ئەو ژنەی ئۆجالان ناوی نا نەفەرتیتی

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
نەفەرتیتی، کچە کوردەکێکی ڕۆژئاوای کوردستان بووە، ئەو کچی پادشای میتانی بووە کە شووی بە فیرعەونی میسر "ئەخناتون" کردووە، لە دەوروبەری ساڵی 1350 پ.ز .
شایانی باسە، نەفەرتیتی، بە یەکێک لە بەناوبانگ ترین و جوانترین ژنەکانی مێژوو دادەنرێت و بە ئافرەتە مل بەرزەکە ناسراوە، ناوە میتانیەکەی "تیدوخیبیا"بووە، بەڵام کاتێک چووە بۆ میسر بە هۆی جوانیەکەی میسریەکان ناویان نا" نەفرتیتی " بە میسری واتە ئافرەتی جوان دێت، کاتێک لەسەردەمی تاک ئایینیدا پاشای میتانییەکان دەکوژرێت، نەفەرتیتی لە دەسەڵات. جێگای هاوژینی دەگرێتەوە.
ئۆجالان، وەک فەیلەسوفێکی کورد و خوێنەرێکی دیاری مێژوو، ئاشنایەتی زۆری بە مێژووی کۆن هەیە، کە دەزانێت ژنێکی کورد هاوشانی یەکێک لە فیرعەونەکانی میسر ڕۆڵی لە حوکـمڕانی گێڕاوە زۆر پێی سەرسام دەبێت، بۆیە لە دانیشتێکی لەگەڵ شاندی ئیمرالی کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە (پەروین بۆلدان، سەلاحەدین دەمیرتاش) لە مانگی ئابی ٢٠١٣ بە (پەروین) دەڵێت:" تۆ دەبێ ببیە نەفەرتیتی ئەو سەردەمە".
شایانی باسە لە زۆربەی دیدارەکانی ئاشتی (٢٠١٣-٢٠١٤) ئیمرالی ئۆجالان هانی (پەروین بوڵدان) دەدات کە بخوێنێتەوە و خۆی پێ بگەیەنێت و خۆی فێری کوردی بکات، تا ئەویش جێگای (سەواش بوڵدان)ی هاوسەری بگرێتەوە کە لە کردەوەیەکی نادیار ساڵی ١٩٩٣ تیرۆرکراوە.
پەروین بوڵدان، کە ئێستا ئەندامی شاندی ئیمرالی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە، لە دانیشتنی رۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، کاتێک لە غیابی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنی پەرلەمانی دەکرد هەڵای نایەوە.
ئەو زۆر بە توندی وەڵامی سوکایەتیەکانی (تۆرهان چۆمەز)، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئی پارتی دایەوە کاتێک بە (پەروین)ی گوت: " ئێوە پەیامبەری کەسێکی تیرۆرستن" وەک ئاماژەیەک بۆ کارەکانی پەروین لە نێو شاندی ئیمرالی.
بەڵام وەڵامە توندەکەی (پەروین بوڵدان) بۆ ئەو کەسە شۆڤینیەی کە پارتەکەی تاکە هێز بوو ڕازی نەبوو نوێنەراتی لە کۆمسیۆنی چارەسەری هەبێت ئەوەمان پێدەڵێت کە (ئۆجالان) هەوڵەکانی بۆ پێگەیاندنی سەرکردەیەکی ژنی ئازای وەک (پەروین بۆڵدان) بێ ئەنجام نەبووە.
ئەوەشی کە لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە (پەروین) و ئەو سەرکردانەی دیکەی کورد لە باکوری کوردستان کار بەو ڕێنمایانە بکەن کە (ئۆجالان) بە بەردەوامی پێیان دەدات پەیوەست بە پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی خۆیان، چونکە درووستکردنی سەرکردەی لە نموونەی ئەوان ئاسان نییە.
لە کۆتایدا تێدەگەین پەرلەمانتارەکەی ئیی پارتی بۆچی ناحەقی نەبووە تووشی هستریا بێت، ئەو ژنێکی تێکۆشەری لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەکی پەرلەمانی تورکیا دەبینێ، کە زوو زوو سەردانی (ئۆجالان) دەکات، کە بەڕای ئەو ئەو کورسیە پیرۆزی خۆی هەیە ئەو ڕۆژەش بە کورسی ئەتاتورک ناوی برد، کورسی ئەتاتورک بیت و نەفەرتیتی ئۆجالان لەسەری دابنیشێت چاکە قیامەت هەڵنەستاوە.
