ڕێڕەوی کەناڵەکە لە گردەکانی دۆڵی نەقەبدا. سەرەڕای ئەوەش، بژاردەی غەززە بۆ جێبەجیکردنی پرۆژەکە، هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دائەڕێژێتەوە بەلاوازکردنی ڕۆڵی میسر لە ناوچەکە.
هەروەها پرۆژەکە هاوپەیمانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا بەهێز ئەکات و، لە چوارچێوەی پرۆژەکانی وەک "کۆریدۆری هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا و، وەک ڕکابەرێکیش بۆ ڕێگای ئاوریشمی چین ئەبینرێت.
ڕێککەوتنی ئاشتی شەرمولشێخ و بەربەستەکانی بەردەم پرۆژەکە
جێبەجێکردنی پڕۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆز و تێکەڵاو بە ناوچەکە ئەگەیەنێت، وەک قەیرانی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆیی. ڕێککەوتنی ئاشتی شەرمولشێخ کەرتی غەززە وەک قەوارەیەکی سیاسی پارێزراو لەڕووی یاساییەوە پێناسە ئەکات، ئەمەش جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی سنووردار کرد. سەرەڕای نەبوونی بڕگەی یاسایی ڕوون کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە قەدەغە ئەکات، بەڵام ڕێکەوتنەکە هەندێک بنەمای تێدایە کە ئەتوانرێت وەک ئامرازی سیاسی و ئەخلاقی بەکاربهێنرێت بۆ بەربەست خستنە بەردەم پڕۆژەکە.
ئەگەری ڕەتکردنەوەی نێودەوڵەتی بۆ تێپەڕاندنی کەناڵەکە لە غەززەوە هەیە، چونکە ڕێککەوتنی شەرمولشێخ پڕۆژە تاکلایەنەکان لە ناوچەکانی فەلەستین سنووردار ئەکات.
گرژیی سیاسی و ئابووری لە نێوان میسر و ئیسرائیل دروست بکات، چونکە ئەم پڕۆژەیە هەڕەشە لە ڕۆڵی ستراتیجی کەناڵی سوێس ئەکات وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی جیهانی و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی نیشتمانی و ئەبێتە هۆی زیانێکی ئابووری گەورە بۆ میسر.
ئەبێتە هۆکاری گرژی سیاسی لەگەڵ وڵاتی ئەردەندا بەهۆی کاریگەرییەکانی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی لەو وڵاتەدا.
پرۆژەکە دیمۆگرافی ناوچەکە ئەگۆڕێت و ئەبێتە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی.
نیگەرانی ئێران و تورکیا ئەوروژێنێت لەبارەی کێشانی نەخشەی باڵادەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئایا بۆ ئیسرائیل ئەگونجێت ئەو بەربەستانە پشتگوێ بخات
ئەم خاڵانەی خوارەوە یارمەتیدەرن بۆ ئیسرائیل بۆ شکاندنی ئەو بەربەستانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە:
:: لەوانەیە پڕۆژەکە وەک بەشێک لە "ئاوەدانکردنەوەی غەززە" بخرێتەڕوو، لە داگیرکارییەوە بۆ گەشەپێدان لە قاڵب بدرێتەوە.
:: سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە ڕێگەی بۆ هاوپەیمانییەکی سێ قۆڵی (ئیسرائیل- کەنداو- ئەمریکا) خۆش کردووە کە ئەکرێت پاڵپشتی جێبەجێکردنی کەناڵەکە بکات.
:: ڕێککەوتننامەی ئاشتی شەرمولشێخ بەمەبەستی کۆتایهێنان بە شەڕ لە غەززە، چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە دامەزراند، ئایندەی پرۆژەی کەناڵی بنگۆریۆن و "ریڤێرای غەززە" تا ئێستاش بابەتی مشتومڕی توندی نێو گروپە سیاسی و یاساییەکان. دوور نیە وەک بەهێزی سەرمایە و سەربازی وەک پرۆژەیەکی گشتی لە بەرژەوەندی ناوچەکە بخرێنەگڕ.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە، تا ئێستا ئیسرائیل بە فەرمی نەخشەی کۆتایی پرۆژەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لێکۆڵینەوە و شیکارییەکان ئاماژە بەوە ئەکەن، هەر وەک پێشتر باسی لێوەکرا، دروستکردنی پرۆژەکە لە ڕێگای کەرتی غەززەوە لە ڕووی سیاسی و ئابووریی و ستراتیجییەوە باشترین بژاردەیە، ئەمەش دوورنیە پاڵنەربێت بۆ بە بەرپاکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لە ئەنجامیشدا گۆڕینی دیمۆگرافی و ئاوارەبوونی دانیشتووانی ناوچەکەی لێئەکەوێتەوە.
بۆیە بەدووری نازانم ئیسرائیل بەهەر نرخێک بێت، ئەگەر بەڕێگای دیبلۆماسی یان ڕێکەوتن لەگەڵ ئیدارەی نوێی غەززەدا نەکرێت، ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازی بە بیانووی جۆراوجۆر لە ئارادایە بۆ ئەوەی پرۆژەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
