ململانێ ناوخۆییەکانی ئاکەپە؛ ئەردۆغان دەشکێنێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



موفید محمد نووری
   
ململانێی ناوخۆیی لەناو هەر خێزان، پارت یان حکومەتێکدا، ڕێچکەیەکی حەتمییە بەرەو داڕمان و ئیفلیجبوونی ئەو پێکهاتەیە. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) نموونەیەکی زیندووی ئەم ڕاستییەیە؛ پارتەکە دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩دا تووشی شەپۆلێکی جیابوونەوەی گەورە بوو، کە تێیدا کەسایەتییە دیارەکانی وەک ئەحمەد داودئۆغڵو، عەلی بابەجان، بەشیر عەتاڵای، و سەعدوڵڵا ئێرگین بە فەرمی ئیستیقالەیان کرد، و هاوکات هاودامەزرێنەرێکی گرنگی وەک عەبدوڵڵا گول بە تەواوی پەراوێز خرا، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە گێژاوی ناکۆکیی ناوخۆییدایە. سێلچوک بایراکتار، کە زاوای خودی ئەردۆغانە و ئەستێرەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە، چاوی بڕیوەتە جێگرتنەوەی خەزووری. بەپێی هەواڵەکان و شیکارییەکان، بایراکتاری ملیاردێر وەک بەهێزترین جێگرەوەی ئەگەری سەیر دەکرێت و تەنانەت لەلایەن زاوەکەی تری ئۆردوغانەوە پشتگیری دەکرێت. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ئۆردوغان متمانەیەکی ئەوتۆی بە تواناکانی کوڕەکەی، نەجمەتتین بیلال نییە.

بەڵام هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئێستا، خۆی بە ڕکابەری سەرەکی دادەنێت. فیدان، کە ماوەیەکی درێژە وەک "سندووقە ڕەشەکەی" ئەردۆغان چاوی لێدەکرێت، ئاگاداریی تەواوی لەسەر وردەکاریی نهێنی و ئابڕووچوونە ناوخۆییەکانی پارتەکە هەیە. ئەو بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکەی لە بواری دیپلۆماسی و هەواڵگریدا، کار بۆ ئەوە دەکات ڕێگای خۆی بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتی بکاتەوە. فیدان، کە لە ماوەی ١٣ ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا توانیبووی ڕێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانی (میت) بکاتە ئامرازێکی کاریگەر لەژێر دەستی دەوڵەتدا، ئێستا ئەم پێگە بەهێزەی خۆی بۆ ململانێی دەسەڵات بەکاردەهێنێت.

سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی، بووەتە سەرچاوەیەکی دیکەی فشار بۆ سەر سەرۆکایەتییەکەی. ئەم گەشتە، کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی هەبوو، گومان دەکرێت لەلایەن جارێد کوشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپەوە ڕێکخرابێت، کە هۆکارەکەی بۆ بەرژەوەندییە بازرگانییە ناڕاستەوخۆکانی کوشنەر لە ڕێگەی بازنە نزیکەکەی ئەردۆغانەوە دەگەڕێتەوە. لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بوو کاتێک ترەمپ بە وتەیەکی پڕ لە گاڵتەجاڕی، ئەردۆغانی خستە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە و وتی: "سەرۆک ئەردۆغان لە هەمووان باشتر لە هەڵبژاردنی ساختە تێدەگات." هەرچەندە ترەمپ ویستی ئاماژە بە چیرۆکی خۆی بکات کە گوایە بە ناحەق لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، بەڵام قسەکانی وەک تۆمەتبارکردنی ئاشکرای ئەردۆغان لێکدرایەوە. ترەمپ تەنگژەکەی قوڵتر کردەوە کاتێک نەک هەر ئامادە نەبوو سزا سەربازییەکانی سەر تورکیا هەڵبگرێت، بەڵکو چەند مەرجێکی قورستریشی سەپاند، وەک کۆتاییهێنان بە بازرگانیی نەوت لەگەڵ ڕووسیا و چارەسەرکردنی کێشەی سیستەمی مووشەکی S-400. سەرەڕای ئەم شکستە ڕوونە، وەک پیشەی هەمیشەیی، ئەردۆغان بانگەشەی سەرکەوتنی سەردانەکەی کرد، بەڵام هاکان فیدان بە ئاشکرا دژی وەستایەوە و بە "شکست" ناویبرد، جەختیشیکردەوە کە سەردانەکە هیچ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێی لەگەڵ واشنتۆندا لێنەکەوتووەتەوە.

ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئاکەپە تەنها لەسەر جێنشینیی ئەردۆغان نییە، بەڵکو پرسی کوردیش گۆڕەپانێکی سەرەکیی ململانێکەیە. هاکان فیدان وەک نوێنەری "باڵی توندڕۆ"ی پارتەکە، دژی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ئاشتییە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). فشارەکانی فیدان تەنانەت سنوورەکانی تورکیاشی بڕیوە؛ ئەو بەردەوام گوشار دەخاتە سەر ئەحمەد ئەلشەرعە (جۆلانی) لە سووریا، تا هیچ سازشێک بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نەکات، مەگەر بە مەرجی چەکدانان و تێکەڵبوونیان لەگەڵ میلیشیاکانی دیکەدا. ستراتیژی فیدان لەسەر بنەمای  هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پەکەکە بنیات نراوە. بەڵام ئیبراهیم کاڵن(سەرۆکی ئێستای میت) و خودی ئەردۆغان، بۆچونیان جیاوازە و ئەوان دژی ڕێبازە توند و یەکلایەنەکەی فیدانن و پێیان وایە دەکرێت کەناڵی سیاسی و گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنرێن بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی دەوڵەت. 

ڕۆڵێک کە هاکان فیدان ئەمڕۆ لە سیاسەتی تورکیادا دەیگێڕێت، بیرهێنەرەوەی کەسایەتییەکی مێژوویی وەک زیا گۆکالپە (١٨٧٦-١٩٢٤)، کە بە "باوکی هزریی ناسیۆنالیزمی تورکی" دادەنرێت. گۆکالپ، کە خۆی بە ڕەچەڵەک کوردێکی دیاربەکر بوو بەڵام نکۆڵیی لێدەکرد و خۆی وەک تورکێکی ڕەسەن دەناساند، لە سەردەمی داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا شێلگیرانە کاری بۆ بەتورککردنی دەوڵەت دەکرد. بیردۆزەکەی، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەتاتورک و دامەزرێنەرانی کۆماری تورکیا هەبوو، لەسەر سێکوچکەی "بەتورککردن، بەئیسلامکردن، و بەهاوچەرخکردن" بنیات نرابوو.

ئامانجی ئەوە بوو کە لە ڕێگەی زاڵکردنی زمان و کەلتووری تورکی و مۆدێرنیزەکردنی ئیسلامەوە، ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو دروست بکات، کە لە ئەنجامدا بە مانای سڕینەوە و تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و عەرەب دەهات. ئەمڕۆ، هاکان فیدان، کە ئەویش دەنگۆی کوردبوونی لەسەرە، هەمان ڕۆڵی گۆکالپ بە شێوازێکی هاوچەرخ دووبارە دەکاتەوە. فیدان نوێنەرایەتیی ئەو باڵە توندڕە و دەوڵەتپارێزە دەکات کە باوەڕی بە چارەسەری ئەمنی و هەواڵگریی هەیە بۆ هەر کێشەیەک کە وەک هەڕەشە لەسەر "یەکپارچەیی دەوڵەتی تورک" سەیری بکات. 

تورکیا بەرەو ناسەقامگیرییەکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت، کە لە چەندین قەیرانی هاوکاتدا خۆی دەبینێتەوە: گرژییەکانی قوبرس لەگەڵ یۆنان، داڕمانی ئابووری، هەڵاوسانی بەلێشاو، پەککەوتنی ژێرخانەکان، و قوڵبوونەوەی ململانێی ناوخۆیی ئاکەپە لەسەر پرسی کورد. لەم دۆخەدا، ئەگەری سەرکەوتنەوەی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا زۆر کەم بووەتەوە، چونکە ناکۆکییە ناوخۆییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پارتەکەی لاوازتر دەکەن. هاوکات، ئەو کۆمپانیا تورکیانەی کە پەیوەندیی پتەویان لەگەڵ ئاکەپەدا هەیە، بەهۆی بەرزیی تێچووی قەرزەکانەوە کە بکەی لاوازتر دەکەن. هاوکات، ئەو کۆمپانیا تورکیانەی کە پەیوەندیی پتەویان لەگەڵ ئاکەپەدا هەیە، بەهۆی بەرزیی تێچووی قەرزەکانەوە کە بازاڕی خنکاندووە، ڕووبەڕووی مایەپووچبوونەوە دەبنەوە. ئەم قەیرانە ئابوورییە سەختە شەپۆلێکی لە مایەپووچبوونی کۆمپانیاکانی دروست کردووە، بەتایبەتی ئەو بزنسانەی کە پەیوەندییان بە سیاسەتەوە هەیە و ئێستا لەژێر فشاری دارایی زۆردان. لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش، تورکیا لە ململانێی ئیسرائیل-فەلەستیندا بەردەوام ڕۆڵێکی ناڕوون و دووفاقییانەی گێڕاوە، کە دواجار بووەتە هۆی پەراوێزخستنی لە هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانی هێزێکی ئاشتیپارێز لە غەززە. ماوەی دەسەڵاتداریی نزیکەی ٢٦ ساڵەی ئەردۆغان، وەک یەکێک لە درێژترین و ستەمکارترین سەردەمەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا دادەنرێت. لەم قۆناغەدا، دەسەڵات گەیشتووەتە ئاستێکی وا لە ناوەندگەرایی کە هەرگیز لە مێژووی کۆمارەکەدا وێنەی نەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار