شۆرباکەی ئۆجەلان (سوێرە یان بێ خوێ)  بەشی دوازدە

دوێنێ



هەوڵێک بۆ سادەکردنەوە و تێگەیشتن لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر کاریگەری پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان 

بەشی دوازدە
(مۆدێرنێتەی دیموکراتی چیە؟)

(١)
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پۆزەتیڤیزم ئەوەیە، بەبۆچوونی ئەو زانستی پۆزەتیڤیستی دژە سروشت و دژە ئیکۆلۆژییە. 
((ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پۆزەتیڤیزم رێگەی بۆ پەیوەندییەکی میکانیکیی تێکدەر لەگەڵ سروشت خۆشکرد))

(٢)
لەلای عەبدوڵا ئۆجەلان، دوالیزمی پۆزەتیڤیزم دابڕانێک لەنێوان مرۆڤ و سروشت دروست دەکات و لە یەکتریان جیادەکاتەوە.
((ئۆجەلان پێیوایە یەکێتی ئۆرگانی نێوان مرۆڤ و سروشت بەهۆی پۆزەتیڤیزم تێکچووە))

(٣)
 عەبدوڵا ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە پۆزەتیڤیزم مرۆڤی کردە سۆژەیەکی عەقڵی کۆنتڕۆڵکەر، سروشتیشی یەکسانکرد بە ئۆبژەیەکی میکانیکی ماددی کۆنتڕۆڵکراو.
((لە روانگەی ئۆجەلان فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم سروشتی کردە ئەو ئۆبژە میکانیکییە مردووە کە دەتوانرێت بپێورێت و کۆنتڕۆلبکرێت، مرۆڤیش ئەو «سۆژە»یەیە کە دەبێت بەسەر سروشت«ئۆبژە» زاڵ بێت))

(٤)
 عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت، گۆڕینی سروشت بە ئۆبژەیەکی ماددی شەرعیەتی بە لەناوبردنی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی دا.
((ئۆجەلان پێیوایە قەیرانی ئیکۆلۆژی بەهۆی بە«سۆژە»کردنی مرۆڤ و بە«ئۆبژە»کردنی سروشتە))

(٥)
لە دیدی عەبدوڵا ئۆجەلان خەلەلی ئیکۆلۆژی، پرسێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پرسێکی فەلسەفییە.
((ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە، فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم لە رێگەی بەبابەتیکردن و تاقیکارییەوە سروشتی کردە تاقیگە))

(٦)
 عەبدوڵا ئۆجەلان ئەو باوەڕەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیستی کە دەڵێ« مرۆڤ مافی کۆنترۆڵکردنی و خاوەندارێتیکردنی سروشتی هەیە»رەتدەکاتەوە.
((لە روانگەی ئۆجەلان زاڵبوون بەسەر سروشت خۆ لەناوبردنە، چونکە مرۆڤ سروشتە))

(٧)
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە سروشت سیستەمێکی زیندوو و خۆڕێکخەرە، ناکرێت وەک (ئۆبژە)یەکی ماددی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.
(( لە دیدی ئۆجەلان سروشت تۆڕێکی گەورەی ژیانە، مرۆڤ بەشێکە لەو تۆڕە نەک خاوەنی سروشت))

(٨)
لە روانگەی عەبدوڵا ئۆجەلان پیشەسازی  
سەرمایەداری منداڵی پۆزەتیڤیزمە، دەرئەنجامی پڕاکتیزەکردنی بیری پۆزەتیڤیستییە.
((ئۆجەلان وایدەبینێت پیشەسازی سەرمایەداری گەوررترین زەڕبەی لە سروشت داوە، سروشت قوربانی دەستی پیشەسازی سەرمایەدارییە))

(٩)
عەبدوڵا ئۆجەلان پێیوایە پۆزەتیڤیزم مرۆڤی گۆڕی بۆ  «مرۆڤێکی رۆبۆتێکی» بێ هەست کە بەشێوەیەکی میکانیکی بیردەکاتەوە و بەبێ هیچ هۆشیاریەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دەژیت.
((ئۆجەلان «مرۆڤی رۆبۆتی»وەک میتافۆرێک بۆ ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە بەرهەمی پڕاکتیزەکردنی زانستی پۆزەتیڤیستین، لەلایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە لە قاڵب دراون و وەک رۆبۆتێکی میکانیکی بێ ‌ئەخلاق دەژن))

(١٠)
لەدیدی عەبدوڵا ئۆجەلان دەرئەنجامی ئەو عەقلیەتەی پۆزەتیڤیزم ئەوەبوو، مرۆڤ سنوری سروشت ببەزێنێت، وەک پاوانکراوی خۆی مامەلە لەگەڵ سەرچاوەکانی سروشت بکات. 
((ئۆجەلان لەو باوەڕەدایە پۆزەتیڤیزم شەرعیەتی دایە مرۆڤ کە مافی بوونەوەرەکانی پێشێل بکات))

(١١)
بە بڕوای عەبدوڵا ئۆجەلان مەترسی پیشەسازی سەرمایەداری  لەسەر سیستەمی ژینگە«ئیکۆسیستەم- Ecosystem» گەیشتۆتە ئاستی هەڕەشە لەسەر ژیان.
((لە روانگەی ئۆجەلان پیشەسازی سەرمایەداری بە مەبەستی قازانج  وەک ئۆبژەیەکی ماددی مامەڵە لەگەڵ سروشت دەکات، ئەمەش هاوسەنگی ئیکۆسیستەمی تێکداوە و هەڕەشە لەسەر تۆڕی ژیان دروست دەکات))

(١٢)
 عەبدوڵا ئۆجەلان وایدەبینێت فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم بنەمایەکی ئایدۆلۆژییە بۆ شەڕعیەتدان بە وێرانکاری سروشت و داڕمانی ئیکۆلۆژی.
((لە دیدی ئۆجەلان ئەو دۆخە وێرانکارییەی بەهۆی مۆدێرنێتەی سەرمایەدارییەوە دروستبووە کە ئەو زۆرجار بە "کارەساتێکی ئیکۆلۆژی" یان "قەیرانی ژیان" ناودەبات، تەنیا کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکو قەیرانی ئەخلاقی شارستانیەتیشە))

##چەمکی« ئیکۆلۆژی-ecology) لەچوارچێوەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم زانستێکی ئەکادیمییە کە لە سروشت دەکۆڵێتەوە(زانستی سروشتە)، بەڵام کاتێک عەبدوڵا ئۆجەلان چەمکی ئیکۆلۆژی بەکاردێنێت، مەبەستی تەنیا زانستی لێکۆڵینەوە لە سروشت نییە، بەڵکو لە روانگەی ئەو فەلسەفەی ژیانە، دونیابینیەکە کە «تۆڕی ژیان، ئەخلاقی کۆمەڵگە، ئازادییەکەی» لەخۆدەگرێت، چوارچێوەیەکە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندیەکی «ئەخلاقی، سیاسی، ئازادی» لە نێوان «سروشت، مرۆڤ، کۆمەڵگە»، کە بەهۆی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری و عەقلیەتی پۆزەتیڤیستی خراپبووە، ئیکۆلۆژی یەکێکیشە لە پایە بنەڕەتییەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتی ئۆجەلان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار