بۆچی کورد لە سایەی ئێمپراتۆرییەتەدا پارێزراو بوو...بەشی سێیەم
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆچی کورد لە سایەی ئێمپراتۆرییەتەدا پارێزراو بوو، لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوەشدا لەناودەچێت؟
شێرکۆ کرمانج
بەشی سێیەم
نزیک بە هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە و دابەشکردنی فەرمیانەی کوردستان، کورد و کوردستان ئەگەر ئازاد و سەربەخۆش بووبن، ئەگەر خاوەنی میرنشینی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواش بووبن، ئەوا بەگشتی، بە ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ، لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێک لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکەدا بوون، جا ئەمەوی و عەباسییەکان بووبن یان عوسمانی و سەفەوییەکان/قاجارییەکان بووبن. بە سەدان ساڵ پێش ئەم قۆناغە، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، خەڵکانێک کە بە زمانی کوردی قسەیان کردبێت، بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان لە مێژوودا کەم تا زۆر دیوە. قسەی ئێمە لەم بابەتە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی کورد نییە بەڵکوو بوون و مانەوەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کورد لانی کەم زیاتر لە هەزار ساڵ دەبێت لەم ناوچەیە، بەگشتی ژێر دەستبووە یان لە سێبەری گرووپێکی باڵادەستتر ژیاوە، کەچی بوون و زمانی هەبووە و ماوە، کەچی ئێستا ئەوە تەنیا ١٠٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوەیە، بەڵام، وەک ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین، زمانەکەی و ناسنامەکەی کەوتۆتە مەترسی و لەناوچوون. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بەرواردی نێوان سیستەمی حوکمڕانی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بکەین، لەو بەراوردکارییەدا نیشان بدەین کە بۆچی و چۆن کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، لە یەکەمیان توانای گەشەپێدان و پاراستن و مانەوەی گرووپەکە و زمانەکەی هەبووە و لەوەی دووەمیان نییەتی. ئەمە بەشی سێیەمە لەو وتارە چوار بەشییەی کە لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە بێدەوڵەتەکان نووسراوە، کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە، بەشی یەکەم و بەشی دووەمی لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوکراوەتەوە.
فرەیی و فرەجەمسەریی
یەکێک لە جیاوازییە هەر سەرەکییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بوونی فرەییە (pluralism) لە ئیمپراتۆرییەت، لەبەرانبەر وەکیەکیی (standardization) لە دەوڵەت-نەتەوەدا. ئیمپراتۆرییەتەکان لەسەر بنەمای فرەیی دامەزراون، جا فرەیی دینیی، نەتەوەیی، ئیتنیی یان کولتووری بێت. لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەردەمی عەباسییەکان، کورد چەندین میرنشینی بەهێزی هەبووە، ڕەوادی (٨٤٤-١٠٥٤)؛ شەدادی (٩٥١-١٠٥٤)؛ حەسنەوی (٩٤١-١٠١٥)؛ عەنازی (٩٩٠-١٠٥٤)؛ دۆستەکی/مەروانی (٩٨٣-١٠٥٤) و دەوڵەتی ئەیوبی (١١٧١-١٢٥٠). ئەوانەی کوردستان، دووانیان هەم باڵادەست بوونە هەم ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوا بوون، حەسنەوی (لە دەڤەری کرماشان و سنە) لەگەڵ دۆستەکی لە دەوروبەری دیاربەکر، کە دراوی خۆیان هەبووە (تۆفیق ٢٠١١). لێرە کەمتر قسە لەسەر دۆخی میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی عەباسییەکان دەکەین بەڵکوو قسەی زیاتر لەسەر ئەوانەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان دەکەین.
لە سەدەی پازدە و شازدە، لە سەرزەمینە بەربڵاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە ئاقارەکانی بۆ سەر سێ کیشوەر درێژ ببووەوە، کورد، عەرەب، ئەرمەنی، یۆنانی، بولگاری، سێربی، ڕۆمانی وەک گرووپی ئیتنی بوونیان هەبوو. لە قۆناغی جیاجیادا، عوسمانییەکان بەشێوازی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ گرووپە ئیتنی و کۆمەڵگە دینییەکان دەکرد. لەسەرەتا لەبەر بچووکیی دەوڵەتەکەیان و لە کۆتاییشدا لەبەر بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوەییەکەیان و بە چاولێکەری ئەوروپییەکان بەرەو ناوەندێتی هەنگاویان نا، ئەگینا لە سەدەی پازدە تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە لەبەر بەرفراوانی تخووبەکانیان دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ جەمسەرەکانی دیکە شۆڕکردبۆوە، ئەمەش بوو بە مایەی دروستبوونی چەندین میرنشین، وەک میرنشینە کوردییەکان (بەدلیس، بادینان، سۆران، بابان، هەکاری، بۆتان).
بێجگە لە پاراستنی دابونەریت و کولتوور لەژێر سێبەری ئەم میرنشینانە (بە میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی سەفەوییەکانیش، (وەک ئەردەلان [١١٦٩- ١٨٦٧] و زەندییەکان)، هەوڵێکی زۆریش دەدرا بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی. بەگشتی، لە سێبەری عوسمانییەکان، مادام باج دەنێردرا و سەقامگیری پارێزراو بوو، عوسمانییەکان زۆر گوێیان بە کولتوور و دابونەریت و پراکتیزە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکان نەدەدا، بەتایبەتی بۆ گرووپە ناتورکە موسڵمانەکان. ئەم دید و هەڵوێستە بووە هۆی دروستبوونی مۆزایکێکی ئیداری و دارایی کە تێیدا قەڵەمڕەوەکەیان پڕ بوو لە فرەیی و ڕەنگی خۆڵەمێشی و سێبەری جیاواز. عوسمانییەکان زیاتر حەزیان لە کارایی بوو نەک وەکیەکیی، ئەم نەرمییە ئیدارییە بوو کە وای لەوان کرد بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی بەسەر خاکی عەرەب و کورد و سیرب و یۆنانییەکان، هتد، بکەن (Cleveland 1994: 45). ئەمە کەم تا زۆر لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکانیش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاست بوو، چونکە دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان، بۆ نموونە، کە حەفت سەد ساڵی خایاند لە دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان زۆرتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک هەر فرەیی و فرەڕەنگ نین، بەڵکوو لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەو دەوڵەتانەی لەسەر خۆڵەمێشی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و قاجاری/سەفەوی دامەزراوان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی فرەیی و یەکڕەنگکردنی دەوڵەتەکانیاندا بوون. هەر چوار دەوڵەت، کە کوردستانیان دابەش کردووە، هەر زوو دروشمی یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک زمانیان بەئاشکرا، یان لەپشت پەردەوە، بەرزکردۆتەوە.
لە ئێران و تورکیا، زمان و کولتووری کوردی، بۆ چەندین دەیە یاساغ بوون، کە کاریگەرییەکانی زۆر زەحمەتە ئاوەژوو بکرێنەوە، ئێستاش ئەگەر کوردی ڕێگەپێدراوە، ئەوە لە ئاستە فەرمییە-سیاسییەکەی نییە بەڵکوو لە ئاستی خێزان و ئاستێکی ناوخۆیی زۆر سنووردار. لە تورکیا، ئەوە سەد ساڵە، کوردکوژی، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی، ناسنامەکوژی، شوێنەوارکوژی بەردەوامە. لە عێراق، هەر لە زووەوە کورد وەک نەتەوە و زمان کەم تا زۆر دانی پێنراوە، بەڵام هاوکات و هاوتەریب، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە هەوڵی پەراوێزخستنی کورد و زمانەکەی بوون. سیاسەتی تەعریبی کورد و کوردستان زۆر بە چڕی لە ١٩٦٣ ەوە جێبەجێ کراوە. لە حەفتاکان و هەشتاکان پڕۆسەی ڕاگواستن و چۆڵکردن و دەرپەڕاندن و قڕکردن گەیشتە ترۆپک، ئیدی کورد، نەک هەر زمان و کولتووری کەوتە مەترسی، بەڵکوو وەک نەتەوە بوونی کەوتە مەترسییەوە. لە ٢٠٠٥، عێراق، لەوکاتەی لە لێواری تەپین بوو، بەفەرمی زمانی کوردی و بەشێکی کوردستانی وەک هەرێمێکی فێدرالی ناساند. لەگەڵ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی لە ٢٠١٧ ەوە، لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردۆتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان، بەڕادەیەک کە سیاسەتی تەعریب لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەخەستی بەردەوامە. لە سووریا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کورد پەراوێزخراوە، لە ١٩٦٣ ێشەوە، ئەو بەشەی کوردستان بەشێوەیەکی سیستەماتیکی تەعریب دەکرێت. دەوڵەتی سووریا خۆی بەپێی دەستوور خۆی وەک دەوڵەتێکی عەرەبی ناساندوە، ڕێک وەک ئەوەی کورد و کوردستان بوونیان نەبێت لەو وڵاتە.
هاوکات، ئیمپراتۆرییەتەکان، بە عوسمانی و سەفەوییەوە، بەگشتی هێترۆجینیەس و فرەجەمسەرن (multipolarity)، ڕێک پێچەوانەی چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هۆمۆجینیەسکردنی وڵاتەکەیان و فرەجەمسەری ڕەت دەکەنەوە و مۆنۆپۆلی دەسەڵات دەکەن.
نەتەوەی ناوک
لەوانەش گرنگتر ئیمپراتۆرییەت نەتەوەی ناوک (national core) ی نییە، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتەوەیەک دەبێتە، دەکرێتە، یان بووەتە، نەتەوەی ناوک. بەواتایەکی دیکە، ئیمپراتۆرییەتەکان سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردن و ئەسیمیلەکردنی ئەوانی دیکەیان لەناو یەک نەتەوەدا پەیڕەو نەدەکرد. بۆ نموونە، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان/قاجارییەکان، پێش ئەوان، ئەمەوییەکان و عەباسییەکانیش، ئەگەر گرنگیشیان بە زمانێک لە زمانەکان دابێت بەڵام سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی زمانێکی دیاریکراویان پەیڕەو نەدەکرد. عوسمانییەکان زمانی تورکی و سەفەویی و قاجارییەکان زمانی فارسییان لە دامودەزگا فەرمییەکانی خۆیان بەکاردەهێنا، هەندێک جار عەرەبیش لە کایەی دینییدا، بەڵام سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن تا دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا و ئێران سەپێنراو نەبوو. بەپێچەوانەوە، هەر کە ئەو دوو دەوڵەت-نەتەوەیە لەسەر میراتی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە دامەزران، ئیدی سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن بەڕادەیەک سەپێنران کە کورد لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی زیندانی دەکرا. ئێران وەک تورکیا توند نەبوو لە سەپاندنی سیاسەتی یاساغکردنی زمانی کوردی، بەڵام دەکرێت ئەم جیاوازییە بۆ جیاوازی لە پراکتیزی سیاسەت لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە بگەڕێتەوە. تورکەکان زیاتر مەیل بە بەکارهێنانی هێزی ڕەقن، کەچی فارسەکان بە خشکەیی و بە بەکارهێنانی هێزی نەرم کوردییان لەبیر خەڵک دەبردەوە.
لە سووریا، کوردەکان نەک وەک نەتەوە و گرووپی ئیتنی و زمانی دانیان پێنەنراوە، بەڵکوو لە میوانێکی ڕەزاقوورس وەک هیچ شتێکی دیکە حیسابیان بۆ نەکراوە. سیاسەتی کەمەربەندی ستراتیجی عەرەبی لە سەرەتای شەستەکانەوە جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم سیاسەتە سیستەماتیکییە سنووری نێوان تورکیا و سووریا بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر لە کورد خاڵی کرا، لە شوێنەکانی دیکەش حکومەت دەستی کرد بە دروستکردنی نیشینگەی (مستەوتەنەی) عەرەبی لە تەنیشت هەر گوندێکی کوردی (مەلازادە ٢٠٢٢: ٢٦٥-٢٦٦).
لە عێراق، لە ١٩٦٣ وە تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢% ی باشووری کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتن. هاوکات، دەوڵەتی عێراق سەدان هەزار کوردی فەیلی لە عێراق بە زۆرەملێ دەرپەڕاند بۆ ئێران. تا ١٩٨٧، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ١٩٢٨ گوندی کوردستانیان خاپوور کرد بە پاسا و بیانووی جیاجیا، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ هەرچی گوندی دیکەی کە مابوو لەگەڵ زەوی تەخت کران (کرمانج ٢٠١٧: ٢٦٢-٢٩١)، بەمەش تاکوتەرا نەبێت، گوند لە سەرتاسەری کوردستان نەما.
ئەو نموونانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، لە ڕاستیدا، لەوەی دەرهەق بە کورد و کوردستان لە هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کراوە مشتێکە لە خەروارێک، چونکە لەم کورتە بەسەرکردنەوەیە تەنیا مەبەستمان ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان مامەڵە و ڕەفتار و کرداری ئیمپراتۆرییەتەکان لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکان دەرخەین. ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی چەند خراپ بووبن بەرانبەر بە کورد بەڵام سیاسەتی جینۆساید و زمانکوژی و کولتوورکوژی و ژینگەکوژییان پەیڕەو نەکردووە لە دژی. یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی/قاجاری نەتەوەی ناوکیان نەبووە. لەبەرابەردا، نەتەوەی تورک، فارس یان عەرەب ئەستوونێکی سەرەکی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا-یان پێکهێناوە. بەڕادەیەک کە دروشمی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا ئەگەر بە ئاشکراش دروشمی هەر چوار دەوڵەتەکە نەبوو بێت، ئەوە بە پراکتیز کار بۆ ئەم تێگەیشتن و دیدە کراوە، کە نەتەوەیەک وەک ناوک وەرگیراوە و کورد و کوردی پەراوێز و یاساغ کراون.
وەک بەشێک لە بەناوککردنی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب لە چوار دەوڵەت-نەتەوەکە، کە لە ئیمپراتۆرییەتدا هاوتای نەبووە، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا چوار دەوڵەتی توێنەر (assimilative) بوون، کەچی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی/قاجاری ناتوێنەر (non-assimilative) بوون. لەم نێوەدا و بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەت-نەتەوە خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ وەگەڕدەخا هەم بۆ قووڵکردنەوەی سیاسەتی نەتەوەی ناوک، هەم بۆ تواندنەوەی ئەوانی دیکە، کورد بۆ نموونە، لە قازانی نەتەوەی زاڵدا. لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ، دەوڵەت-نەتەوە دەگاتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵاتەکە، بەڕادەیەک وڵات و هەرێم و جوگرافیاکان چەندی سەخت و دوورەپەرێز بن بەڵام دەست و گوێچکە و زمان و سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە پێیان ڕادەگات و زمانی دایک و نەتەوە بێدەوڵەتەکان یاساغ دەکات، پەراوێز دەکات، لە فەزای گشتی وەدووریان دەخاتەوە.
خوێندنی بەکۆمەڵ
لە ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلام تا دەگاتە ڕووخانیان لە سەرەتاکانی سەدی بیستەم، خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ و فەرمی بوونی نەبوو. کەسانێک، نەک خەڵک، ئەگەر بە زمانێکی دیکەش (عەرەبی، فارسی یان تورکی) لە قوتابخانە دینییەکان (ئەوەی لەنێو کورد وەک "حوجرە" ناسراوە) خوێندنیشیان کردبێت، ئەوا، یەکەم، ژمارەیان هێندە کەم بووە هیچ کاریگەرییان لە زمانی گرووپە ئیتنییەکان نەبووە. دووەم، دەرچووانی حوجرەکان دواتر بوون بە مەلا لە شار و گوندەکان کە لەوێ بەگشتی لە مزگەوتەکان، تەنانەت ڕۆژانی جومعە لە خوتبەکانیش، هەر بە کوردی قسەیان کردووە.
بە واتایەکی دیکە، زمانی فەرمی ئیمپراتۆرییەت هیچ ڕێگە و ڕێچکەیەکی نەبووە بگات بە خەڵک/عەوام. لە ڕاستیدا، لە هەزار ساڵی پێش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە، کورد بەگشتی، مەلاکانی لێ دەرچێت، یان ئەو فەرمانبەرانەی لە بەغدا و تاران و ئەستەمبوڵ کاریان دەکرد، کەسی دیکە بێجگە لە کوردی زمانێکی دیکەی نەزانیوە و بەکارنەهێناوە، بەدەگمەن نەبێت. بەواتایەکی دیکە، کورد و کوردی، وەک گرووپێکی ئیتنی و زمان نەک هەر مەترسی لەناوچوونی لەسەر نەبوو، بگرە هیچ هەڕەشەیەکی توانەوە و ئەسیمیلەبوونی ڕووبەڕوو نەبۆتەوە چونکە ئیمپراتۆرییەتەکان بەگشتی توێنەر نین بە بەراورد بە دەوڵەت-نەتەوە کە کۆڵەگەی لەسەر وەکیەککردن و سڕینەوەی فرەیی و جیاوازییەکان داناوە و کەڵک لە خوێندن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بۆ ئەم مەبەستە وەردەگرێت.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، یەکێک لە کۆڵەگەکانی دەوڵەت-نەتەوە خوێندنی فەرمی و بەکۆمەڵە. دەوڵەت-نەتەوەکان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) هەر لەگەڵ دامەزراندنیانەوە لە چەند دەیەیەکدا، خوێندن بە زمانی تورکی، فارسی یان عەرەبیـیان کرد بە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن و پەروەردە و زانست، ئەمەش وای کرد کە ئەم زمانانە ببن بە زمانی ئەدەب و نووسین و مەعریفە. بەمەش زمانی کوردی پەراوێزخرا و لە پێگەیەکی نزمتر نیشتەجێ کرا. دەوڵەت، لەڕێگەی خوێندن و پەروەردە گەیشتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵات (بە کوردستانـیشەوە)، نەک هەر زمانی نەتەوە سەردەستەکانی سەپاند بەسەر منداڵانی کورد، بەڵکوو عەقڵییەت و زهنییەت و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی دەوڵەت و نەتەوە داگیرکەرەکەی خزاندە نێو مێشکی منداڵ و لاوانی کورد. ئەمەش لە هەموو شتێک زیاتر ئاسانکاریی بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد کرد. شتگەلی لەم شێوەیە، لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکاندا نموونەیان نەبوو.
ڕۆڵی خێزان
لەوانەیە گرنگترین جیاوازی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندی بە ڕۆڵی خێزانەوە هەبێت وەک دامەزراوەیەک و ناوەندێک بۆ گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردن و گۆڕینی زمان، دابونەریت و کولتوور و مێژوو و ناسنامە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان، خێزان وەک یەکەیەک و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە فێرکردن و پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵان و نەوەکانی دواڕۆژ، هاوکات، گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردنی زمان، دابونەریت و کولتوور (بەهاکان و ماناکان و تێگەیشتنەکان و تێڕوانینەکان و ڕەوشتەکان). ئەوە بەو مانایە نییە کە دامەزراوەکانی ئیمپراتۆرییەت ئەو ڕۆڵەی بە فەرمی و ڕاستەخۆ بە خێزان سپاردبێت بەڵکوو لاوازی ناوەندێتی و سروشتی ئیمپراتۆرییەتەکان و نەبوونی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ ژینگەیەکی لەو شێوەیەی خولقاندبوو. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا منداڵ ئەو زمانە فێر دەبێت کە داییوبابی قسەی پێدەکەن؛ هەڵگری دابونەریت و کولتوورێکیش دەبێت کە ماڵەوە و لە گوندەکەی پێیەوە ئاشنا دەبێت. ناسنامەکەشی ڕەنگدانەوەی کارەکتەرەکانی خێزان و گوند و دەوروبەرەکەی دەبێت. بەکورتی، کاتێک منداڵێک لە گوندێکی هەکاری، شارباژێر، عەفرین، یان مەریوان لە دایک دەبێت، بە زمانی دایکی، کە کوردییە، قسە دەکات؛ جلوبەرگ و دابونەریتەکانیش هاوشێوەی خەڵکی گوندەکەی و دەڤەرەکەی دەبێت؛ ناسنامەکەشی لە ئاستە بچووکەکەی سەر بە بنەماڵەیەکی دیاریکراو لە گوندێک و عەشیرەتێک لە دەڤەرێک دەبێت و لە ئاستە گەورەکەش هەڵگری ناوی گرووپێکی ئیتنی (وەک: کورد، عەرەب، تورک) یان دینیی (وەک: موسڵمان، کرستیان، جوو) دەبێت. کارتی باری کەسی و کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت لە بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆرەکاندا بوونیان هەر نەبوو تاوەکوو خەڵکیان پێ پێناس بکرێت یان بناسرێنەوە.
بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە سەرەتاش وا نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ دامەزراندن و بەناوەندبوونی دەوڵەت-نەتەوە، ئەرک و ڕۆڵی خێزان ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و بێکاریگەرتر بۆتەوە، بەڕادەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک و زیرەکیی دەستکرد، خێزان خەریکە کاریگەریی هەر نەمێنێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە، وەک میدیا و سۆشیالمیدیا ببنە جێگرەوەی خێزان لە پەروەردەکردن و دروستکردن و گۆڕینی منداڵ و گەنجان.
وەک لە پەیوەند بە ئیمپراتۆرییەت ئاماژەی پێکرا، ئەم جێگۆڕکێیە لە ڕۆڵەکان هەندێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی ناوەندگەرایی و حەز و تەماحی دەستوەردانە لە دەوڵەت-نەتەوەکاندا، بەڵام هەندێکیشیان مەرج نییە لە جەوهەری دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە پێشکەوتن و پێشهات و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکانەوە هەیە.
لە پەیوەند بە پرسی کورد، چوار دەوڵەت-نەتەوەکە هەر لەسەرتای دامەزراندنییانەوە، لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن پەروەردەی بەکۆمەڵ بەردەوام ڕۆڵی دەوڵەتیان بەهێز و خێزان بێهێز کردووە. هاوتەریب، زمان فەرهەنگ و کولتوور و دابونەریت و مێژوو و یادەوری هاوبەش و ناسنامەی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەر منداڵانی کورد دا سەپێنراوە. ئەگەر لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان هەلێک ڕەخسا بێت، ئەوا کاریگەریی دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زیاتر بووە.
لە میانی دامەزراوە پەروەردەیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنۆلۆجییەکان، کوردستانی پڕ شاخ و داخ و دۆڵی سەخت و دژوار تەخت بووە، تەخت کراوە، بە مانا مەجازییەکەی، وەک چۆن تۆماس فریدمان ئەم تێرمە بەکاردێ ابردوودا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک و زیرەکیی دەستکرد، خێزان خەریکە کاریگەریی هەر نەمێنێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە، وەک میدیا و سۆشیالمیدیا ببنە جێگرەوەی خێزان لە پەروەردەکردن و دروستکردن و گۆڕینی منداڵ و گەنجان. وەک لە پەیوەند بە ئیمپراتۆرییەت ئاماژەی پێکرا، ئەم جێگۆڕکێیە لە ڕۆڵەکان هەندێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی ناوەندگەرایی و حەز و تەماحی دەستوەردانە لە دەوڵەت-نەتەوەکاندا، بەڵام هەندێکیشیان مەرج نییە لە جەوهەری دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە پێشکەوتن و پێشهات و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکانەوە هەیە.
لە پەیوەند بە پرسی کورد، چوار دەوڵەت-نەتەوەکە هەر لەسەرتای دامەزراندنییانەوە، لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن پەروەردەی بەکۆمەڵ بەردەوام ڕۆڵی دەوڵەتیان بەهێز و خێزان بێهێز کردووە. هاوتەریب، زمان فەرهەنگ و کولتوور و دابونەریت و مێژوو و یادەوری هاوبەش و ناسنامەی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەر منداڵانی کورد دا سەپێنراوە. ئەگەر لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان هەلێک ڕەخسا بێت، ئەوا کاریگەریی دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زیاتر بووە.
لە میانی دامەزراوە پەروەردەیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنۆلۆجییەکان، کوردستانی پڕ شاخ و داخ و دۆڵی سەخت و دژوار تەخت بووە، تەخت کراوە، بە مانا مەجازییەکەی، وەک چۆن تۆماس فریدمان ئەم تێرمە بەکاردێنێت لە بەستێنی جیهان لەئاکامی جیهانگیرییدا (Friedman 2007). بە واتایەکی دیکە، لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان ئەگەر سەختی ناوچە کوردستانییەکان لەمپەڕێک بوو بێت لەپێش گەیشتنی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست، ئەوا لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوە، هیچ کونوقوژبنێکی کوردستان نەماوە کە دەزگا پەروەردەییەکان، ئەمنییەکان، یاساییەکان، تەکنۆلۆجییەکان، میدییاییەکان، هتد، دەستیان پێڕانەگەیشتبێت و کاریگەریی دراماتیکی و جەوهەری و یەکلاکەرەوەییان جێنەهێشتبێت. بۆ نموونە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە دوورەدەستترین گوندەکانی شرناخ (تا ئێستا)، سەردەشت (تا ئێستا)، کانی ماسی (تا ١٩٩١) و کۆبانێ (تا ٢٠١٣) قوتابخانە کراوەتەوە و دەوڵەت لەڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ منداڵانی کورد، لە شەش ساڵی تا ١٨ ساڵی، نەک هەر فێری خوێندن و نووسین دەکات بە زمانێکی دیکە، بەڵکوو زمانی نەتەوەیەکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و زمانی دایکیان یاساغ دەکرێت و بە مێژوو و کۆیادی تورک و فارس و عەرەبیش جۆش دەکرێن. لە دوای ١٨ ساڵیشەوە ڕاکێش دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازی و لەوێ بە فەلسەفە و تێگەیشتنی نەتەوەی داگیرکەر پەروەردە دەکرێن و زۆرجار دەکرێن بە بەشێک لەو سوپایەی کە سەد ساڵە کوردستانی داگیرکردووە و خاپوور دەکات.
بۆیە دەکرێت بڵێین ئەگەر کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، کوردی وەک زمان، لە هەزار ساڵی ڕابردوودا ماون ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت، کە بەئاگایی بێت یان بێئاگایی، دنیایەکی ڕەخساندبوو کە فرەیی تێیدا گەشەش نەکات لەناونەچێت. پانتاییەک کە فارس و تورک و عەرەب، بەبەراورد بە کورد، ئەگەر باڵادەستریش بووبن بەڵام هەژموونگەرا نەبوون کە ببن بە نەتەوەی ناوک لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتەکە و سیاسەتێکی سیستەماتێک بوونی نەبوو بۆ تواندنەوەی کورد لە قازانی ئەوانی دیکە. بە چەقبوونی خێزان و دووردەستی ئەم دامەزراوەیە لە دەستوەردانی ئیمپراتۆرییەت ژینگەیەکی دروستکردبوو کە منداڵێک ئەگەر لە خێزانێکی کورد لە دایک ببێت ئەوە بەو زمانە قسە دەکات و هەڵگری ئەو ناسنامەیش دەبێت. ئیمپراتۆرییەتەکان، وەک دەوڵەت-نەتەوەکان نەبوون کە سروشتێکی ئەختەبووتیان هەیە و دەستوەردان لە هەموو کونوکەلەبەرێک بکەن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بسەپێنن، لەڕێگەی ئەویشەوە هەژموونگەرایی نەتەوەی ناوک (تورک، فارس یان عەرەب) بەسەر کورد دا دروست و زاڵ بکەن. هەژموونگەراییەکە بەڕادەیەک بێت کە پێگەی خێزان و ماڵ جێلەق بکەن و جێگۆڕکێ بە ڕۆڵەکەی بکەن لە پەروەردەکردن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە.
