راپەڕین و یاخیبونەکان لە دژی رژێم و حکومەتەکان...

3 كاتژمێر لەمەوپێش



راپەڕین و یاخیبونەکان لە دژی رژێم و حکومەتەکان، کە زۆر جار روبارێك خوێنی تیا دەڕژێت

ڕابوون مەعرووف

دەبێت هەمیشە، لە بەردەم پرسیارێك بن: ئایا ئەوان چما لە رژێمەکە هەڵدەگەڕێنەوە و یاخی دەبن و تەنانەت پەنا بۆ کوشتار و خوێنڕشتن دەبەن؟! ئایا دەیانەوێت چی بگۆڕن و چی رژێمێکی نوێ دامەزرێنن؟! ئەگەر یاخیبونەکان، وەڵامێکی تۆکمە و رۆشنی ئەو پرسیارە بنەڕەتییە نەدەنەوە، بێگومان، کارەساتی گەورە، لە پێشەوە چاوەڕێ دەکات. 

ئەم رۆژانە، هەمیشە ئەم پرسیارە بە مێشکمدا دێت: ئەرێ هەر بەڕاستی سورییەکان چما لە رژێمی بەشار ئەسەد هەڵگەڕانەوە و کوشتارێکیان سازکرد کە تیایدا، سەدان هەزار کەس کوژران و چەند ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەر بون و سەدان هەزار ماڵ وێرانبون؟! ئێستا ئەوان، دژی دیموکراسیی هاوار دەکەن و سەرۆك و سەرکردەکانی تیرۆر لە دیمەشق تێرمی دیموکراسیی بە کوفر دەزانن: دژی حوکمڕانی قانون و دامەزراوەیی مۆدێرنن: دژی فیدراڵی و لامەرکەزیین: دژی مافی پێکهاتە و کەمایەتیەکانن: دژی ئازادیی ئایینیی و مافی پێکهاتە ئاینیە جیا جیاکانن. سەرۆکەکەیشیان، دەڵێ: دەوڵەتی ئیسلامیی و ئیمارەت و خەلافەت دانامەزرێنن!.

ئەگەر کەسێك دو گوێی هەبێت بۆ بیستن و دو چاوی هەبێت بۆ بینین، لە ئێستاوە دیارە، سەرۆکی تازە، یان ئەبێ بکوژرێ، یان ئەبێ راونرێ، یان تا مردن کۆشکی سەرۆکایەتی جێناهێڵێت. ئەوەش واتە، دیکتاتۆرێکی نوێ هاتوەتە شوێنی دیکتاتۆرێکی کۆن! کەواتە ئێستا با دیسان پرسیار بکەین؟ ئێوە ئەی سورییەکان، لە پێناوی چیدا، سوریاتان وێران کرد؟ لە پێناوی چیدا، ئەو هەمو خوێنەتان رشت و ئەو هەمو مناڵەتان هەتیو کرد و ئەو هەمو خەڵکەتان ئاوارە کرد؟ هەمان پرسیار و هەمان گریمانە، لەبەردەم کورد و نەتەوە و خەڵك و حیزب و گروپە جیا جیاکانیتری ناوچەکەیە.. لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ! 

*ئەم رۆژانە، تاقانە خەون و ئامانجێك کە عەرەبی سونەی سوریی بە علمانیی و ئیسلامیی و دیندار و بێدین و کافر و مولحید و شەریف و هیچوپوچەوە، لەسەری کۆك و تەبان، حیقد و رقێکی ئەستورە بەرامبەر کورد و دۆزە رەواکەی. لە دیمەشقی تیرۆر و بەربەریزمەوە، بە پشتیوانی دوژمنە ئەبەدییەکانی کورد، ئامادەکاریی نەفسیی و مادیی دەکرێت بۆ جینۆسایدکردنی کورد. 

پاش خوای گەورە، ئەگەر ئەمەریکا و دۆستەکانیی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ یەك رۆژ کورد جێبهێڵن، ئەو حاقید و بەربەرییە ئەبەدییانە، بە جۆرێك کورد دەکەن بە عیبرەت، کە بۆ هەتا هەتایە، دەبێت چیرۆکیی تەفروتوناکردنی کورد، نەوە بۆ نەوەی بگێڕيتەوە!.. ئاخ.. لەگەڵ ئەو راستیە رۆشن و ئاشکرایەدا، هەزاران کوردیی هیچ و پوچ، هاوسۆزیی دیمەشق و دژی تروسکایی ئومێدن لە رۆژاڤا!..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار