لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقی  دوای سندوقەکانی دەنگدان

3 ڕۆژ لەمەوپێش



د.پیرۆت محمد امین 

لابردنی سفرەکان لە دراودا بەزۆری کاتێک پێشنیار دەکرێت کە وڵاتان هەوڵی نیشاندانی سەقامگیری دارایی دەدەن دوای ماوەیەکی درێژخایەن لە هەڵاوسان، یان کاتێک دەیانەوێت متمانە بە دراوی نیشتمانی خۆیان بگەڕێننەوە. حکومەتی عێراق ئەم هەنگاوەی وەک بەشێک لە باشکردنی وێنەی دیناری عێراقی پاساو دەهێنێتەوە. بەڵام کاتەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پرسەکە لایەنی تەکنیکی تێدەپەڕێنێت و ڕەهەندێکی سیاسی ڕوونی هەیە.

دیاردەی زیادکردنی سفر بۆ یەکەیەکی دراو، یان زیادکردنی بەهاکەی، بەزۆری کاتێک سەرهەڵدەدات کە ئابوورییەکان تووشی شەپۆلی هەڵاوسان یان بەرزبوونەوەی بەردەوام و بەرچاوی نرخەکان دەبن بۆ ساڵانێک بەهۆی شەڕ و ئابڵوقە و ململانێکانەوە. زۆرجار ئەم بارودۆخانە دەبنە هۆی ئەوەی کە کورتهێنانی بودجەی حکومەت لە ڕێگەی چاپکردنی پارەوە دابین بکرێت. بەرزبوونەوەی بەردەوام و بێ پچڕانی نرخەکان بەهای یەکەی دراو دەشێوێنێت، ئەمەش پێویستی بە دەرکردنی دراوی گەورەتر هەیە، چونکە بەها بچووکەکان بەهای خۆیان و توانای داپۆشینی مامەڵە و ئاڵوگۆڕە بەها بەرزەکان لە بازاڕدا لەدەست دەدەن.

لە نێو ئاڵۆزییەکانی دیمەنی دارایی و زیادبوونی فشار لەسەر ڕێژەی پارەی سووڕاوە، بانکی ناوەندیی عێراق دەرگا بەڕووی هەنگاوێکدا دەکاتەوە کە بە یەکێک لە بڕیارە هەستیارەکانی مێژووی دراوی هاوچەرخی خۆی دادەنرێت، ئەویش پڕۆژەی لابردنی سفرەکانە لە دراوی ناوخۆیی. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەدەگی زێڕی بانکەکە لە 90 تۆنەوە بۆ 170 تۆن، کە نزیکەی 20%ی کۆی سەروەت و سامانەکەی پێکدەهێنێت و عێراقی لە پلەی چوارەمی جیهانی عەرەبیدا داناوە و لەڕووی یەدەگی زێڕەوە لە پلەی 29ی جیهانیدا داناوە.

نموونەی ئەو وڵاتانەی ئەم کارەیان گرتووەتەبەر بریتین لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٥ کە شەش سفری لە دراوەکەی لابردووە، بەڕازیل لە چەندین بۆنەدا لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا، زیمبابۆی کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا دوانزە سفری لە دراوەکەی لابردووە، وە ڤەنزوێلا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا پێنج سفری لابردووە، مەزەندە دەکرێت لە سەرانسەری جیهاندا ٧٠ حاڵەت هەبووە بە کام دراو سفرەکان لە ساڵی ١٩٦٠ەوە لابراون.

ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی لەو شێوەیە ماوەیەك بەر لە هەڵبژاردنەکان، دەرخەری خواستێکە بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیان کە دۆخی دارایی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئابووری دەچێتە قۆناغێکی نوێ و سەقامگیرترەوە. وەهەوڵێکە بۆ دروستکردنی کاریگەرییەکی دەروونی ئەرێنی لەسەر شەقام، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی ئێستا کۆنترۆڵی ئابووریی کردووە و کاردەکات بۆ بەهێزکردنی دینار و باشترکردنی ئاستی ژیان. وەپێدەچێت باسی لابردنی سفرەکان پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ زیاتر لە پلانێکی دارایی ڕەنگ بداتەوە.

پەیامێکی هەڵبژاردنی حیسابکراو كە ئامانج لێی قەناعەت پێکردنی دەنگدەرانە کە ئابووری بەرەو چاکبوونەوە دەڕوات و حکومەت بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو "دینارێکی بەهێزتر"  دەڕوات. بەڵام وەک لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا هاوڵاتی عێراقی وەک دادوەری ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، توانای ئەوەی هەیە جیاوازی بکات لە نێوان چاکسازی ڕاستەقینە و دروشمی بانگەشەی ئابوری پاڵنەر.

پەیوەندی نێوان لابردنی سفرەکان لە دیناری عێراقی و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ڕەنگدانەوەی سەریەککەوتنی ڕوونە لە نێوان ئابووری و سیاسەت لە عێراقدا. ئەو ڕێوشوێنە کە بڕیارە تەنیا تەکنیکی دراوی بێت، بووەتە ئامرازێکی سیاسی کە بۆ گەیاندنی پەیامی سەقامگیری و دەستکەوت بەکاردێت، لە کاتێکدا سەرکەوتنی ڕاستەقینەی پەیوەستە بە ئیرادەی ڕیفۆرمخوازی ڕاستەقینە، نەک بە کاتی هەڵبژاردن.

پرۆسەی لابردنی سفرەکان دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ بازرگانی دارایی وحیساباتەکان. هەروەها  یارمەتیدەر دەبێت لە دەرکردنی پارەی بچووکتر، وەک سکە، ئەمەش وا دەکات نرخی کاڵا بچووکەکان بە نرخێکی کەمتر دابنرێت. ئەمەش سوڕانەوە و بەردەستبوونیان لە بازاڕەکاندا ئاسان دەکات، هەروەها پەرەسەندنێکی دەروونی ئەرێنی بۆ دانیشتووان دابین دەکات، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دیناری عێراقی ئێستا دەتوانێت کاڵا و خزمەتگوزاری زیاتر  بکڕێت.

پێویستە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بۆ لابردنی سفرەکان لە دراوی نیشتمانی بگیرێتەبەر، بە وردی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئابووری وڵات بکرێت. وە ئاماژە بەوە بکرێت کە لابردنی سفرەکان بەبێ چاکسازی ئابووری کاریگەر نابێت لە سنووردارکردنی هەڵاوسان. زۆربەی وڵاتان تەنها دوای جێبەجێکردنی سیاسەتی سەقامگیری ئابووری سیاسەتی لابردنی سفریان جێبەجێ کردووە. 

بە گوتەی شارەزایان، بەهای ڕاستەقینەی ئەو پارەیەی کە تاکەکان لەبەردەستیاندایە دوای لابردنی سفرەکان ناگۆڕێت. بەڵام ئەم هەنگاوە پرۆسەی کڕین و فرۆشتن بۆ تاک و کۆمپانیاکان ئاسانتر دەکات و بڕە پارە دراوییەکان سادەتر و تێگەیشتنتر دەکات. لەبری ئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئامارە زەبەلاحەکانی وەک ترلیۆنێک یان ملیۆنێک (1,000,000 دیناری عێراقی) بکرێت، دەتوانرێت دوای لابردنی سێ سفر کەمبکرێنەوە بۆ تەنها 1000 دینار.

بۆیە وڵاتان ئامانجیان گەڕاندنەوەی متمانەیە بە دراوی ناوخۆیی خۆیان لای هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران بە لابردنی سفرەکان، بەمەش خواست زیاد دەکات و دراوی ناوخۆیی زیاتر ڕکابەری دراوی بیانی دەکات، بەمەش جێگرەوەی بە دراوەکانی دیکەکەم دەبێتەوە.

بەڵام ئایا لابردنی سفرەکان دەبێتە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان کیلۆیەک تەماتە بە یەک دینار، یان دە، یان سەد لەبری ٥٠٠ یان هەزار بکڕن؟  ئەمە ئەو تەحەدایە گەورەیەیە کە چاوەڕێی دەكرێت، کە تاقیکردنەوەی جددیەتی چاکسازییە دراوییەکان دەکات، ئەگەر سفرەکان لاببرێن، ئایا نرخەکان دادەبەزن؟

لە نێو ئەو مەترسیانەشدا ئەوەیە کە ڕەنگە خەڵک تووشی شڵەژان ببن و پاشەکەوتی دۆلاری خۆیان بەجێبهێڵن و بە دیناری عێراقی جێی بگرنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەیەکی گەورە و لەناکاو لە دابینکردنی پارەدا، كە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری دراو، هەروەها ئەم سڕینەوەیە ڕەنگە تیشک بخاتە سەر گەندەڵی لە پڕۆسەی فڕێدانی دراوی کۆن یان هاتنە ناوەوەی دراوی ساختە و هەوڵدان بۆ گۆڕینی بە دراوی نوێ، ئەمە جگە لە سپیکردنەوەی پارە.

لە کۆتاییدا، کاتی ئەم ڕێوشوێنانە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر و چاودێری ورد هەیە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری دراوی و دارایی. عێراق پێویستی بە سەبەتەیەک دراوی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی دیناری نوێ و  پاراستنی لە هەڵاوسانی بازاڕ. هەروەها باشترە پڕۆسەی چاکسازی دراوی لەگەڵ بەهێزکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنیدا بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی دارایی وڵات. 

*پسپۆڕی : دارایی گشتی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار