گەیاندیانە مریشکەڕەشە و ناکۆکیەکانیان دوای هەڵبژاردن قووڵتر دەبێتەوە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



شاهۆ پاڵانی

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ساڵێکی تێپەڕاند و ئاسۆی پێکهێنانی حکومەتیش لە هیچ لایەکەوە دیارنیە. ئەوەش بۆ هەمووان ڕوونە کە ناکۆکیەکان نە لەسەر شێواز و سیستەمی حکومڕانیەو نە لەسەر باشترکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان. نە پڕۆژەیەکی کۆنکرێتی  چاکسازیش هەیە بۆ وەلانانی گەندەڵی و چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان، کە زیاتر لە سێ دەیە یە هەرێمی کوردستانی لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، کۆمەڵایەتی و هەموو کایەکانی تر و تەواوی حکومڕانی بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون ئاڕاستەکردوە.

هەردوولاشیان ئیدیعای پێکهێنانی حکومەتێکی دادپەروەر دەکەن، کە لە سایەیدا خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیان فەراهەم بکات و بەرژەوەندیە نەتەوایەتیەکان بپارێزێت و شەڕیش لەسەر مافە دەستووریە بەدەستنەهاتووەکانیش بکات. ئەمەش بۆتە هۆکاری نائارامی سیاسی و شڵەژان و دڕدۆنگی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری بازاڕ، جگە لە چاوەڕوانی درێژخایەن و بێ ئۆقرەیی موچەخۆرانی هەرێم بۆ سەرەتاییترین مافیان، کە لە هیچ گۆشەیێکی ئەم جیهانەدا شایانی باس و قسەکردن نیە لەسەری، ئەمەش کاریگەریگەرییەکی بەهێزی نەرێنی لەسەر پێشکەوتنی ئابووری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

کێشەی هەرەسەرەکی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بریتیە لە ناکۆکیەکانیان لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکانی کابینەی حکومەت، هەردوو لایەن لە هەوڵدان بۆئەوەی هەژموون و کاریگەری زیاتریان لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێم هەبێت. ئەمەش وایکرد لەبەرامبەر پێکهێنانی حکومەت دەستەوەستان بن و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشی بەسەردابێت، کە ڕەنگە دوای هەڵبژاردن کێشەو ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی زۆر لەوەی کە هەیە قووڵتر ببێتەوە.

زمانی زبر و دەرهێنانی ئێسک و پڕوسکی مێژووی یەکتر
لە کۆتا ڕۆژەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەموو سنوورەکانیان بەرامبەر یەکتر بەزاند و کەش و فەزای دیالۆگ و دانوستانیان خاموشکرد و گەیاندیانە مریشکەڕەشە، جۆرێکی وا لەیەکتری هاتنەدەنگ، سڵیان لە هەڵدانەوەی قەتماغەی برینە کۆنە ساڕێژنەبووەکانیش نەکردەوە، تا دەگاتە هەڵدانەوەی گۆڕی مردوەکان و هەڵتەکاندنی ئێسک و پڕوسکی مێژووی یەکتر، تا گەیشتە ئەوەی مۆری داهێنانی جاشایەتی و خیانەت لە تەوێڵی یەکتر بدەن. 

پارتی خۆی وا وێنا دەکات کە تاکە مەرجەعی کورد و دێرینترین حزبی کوردایەتیە لە گۆڕەپانی باشووری کوردستان، سەرەڕای ئەوەش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بەدەستهێنانی ڕێژەی زۆری کورسیەکان لە چاو یەکێتی، لە بەرژەوەندی ئەو دایەو وادەکات داشی زاڵتر بێ بەسەر یەکێتیدا، جگە لەمەش دەمێکە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیش نەماوە تا لەژێر سایەیدا بەبێ کێشە پلەو پۆستەکانی هەرێم و بەغداش لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن، کە کاتی خۆی لە نێوان تاڵەبانی باوک و بارزانیدا واژۆ کرابوو. 

لە لایەکی تریشەوە سەرۆکی یەکێتی نوێ، سەرەڕای کورتی تەمەنی ژیانی حزبایەتی لەناو یەکێتیدا و نەبوونی ئەزموونی سیاسی، دەوروبەری خۆشی خاڵی کردۆتەوە لە ئەقڵی بە ئەزموون و قاڵبووی سیاسی و قۆناغەکانی مێژووی خەباتی کوردایەتی. ئەمەش وادەکات ئەم یەکێتیە نەتوانێ ڕوئیایەکی ڕوونی هەبێ و حەکیمانە مامەڵە لەگەڵ قۆناغ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکات، بەڵکو ناچاری هەندێک تاکتیکی سیاسی دەبێت و خۆی بە هەندێک هاوکێشەی ناوەخۆ و هەرێمایەتی هەڵدەواسێ، کە سەرئەنجام نایباتەوە سەر هیچ ڕێگایەک کە بە ئامانجە ستراتیژیەکانی بگەیەنێ.

ئاماژە مەترسیدارەکان و لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردن    
هەموو ئەو ئەکچیۆنانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەی ترسناکی قووڵبوونەوەی ناکۆکیەکانن، کە کەشتی حکومڕانی هەرێمی کوردستان لەناو دەریای لیخنی عێراقی تایەفەگەری و شۆڤێنیستی عەرەبی لە کەناری ئارامی دوورتر دەخاتەوە. لە دوا ڕۆژەکانی بانگەشەدا سەرۆکی یەکێتی بەرامبەر بە پارتی هیچی تێدا نەهێشتەوە، لە بەرامبەریشدا بینیمان چۆن فازیل میرانی بەرپرسی دەستەی گاەرگێڕی مەکتەبی سیاسی، بە شێوەیەکی توند وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دایەوەو ئێسک و پڕوسکی مێژووی کۆن و نوێی لایەنی بەرامبەری هەڵتەکاند. 

سەرۆکی پارتیش لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەبارەت بە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم، یەکێتی تۆمەتبارکرد بەوەی کە بە ئەنقەست  و بە پلان ویستوویانە پێکهێنانی حکومەت بخەنە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم و بەغداش بکەن بە یەک پاکێچ، بەڵام بارزانی ئەوەی بە ڕاشکاوی گووت، کە ڕەنگە ئەو هەل و مەرجەی پێش هەڵبژاردندی عێراق هەبوو، لە دوای هەڵبژاردن نەمێنێ، وە زۆر جاری تریش باسی لە گێڕانی پیلان کردوە لە دژی پارتی لە بەغدا. 

بۆیە هەموو ئەو لێدوانە دژ بەیەکانەی پارتی و یەکێتی وە هەموو ئەو پەیامە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانەی بۆیەکتری دەنێرن، ئاماژەی ترسناکن. لێکدانەوەو خوێندنەوەکانیش بەو ئاڕاستەیەن کە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەدوای هەڵبژاردنی عێراق ئاسان نابێ و دەچێتە قۆناغێکی سەختتر. ڕەنگە لە ئەگەری جیاوازی کەمی کورسیەکانیان لە پەرلەمانی عێراق، ئاسانتر بگەنە ڕێککەوتن. بەڵام ئەگەر جیاوازی ڕێژەی کورسیەکانیان گەورەتربێ، بەجۆرێک کورسیەکانی پارتی ڕێژەیێکی بەرچاو زیاتر بێت، ئەوا کارەکە سەخت دەبێت  و بە قەولی بارزانی، پارتی ئەو مروونەتەی پێش هەڵبژاردنی نامێنێت.

ئەوکات کورسیەکەی پۆستی سەرۆک کۆماریش بۆ یەکێتی لەق دەبێ و ڕەنگە پارتی کاندیدیشی بۆ ئامادەکردبێ، کە زۆر جار باس لە گرنگی چوونی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت بۆ بەغدا. لەبەرئەوە دوای هەڵبژاردن دەکرێت کێشەکان فرە ڕەهەند و ئاڵوز و قوڕستربن. هەڵبەتە ناکۆکیە ناوخۆییەکانی ناو ماڵی کورد هەمیشە فاکتەری بێهێزیی پێگەی کورد بووە لە زۆربەی قۆناغەکاندا، ئەگەر بە هەمان ڕیتمی پەرتەوازەیی بەردەوامی بە ناکۆکیەکان بدەن، ئەوا بەدڵنیایی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. بەتایبەتیش لەسەر پەیوەندیەکانی هەرێم  و حکومەتی فیدراڵی، لەهەمانکاتیشدا توانای هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کەم دەکاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار