لەکەی قاچاغچێتی بۆ گرێی کەلتوری قەیرانی کوردبون لەبەریتانیا
2 هەفتە لەمەوپێش
نەبەز ئەحمەد
ڕۆمان نوسی بەریتانی زەدی سمس لەڕۆمانی ددانە سپیەکان لەگوزارشتێکی سەرەنجڕاکێشدا دۆخی مرۆیی کۆچبەر وەک پارادۆکسێکی پۆزەتیڤانە دەبینێت کاتێک دەڵێت تۆ ناتوانیت هەرگیز ڕابکەیت و خۆت بشاریتەوە لەمەی کە تۆ کێیت، بەڵام لەهەمان کاتیشا ناتوانیت بزانیت تۆ کێیت تا لەماڵ دورنەکەویتەوە، بەمانایەکیتر ئەمەی زەدی گوزارشتی لێدەکات بریتیە لەمەی خودناسین و هۆشیاربون بەخود پڕۆسێسێکی خودئاگایانە یان تەواو سوبێکتیانە نیە بەڵکو بریتیە لە پێگەگرتن و بەژداری ئەمانیتر لەم پڕۆسەیە، ئاگای لەسەر ئەمانیتر ڕەنگدانەوەیە لەسەر ئاگایی خود، لێرەدا ئەمانیتر تەنیا تاکێک یان سوبێکتێک نیە بەڵکو هۆشیاری و دونیابینیە کە لە ڕێگای ناسنامە و کەلتور گوزارشت لەخۆی دەکات. واتا خود ناسین بریتیە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی بەرکەوتن و ئاڵوگۆڕی لەگەڵ دونیابینی دەرەوەی ماڵە چکۆڵانەکەی خۆت.
بەم شێوەیە بون و مانەوەی هۆشیاری سوبێکت لەسەر پەیوەندیەکی نەپچراو بە سنورەکانی جیهانی دەرەوەی خۆی وەستاوە، هۆشیاری سوبێکت لە ئاستی تاک، کەلتور وەک ڕەنگدانەوەی ئەم هۆشیارە لە ئاستی گشتی، لەخودی خۆیاندا جەوهەر نین بەڵکو پڕۆسە و بەرهەم هێنانێکی نەپساو نەوەستاون کە بەردەوام لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیان بەنێویەکداچون، واتا مەرجی بنەڕەتی بونیان بریتیە لە پارێزگاریکردن لەدۆخی شلیان و بەرگەگرتن لەوەرگەڕان بۆ دۆخی ڕەقی، چونکێ لە دۆخی ڕەقیدا لەشوێنی هۆشیاری، گرێی دەرونی و کەلتوری گەشەدەکەن، بەتایبەت دوهەمیان کە لەڕوانگەی تۆماس سینگە یەکێک لەدرێژە پێدەرانی قوتابخانەی یۆنگ، گرێی کەلتوری کاریگەریەکانی مەترسیدارترو سەخترە چونکێ دونیا بەتەواوی بەسەر ڕەش و سپی دابەش دەکات و بۆ ئەمەش هیچ پێویستی بە لۆجیک و گفتوگۆ نیە تەنانەت لە دۆگما ئاین و ئایدۆلۆژیەکانیش مەترسیدارترە.
لەسەر بنەمای ئەم دونیابینیە دەزگا زانستیە سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیاکانی خۆرئاوا سیستمی فرەکەلتوریان بە تەندروستر دانا لە پیادەکردنی یەک کەلتوری بەمەش سیستەمەکە لەلایەن کایەی سیاسی پێشوازیەکی بێوێنەی لێکراو خرایە جێبەجێکردن لەڕێگای سەدان یاساو پۆلەسی جیاجیا.
لە ئێستادا دوای زیاتر لە نیو سەدە لە پڕاکتیکی (Multiculturalism) لەبەریتانیاو بەشی زۆری کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان و فەراهەم کردنی پیادەکردنی ئازادانەی کەلتور بەتەواوی ڕەهەندە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی بۆ ئەوەی پڕەنسیپی گفتوگۆ و بەژداری ئازادانە پێوەری جەوهەری بێت لەنێوان کەلتورە جیاکان، وا چاوەڕوان دەکرا لەم ڕێگاوە گەشەی کەلتوری بە ئاڕاستە تەندروستەکەدا ببرێت، بەمەی کەلتورەکان تەنیا لەڕێگای بەنێویەکداچون و کاریگەریان لەسەر یەکتری دەتوانن لەبونی خۆیان هۆشیار ببێتەوە و گەشەبکەن. بەڵام دەرەنجامەکە لە واقعدا شتێکیتری لێکەوتەوە، کەلتورەکان بەتایبەت کەمینەکان و کۆچبەرەکان، فرەکەلتوریان وەک فریادرەسێک بینی لەسەر ئاستی تیۆری و پڕاکتیکیدا بۆ دەرگاداخستن و کێشانی دیوارێکی نەبڕ بەدوری خۆیاندا و گەشەدان بە ترس و فۆبیای توانەوە و لەدەستدانی ناسنامە. بۆنمونە لە بەریتانیا شارەکانی Bradford, Oldham, Burnley,، Birmingham, London بون بەقەڵای خۆداڵدەدانی کۆمەڵگە موسڵمانەکان لەڕێگای پچراندنی هەرچی پەیوەندی سەرەتاییە لەگەڵ کۆمەڵگای و کەلتورەکانی تر، بەجۆرێک دەیڤید کامیرۆن لە ساڵی 2011 لە کۆنفراسی میونخدا فرەکەلتوری بە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەژمارکرد، ئەمەی کامیرۆن لێی دەترسا بریتی بو لە گەشەی سیاسەت لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەبی و دژایەتی بەها لیبڕالیەکان کە لەدواهەمین هەڵبژاردنی گشتی 2024 ئەم هەڕەشەیە هاتە دی کاتێک 7 ئەندام پەڕلەمان لەسەر بنەمای ئیسلامیزم و مەزهەبی گەیشتن بە پەڕلەمان.
لەدەرەنجامدا فرەکەلتوری نەوەک تەنیا کۆمەڵگای دابەشکرد و خاڵە هاوبەشەکانی تا ئاستی سفر نزیک کردەوە بەڵکو تەواوی پڕۆسەی ئاوێزان بون و تێکەڵ بونی لەباربرد و دەرفەتێکی نایابیشی خستە بەردەم بزوتنەوە ڕاستڕەوەکان و دژە کۆچبەرەکان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات، لە هەمان کاتدا ڕوبەری ئازادی تاکەکەسیشی خستە مەترسیەوە بە بەخشینی ڕەوایەتی ڕەها بە کۆمەڵگاو گڕوپەکان بەمەی چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەندامەکانیان دەکەن، لەم نێوەندەشدا ژنان و مناڵان زیانمەندی سەرەکی بون. چونکێ لەڕوانگەی Multiculturalism کەلتورەکان بەهایەکی ڕێژەیانەیان هەیە و بەجۆرێک گشتیان یەکسان و هاوسەنگن، هیج کەلتورێک مافی لاف لێدانی باڵای و باشتری نیە هەرچەندە زیاتریش داهێنان و سودی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردبێت، بۆیە لای ئەم دونیابینیە رەخنەکردنی هەر کەلتور و نۆڕم و بەهایەک حەرامێکی گەورەیە و تاوانەکە لە رەگەزپەرستی مەترسیدارترە.
سەرەڕای تەواوی لێکەوتە نێگەتیڤەکانیشی بەڵام فرەکەلتوری دەرفەتی ڕەخساند لەبەردەم کەمە نەتەوەکان بەیانی گوتاری خۆیان بکەن، واتا پڕۆسەکە لە قۆناخێکی داخراو بو بە دیبەتێکی گشتی، سنورو درزەکان چیتر بە گوتاری ساختە پەردەپۆش نەکران، بەشە لەیەک جیاکان و دژیەکەکان، کەلتورو دونیابینیەکان لەسەردەمی فرەکەلتوری ڕونتر دەرکەوتن، چیتر کۆمەڵگا بریتی نەبو لەیەکەیەکی یەگرتو و دابەشنەبو، بۆیە دەکرێت ئەم دەرخستن و ڕونکاریە بە تاکە دەسکەوتی فرەکەلتوری دابنرێت.
لێشاوی گەیشتنی کۆچبەری کوردی بە بەریتانیا و جێگیربون و بڵاوبونەوەی کە لەساڵانی دوای جەنگی یەکەمی کەنداو دەستپدەکات هاوشان بو لەگەل تڕۆپکی باڵادەستی گوتاری فرەکەلتوری لە بەریتانیا، لەم کاتەدا تەواوی کەمە نەتەوەکان ببون بەخاوەن سەکۆی خۆیان و پێداگری و پاراستنی بەهاو نۆڕمەکانی ئەم گڕوپانە تاکە کاری سەرەکی ژیانی کەلتوری بو، کۆچبەرەکان هەر ئەوەندەیان لەسەر شان بو بەزوترین کات پەیوەندی بە گڕوپی کەلتوری خۆیانەوە بکەن و پارێزگاری لە بەهاکانیان بکەن.
بەڵام مرۆڤی کوردی ڕوبەڕوی دۆخێکی ناوازە دەبێتەوە لەم کاتەدا، ئەمیش نەبونی سەکۆیەکی پێگەیشتوی کەلتوریە کە گوزارشت لەناسنامەکەی بکات، نەبونی گوتارێکی ئایدۆلۆژی و کەلتوری تایبەت کە سنوری ناسنامەیی کەلتوری خۆی پێ جیابکاتەوە. لەم دۆخەدا ناسیۆنالیزم و ئاین هیچ کامیان لای کورد نەگەیشتۆتە ئاگایەکی کەسی و کەلتوری کە ناسنامەی لەسەر بونیات بنێت، ئەم چەمکانە زیاتر لە ئاستی دەستەواژە ڕۆژانەیەکان قوڵ نەبۆتەوە سەر ئاستی نائاگای و دەرونی. تێگەیشتن لەم جیاوازیە زۆر گرنگە هەرچەندە لە توانای ئەم وتارەدا نیە بەڵام بۆ ئاسانکاری پێویستە ئاماژە بەنمونەیەک بکەین دەربارەی گوتارە خاوەن سەکۆکان لەبەریتانیا.
بۆنمونە کۆمەڵگای پاکستانی لە بەریتانیا کە خاوەن گوتاری ئیسلامیە و سەکۆیەکی جێگیری کەلتوی هەیە و لەبنەڕەتیشدا ناسنامەکە لەقۆناخی پێش کۆچکردندا سوڕی پڕۆسێسە دەرونی و ئایدۆلۆژیەکانی خۆی تەواو کردوە. چونکێ ناسنامەی ئیسلامی لای پاکستانیەک تەنیا ئاینی نیە بەڵکو ناسنامەیەکی کەلتوری و سیاسیە بەمەی ئاین ڕۆڵی لەژیانی ئەم کۆمەڵگایە تەنیا ئایدۆلۆژیا نیە وەک ژێل کپێلی نوسەری فەرەنسی لە کتێبی جیهاد ئاماژەی پێدەکات بەڵکو ستراتیژیەتێکی مانەوەو جیاوازیە لەبەردەم هەژمونی هیندۆسی کە بۆتە بەشێک لە سیستەمی دەرونی هۆشی ئەم کۆمەڵگایەو گەشەدانە بە بەرهەم هێنانی دژە گوتاری هیندۆسی.
بۆیە پاکستانیەک سیستمێکی ئایدۆلۆژی و کەلتوری جێگیری هەیە کە ڕەگەکانی قوڵ بە سیستمی دەرونی ئەم مرۆڤەوە گرێدراوە و لەژیانی ڕۆژانەدا رستێک لەڕەفتارو تێگەیشتن بەرهەم دێنێت.
بەڵام بۆ کوردێک گوتارەکان تەنیا کەرستەیەکی خێرای ڕۆژانەن کە مامەڵەیەکی دراوی خێرایان پێدەکات بۆ هەلومەرجە کاتیەکان، بۆنمونە ناسیۆنالیزم جگە لە کەرەستەکی بەرگری هەرگیز نابێتە ئەنتی گوتار، ئاین جگە لە کردەیەکی هاوسۆزی ڕۆمانتیکیانە نابێتە ئایدۆلۆژیایەکی خاوەن تایبەتمەندی ئیتنیکی یان کەلتوری. هەرچەندە لە ئەدەبایتی کوردی بەختیار عەڵی تێرمی گوتاری مانەوەی گەشەپێداوە بەڵام تێزەکەی بەختیار بانگەشەی ئەمە ناکات کە گواتاری مانەوە لای کورد بوبێتە ئایدۆلۆژیایەکی هێندە گەشەسەندو بەڵکو گوتارەکە تا ئێستاش هەر لەئاستی ژیانی پڕێمەتیڤیدایە تەنیا ڕاکردنە لە مەرگ نەوەک گوتارێک لەبەرامبەر گوتارێکیتردا. بەم جۆرە مرۆڤی کوردی وابەستەیەکی دەرونی نائاگایانەی قوڵی بە هیج گوتارێکی کەلتوریەوە نیە کە ئاسان لێی ڕزگار نەبێت
غیابی وابەستەیی بە گوتاری کەلتوری لای کۆچەری کورد لەیەک کاتدا دەرفەت و کۆسپ دروست دەکات. دەرفەتی تێکەڵبون بە کۆمەڵگای خۆرئاوایی لەغیابی گوتارێکی خاوەن هەژمونی دەرونی و ئایدۆلۆژی ئاسانترە بۆ کوردێک بەبەراورد بە کەمە نەتەوەکانی تر، بەڵام لە هەمانکاتیشا گرفت و کۆسپیشی لەگەڵە، چونکە پەنابەری کوردی لەکاتێکدا کۆچ دەکات بۆ ئەم کۆمەڵگایانە کە گوتاری فرەکەلتوری باڵادەستەو تەنیا گروپ و گوتارە خاوەن پێگەکان دەرفەت و سەکۆیان پێدەدرێت نەوەک تاکەکان بۆئەوەی بتوانن لەڕێگەیەوە گفتوگۆبکەن و گەشە بە تێکەڵبون بدەن. بەڵام ئەمەی مایەی سەرنجە پەنابەری کورد هیچ یەکێک لەم دوو ئەگەرانەی سەرەوە تاقی ناکاتەوە بەڵکو بە ئاڕاستەیەکی تەواو جیادەڕوات کە لێکەوتەکانی ئەم هەنگاوە دونیابینی کاراکتەری کۆچبەری کوردی لەبەریتانیا دیاری دەکات کە تا ئێستاش کاریگەریەکەی باڵادەستە.
ئەم ئاراستەیەیی کە کۆچبەری کوردی دەیگرێتە بەر بریتیە لە هەڵبژاردنی ڕێگای سێهەم، لەئاستی گشتی ستراتیژیەتەکە دەبێت بە خۆدورگرتن، مانەوە لەدەرەوەی بازنەی گشتی و بەژداری نەکردنی لەژیانی کەلتوری بەهیچ جۆرێک. دڵنیام خوێنەر دەپرسێت بەڵام کورد لە بەریتانیا خاوەنی یانەی کۆمەڵایەتی و مزگەوت و سەنتەری ڕۆشنبیری و دەیان کەسی سەرکەوتوە لەبوارە جیاکانی ژیان و بەژداری دیاریان هەیە. بەڵام بەسەیرکردنێکی خێرا دەردەکەوێت ئەمانە هیچ کامیان لەدەرەنجامی کارکردی گوتاری کەلتوری نین کە بەشێک بێت لە کردەیەکی ئۆرگانی پرۆسەکە بەڵکو تەواوی ئەم چاڵاکیانە کاردانەوەی کاتی و ڕۆژانەین، خزمەت بەهیچ گوتارێکی کەلتوریش ناکەن، زیاتر تاکتیکی شەخسی و دەستەو تاقمی بچوکن وەڵامی پێویستیە شەخسیەکان دەدەنەوە.
ئەم ئاڕاستەیە لەسەر ئاستی تاکیش، شوێن پێگەیەک هەڵدەبژێرێت کە بەختیار عەلی ناوی دەنێت ناشوێن، بەمەی هۆشیارانە لەنێوان شوێن پێگەکان ڕادەکات و یاریەکی زیرەکانە دەکات بۆ مەسرەفی ڕۆژانە، نەوەک بۆ ئازادی ئینسانی خۆی، واتا بەژداری نەکردنەکەی ڕەت کردنەوەی بژاردەکان نیە بەئامانجی بەدەست هێنانی ئازادی ڕەها و مەبەستی بێت کە سوپەرمانی نیچەیی لەخۆی دروست بکات، بەڵکو خۆ دزینەوە و خۆشاردنەوەیە لە ئازادی. ئیتر ئەم هەلێستە لێکەوتەکانیشی لەسەر بەژداری لە دیبەتی گشتی دەگاتە دۆخی نەبونی تەواو.
بەم جۆرە ڕێگای سێهەم دەرفەتێکی کراوەترو ئاسانتر لەبەردەم پەنابەری کوردی دەکاتەوە ئەمیش پابەند نەبون و وابەستەی نەبون بەهیچ نۆڕم و بەهایەک، خاوەنداریەتی نەکردن لە هیچ گوتارێکی کەلتوری، ئەم ڕێگایە دەرفەتی تەواوی مانۆڕکردن بۆ ئەم مرۆڤە دەرەخسێنێت بەبێ هیچ ئاستەنگیەک بەبێ هیچ بەخشین و پابەندبونێکی کۆمەڵایەتی زۆرتین مانۆری شەخسی خۆی بکات، لەبەرمبەردا هیچ مەترسیەکی زیانکردن شک نابات و تێچوە کۆمەڵایتیەکەی بە گارەنتی بریتی دەبێت لە ڕێژەی سفر و ڕێژەی پاداشتیش ئۆتۆماتیکی نائاسا زیاد دەکات.
ئەم دەسکەوتە پڕ سودە بریتی بو لە ئازادبون لە بەرپرسیاریەتی ڕۆل و پێگەی کۆمەڵایەتی، چیتر نۆڕم و بەهاکان بۆ مرۆڤی کوردی حوکم و ڕێسای سەپێنراو نین کە ناچاری پابەند بونی بکات بە یاسا نەنوسراوەکانی کۆمەڵایەتی. بۆنمونە سزادان لەسەر دزی و ساختەیی یان دەستدرێژی سێکسی بۆ هاوڵاتیەکی بەریتانی بەژدار لەژیانی کۆمەڵایەتی کە ڕێسا کەلتوریەکان حوکمی دەکەن باجەکەی زۆر گرانتر دەکەوێت بەمەی هەم لەڕوی یاسایی و هەم لەڕوی کۆمەڵایەتی سزادەدرێت و باجە کۆمەڵایەتیەکەی تەنانەت زۆر سەخترە. بەڵام بۆ هاوڵاتیەکی دەرەوەی بازنەکە جگە لە سزا یاسایەکە هیچ لێکەوتەیەکیتری نیە، تەنانەت بەسود بینین لەیاسا نەرم و لاستیکیە لیبراڵیەکان سزا یاسایەکەش بێ کاریگەر دەکرێت. بەم جۆرە پەنابەری کوردی لەدەرەنجامی ئەم پێگە دەرە بازنەیە و نەبونی هیچ ڕۆڵ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ئامادەبو بۆ گرتنە ئەستۆی هەر ڕۆڵێک کە کۆمەڵگا تەنیا بە زیادە بەشەکەی یان لاوەکیەکەی دەدات. لەنێو ئەم ڕۆڵانەشدا بەڕێوەبردنی بازاڕی ڕەش کە زیادەو نیشانەی نەخۆشی بازاڕی لیبڕاڵە پێویستی بەئەکتەرێکی لەم جۆرە بو کە بەشێک نەبێت لە ژیانی کەلتوری کۆمەڵگاو تێچوە کۆمەڵایەتیەکی هەرزان بێت.
ئەمە بوە هۆی ئەوەی بە هاوکاری دەزگا دەوڵەتیەکان دەرگای دەرفەتێکی پڕداهات لەبەردەم ئەم ئەکتەرە نامۆیە بکرێتەوە، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا بەڕێوەبردنی ئەم بازاڕە کە لەدەرەنجامەکانی سیستیمی ئابوری لیبڕالی دروست بوە هەقیقەتێکی تاڵە و بنەبڕکردنی ئەستەمە تەنیا ڕێکخستنێکی نافەرمی پێویستە کە لەدەست دەوڵەت دەرنەچێت و کاراکتەرێکیش پێوست بو کە زیانی کەلتوری نەبێت، مرۆڤی کورد لەبەریتانیا وەک نامۆیەک باشترین بژاردە بون بۆ ئەم ڕۆڵە.
بەم جۆرە دەستەواژەی قاچاخچێتی بو بەهاومانای کورد بون لە بەریتانیا، لەم ڕێگایەوە کۆکردنەوە و بەیەکەوە نانی سامان کەمترین هەوڵو ماندوبونی دەوێت و ڕێژەی سامان و پارەکە بەئاستێک هەڵاوساوە کە هیچ جۆرە بەرەنگاریەکی لەدژ ناکرێت، پەنابەری کورد لەم وڵاتە بۆ نیشاندانی ناسنامەی ئینسانی خۆی ناچارە بەژداری لە کاری قاچاخچێتی بکات تا ناسنامەیەک بۆخۆی دروست بکات. واتا کورد بون بریتیە لەمەی بەڕێژەیەکی چەندە بەژداریت و چەندە سامانت پێکەوە ناوە لەڕێگەی بازاڕی ڕەش، هەر هەنگاوێکیتر جگە لەمە بریتی دەبێت لە لەکەو نوقوسانی، هەڵبەتە ئەم لەکەیە لەهەردو کۆمەڵگاکە ( کۆمەڵگەی کوردی لە وڵاتی جێهێشتو لەگەڵ وڵاتی رولێکردو کە لێرەدا بەریتانیایە) بەیەک ئاست کاریگەرە و خاوەن هەژمونە، بۆنمونە نەویستراوترین و قێزەونترین کاراکتەر لەهەرودو کۆمەڵگا بریتیە لەم کوردە پەنابەرەی سەرقاڵی خوێندن و بەژداری زانستیە، بەتایبەتی تریش کە مانگانە بڕێکی باش پارە حەوالە ناکات و ساڵانە یەک دوو گەشتی وڵات ئەنجام نادات بۆ نمایشکردنی سەروەت و سامانەکەی.
بەڵام وەستان لەدەرەوەی بازنە سەرەڕای دەسکەوتە نایابە مادیەکەی لەهەمانکاتدا بەهۆی لەکەی قاچاخچێتی و وەستان وەک نامۆیەک لەدەرەوەی بازنەی کۆمەڵایەتی لێکەوتەی دەرونیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. یەکێک لە لێکەوتانە تەشەنەسەندنی گرێی کەلتوریە کە دەکرێت بە یەکێک لە گرفتە دەرونیەکانی کۆمەڵگای کوردی دەستنیشان بکرێت لەبەریتانیا. لەم وتارە من ناپەڕژێمە سەر شیکاری تەواوی ئەم چەمکە سایکۆسۆسیۆلۆژیە بەڵام بەشێوەیەکی گشتی چەمکی گرێی کەلتوری لەلایەن دەرونشیکارانی قوتابخانەی یۆنگ گەشەی پێدراوە و بریتیە لە گەشەی جۆرێک لە ڕەفتارو دونیابینین کە لەدەرەنجامی ستایلێکی ژیانی دوبارەبوەوە و نائارام بەرهەم دێن و لە هۆش و دەرونی دەستەجەمحی ڕەگ دادەنێن. گرێی کەلتوری تا دوا ئەندازە گرفتە کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکان سادە دەکاتەوە و ڕەتی هەرجۆرە تێگەیشتن یان لۆجیکێک دەکات، جیهان بەتەواوی دابەش دەکات بەسەر ئەمەی ڕاستە سەر بەئەوە و ئەوەی تر لەهەڵەدایە، بۆ ئەمەش تەنیا خۆی پێوەرە و دان بەهیچ سەرچاوەیکتر نانێت. ئەم گرفتە دەرونیە باشتر رون دەکرێتەوە ئەگەر لە ڕێگای ڕۆلەکەیەوە سەیربکرێت، ڕۆڵی سەرەکی گرێی کەلتوری بریتە لە جۆرێک کارکرد لەشێوەی میکانزمی دەرونی تاک، واتا لەهەوڵی هاوسەنگکردنی سیستمی دەرونیە لەڕێگای بەلاڕێدابردنی هۆکاری سەرەکی نائارامیەکە و ئاراستەکردنی بەرەو سەرچاوەیەکی تر. بۆنمونە پەنابەری کورد لەبەریتانیا هەمیشە کۆمەڵێک حوکمو تێگەیشتن پەخش دەکات لەوەڵامی دۆخی خۆی وەک نامۆیەک لەکۆمەڵگاو بەژداری لە بازاڕی ڕەش و قاچاخچێتی، لەمانە: ئەم دەوڵەتە قەرزاری ئێمەیە بەهۆی ئەم نەهامەتیانەی بەسەر ئێمەیاندا هێناوە، من پارەی نەوتە دزراوەکەیە دەیسەنمەوە، ئەم کۆمەڵگایە لەڕوی ئەخلاقی گەندەڵە و تێکەڵ بون نەهامەتی بەدواوەیە. بەم جۆرە گرێی دەرونی هۆشیاریەکی بەستوی پرێمەتڤی بەرهەم دەهێنێت کە مرۆڤ دەکات بەبونەوەرێکی دەرە کۆمەڵگا و دەرە کەلتور، گفتوگۆ و لۆجیک هیچ شوێنێکیان نیە لەم هۆشیاریەدا. بەم جۆرە سیستمی سایکۆلۆژیای پەنابەری کوردی بەتەواوی کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەم گرێ دەرونیە و دەتوانرێت بەئاسانی لەڕەفتارو گوتارەکانی تێبینی بکرێت. سادەکردنەوە و حوکمە ڕەهاکان تاکە زمانی گفتوگۆو پەیوەندی کردنە لەگەڵ خودی خۆو جیهانی دەرەودا.
دەرەنجامەکانی ئەم گرێ دەرونیە لەسەر هۆشیاری مرۆڤی کوردی لەبەریتانیا بەجۆرێک کارەساتاویە کە لەنێوجەرگەی شارستانیەتی پێشکەوتوی خۆرئاوایی کاراکتەرێکی دواکەوتو پرێمەتیڤ بەرهەم هاتوە هاوشانەکەی لە لاتەریکترین و دواکەوتوترین ناوچەو لادێکانی کوردستان نادۆزرێتەوە. مرۆڤی کوردی لە بەریتانیا هێندە دواکەوتو چەقیوە لە هەژاری کەلتوری و زیهنیدا تەنانەت ناتوانێت لە وڵاتی یەکەمی خۆشیدا جارێکیتر ژیانێکی ئاسای ڕێکبخاتەوە، چونکێ نەوەک بەهۆی ئەمەی ڕەنگبێ وڵاتی یەکەمی گەشەی کەلتوری کردبێت و ئەم نەتوانێت پێی بگاتەوە بەڵکو بەهۆی ئەم دەردە دەرونیەیە کە بۆتە گرێ و تێکچون و زەبرە دەرونیەکەشی بەجۆرێکە کە ئەم کاراکتەرە تەواو نامۆبوە لە ژیانی کۆمەڵگاو نۆرمە کەلتوریەکان، بۆ ئەم نامۆبون و وەستان لەدەرەوەی بازنەی کەلتوری تاکە ڕێگای پەیوەندی کردنە بەژیانی شارستانی.
