خوێندنەوەی کوشتنێک

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەردار عەزیز

چەند ڕۆژێک لەمەوپێش سەفا حیجازی یان سەفا ئەلمەشهەدانی لە ڕێگای چاندنی بۆمبێکەوە لە تاهوەکەیدا کوژرا لە دەرەوەی شاری بەغدا کوژرا. سەفا کاندیدی هەڵبژاردنەکان بوو. ئەم کوشتنە ڕوداوێکی ئاسایی نەبوو چونکە لە هەناویدا کۆمەڵێک زۆر لە ئاڵۆزی دونیای ئەمڕۆی عێراق و ململانێکانی لە خۆی دەگرێت.

سەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بوو. لە عەشیرەتی مەشهدانی بوو کە بە زۆرینە لە قەزای تارمییە نیشتەجێن. تارمییە قەزایەکی سەر بە ناوچەیەکی ئاڵۆزە کە بە پشتێنەی بەغدا ناسراوە. ئەم قەزایە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی سونەن، شارەکانی باقوبە و تکریت و ڕومادی و بەغدا پێکەوە دەبەستێت. بە تایبەتی بە ناوچەی کازمییە لە بەغدا. 

ئەمە وەها لە تارمییە دەکات کە وەک پردێک بێت لە نێوان پانتایی شیعە و پانتایی یان قوڵایی سوننە. ئەم دۆخە لە سەردەمی قاعیدەو و  پاشان داعشدا بە چڕی ڕەنگی دایەوە. بۆیە لە میانەی پرۆسەی چەسپاندنی دەسەڵاتی شیعە لە بەغدا، چواردەوەری بەغدا یان پشتێنەی بەغدا مایەی نیگەرانی و کێشەیە.  لەم بوارەدا زۆر هەناگوی ئیداری و سەربازی و ئابوری نراوە، بۆ نمونە بە قەزا کردنی شوعلە، بردنی حەشد، سودەبینین لە شەڕی تیرۆر.

بەلای شیعەوە ئەم پشتێنەیە بە پلان وەهای لێکراوە هەتا بەغدا بپارێزێت و پشتیوانی حوکمی سوننە بکات. وەک چۆن لە کەرکوکیش کراوە.
سەدام بە پلان و پرۆژەی جیاواز ئەم کارەی کرد. لە باشورەوە زیاتر کارگەکانی تەسنیع عەسکەریی دامەزراندا، کە لە گەڵ خۆیدا کادیرانی سوننەی هێنا. لە باکوری بەغدا، زیاتر پشتی بە ڕوباری دیجلە و کشتوکاڵ و کێڵگەی ماسی بەست.

لای شیعە ئەم پرۆسەی مایەی ڕێگریی بوو بۆ ئەوان کە لەو ناوچانەدا جێگیربن، بۆیە ئێستا وەک مافێکی زەوتکراو، دەیانەوێ بچنە ئەو ناوچانە، یان وەک ستراتیژی پاراستنی بەغدا هەندێک لەو ناوچانە چوڵ بکەن، وەک لە جەرف السەخر کردویانە، کە جۆرێکە لە هەمان پرۆسەی سەدام لە ڕێگای تەسنیع عەسکەریی.

سەفا، کەسێکی بوێر بوو، هەروەها ئەم هەنگاوانەی شیعەی بە گۆڕینی دیموگرافی ناو دەبرد، بۆیە مایەی سەرنج و فشار بوو.  

لە ئاستێکی تردا، ئەم هەڵبژاردنە کە ئێستا کەمپەینی بۆ دەکرێت، بۆ شیعەی عێراق، بە تایبەتی لە بەغدا جیاوازە، چونکە دوو فاکتەر هەن، یەکەمیان، بەشداری نەکردنی سەدر، دووەم، دەنگنەدانی زۆرینە وەهای دەکات کە شیعە لەوە بترسن کە ئەگەری لە دەستدانی زۆرینەیان هەیە لە ٧١ کورسییەکەی بەغدا. ئەمەش پاڵنەری دروشمەکەی عەمار الحەکیمە کە داوا دەکات لە دەستی نەدەن یان لا تضيعوها .

ئەم ئەگەری لە دەستدانە کاریگەری زۆری کرداریی و سیمبولی هەیە، بە تایبەتی کاتێک دیمەشق گەڕایەوە بۆ حوکمی سوننە.
گۆڕینی دۆخی سوریا، کاریگەری هەیە لە سەر خیتابی سوننە، بە تایبەتی کەسێکی وەک خەمیس خەنجەر، کە سەفا سەر بە لیستەکەی ئەو بوو. 

ئەم ململانێیانە دەرخەری قوڵیی ململانێکان و موستەحیل بونی سەقامگیریی سیاسییە بە تایبەتی لە سەر بنەمای حوکمی شوناسی یان تایفیی.
لەم روانگەیەوە، هەر گروپێک کە دەگاتە دەسەڵات لە هەوڵی ئەوەدایە وەها بنەماکان بگۆڕێت کە بتوانێت بمێنێتەوە، بەڵام ئەم خواست و ترسە دەبێتە مایەی شکستی. وەک چۆن لە هەردوو مۆدێلی سوننە و شیعەدا دەیبینین. لە هەمانکاتدا ڕەوتی عەلمانی یان حوکمی دوور لە تایفی لە عێراقدا یان بونی نیە یان لاوازە، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتویەکی نزیکدا مۆدێلێکی عەقلانی حوکمرانی بێتە ئاراوە. ئەمەش وەها دەکات کە گرژییەکان بمێننەوە، بەڵام لە سەر توانای لایەنی خاوەن هێز بمێننەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار