کولتووری سیاسی و کوردپەرستانی ئێرانی
15 كاتژمێر لەمەوپێش
لە پەراوێزی بڵاوکردنەوەی دووبارەی فایلە دەنگییەکانی هاوسەرۆکی پەژاکدا
عەدنان حەسەنپوور
«ئەوەی لەگەڵ دڕندەدا دەجەنگێ دەبێ هۆشیار بێ خۆیشی نەبێتە دڕندە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بە ناو خەرەنددا بڕوانیت خەرەندیش بە ناو تۆدا دەڕوانێت»
(فریدریش نیچە، لە سەروو چاکە و خراپەوە)
سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەفایلێکی دەنگیی ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کە نزیک بە ١٥ ساڵ لەمەوپێش لە چوارچێوەی وانە ناوخۆییەکانی ئەو پارتەدا لە وڵاتێکی ئەورووپا وترابوونەوە و تۆمار کرابوون، دیسانەوە بوو بە مایەی گرژبوونەوەی بەستێنی گشتی و ورووژانەوەی ئەو کولتوورە سیاسییە دەمارگرژەی بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ تاوناتاوێ و بەتایبەت لە دۆخە یەکلاکەرەوەکاندا دەخزێنرێتە نێو فەزاکە و زۆر بە ئاسانی و خێرایی دەبێتە یەکەم ئەکتەری مەیدانی سیاسەت لە کوردستاندا.
ئەم ڕووداوە سەلماندی کە بەستێنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێندە ناتەندروست و ئامادەی لێکهەڵپژانە کە دەشێت زۆر نیگەران بین لە بەریەککەوتنی چەکداری و شەڕی ناوخۆیی لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ئێراندا و دروستبوونی زەمینەیەک بۆ گەڕانەوەی حیزبەکان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات.
پاش کۆمەڵەگفتوگۆیەک لەگەڵ چەندین هاوڕێ و کەسی خۆشەویست و بەڕێز لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا، هەستم کرد پێویستە کەمێک کۆنکرێتتر لە ڕووداوەکە ورد ببینەوە. هەر بۆیە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم بە زمانێکی زۆر ڕوون ئاوڕێکی کورت بدەمەوە لە چەند ڕووبەرێکی پێوەندیدار بەم بابەتەوە.
دوانەیەکی لێکئاڵاو؛ پیلان و بەرئەنجامی سروشتی
با سەرەتا بە گێڕانەوەی ڕووداوەکە دەست پێ بکەین، چونکوو تا چیرۆکەکە و ئەکتەر و کاراکتەرەکان نەخەینە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان ڕەنگە نەتوانین هێڵکارییەکی دروست بۆ هاوکێشە سەرەکییەکە بکەین، دیارە ئەمەیش بە مەبەستی کردنەوەی ڕۆچنەیەک بە ڕووی ناسینەوەی دژبەرییەکان و تێگەیشتنی دۆخەکەدا.
بە ناچار دەبێ لە هەندێ پرسیارەوە دەست پێ بکەین. یەکەم و بەردەستترین پرسیار دەشێت ئەوە بێت کە ئاخۆ سەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی ئەو فایلانە بەڕێکەوت بووە یاخود پلانێکی دیاریکراو و ئامانجداری لە پشتەوە بووە؟ هێندەی بۆ خۆم بەدواداچوونم بۆ کردووە، فایلەکان ساڵەها لەمەوپێش لە لاپەڕە و کاناڵەکانی پەژاکدا بڵاو کرابوونەوە و بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە لە بەردەستدا بوون، کەچی قەت سەرنجیان نەخرابووە سەر. لەپڕ چەند پەیجێک کە هەر لە پێشترەوە دژبوونی خۆیان لەگەڵ پەژاک نەشاردووەتەوە، دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی دووبارەی ئەو فایلانە. کاتێک زانیم سەرچاوەکە نەک خودی پەژاک بەڵکوو نەیارانی پەژاک بوون، زیاتر لە بابەتەکە دڕدۆنگ کەوتم و کەمێک وردتر بە دوایدا گەڕام، ئالێرەوە دیمەنێکی ڕوونترم لا پەیدا بوو:
هەموو دەزانن لە دوو سێ مانگێک لەمەوپێشەوە و دوابەدوای شەڕی ئێران و ئیسراییل، هەوڵەکان بۆ لێکنزیکبوونەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات برەوی سەند و دوای دانیشتنێکی سەرهێڵی سەرکردایەتیی حیزبەکان، ژوورێک بۆ دیالۆگی نێوانیان کرایەوە و کۆمەڵەئەرکێکیشی بۆ دەستنیشان کرا. تا ئێستە یەکەمین و تەنها بەرئەنجامی ئاشکرای ئەو ژوورە ڕێکخستنی کۆنفرانسێک بووە لە ئەڵمانیا و ئەمەیش هیوایەکی لەلای خەڵک گەشاندەوە کە حیزبەکان خەریکن بەرەو بلووغێکی سیاسیی گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمدا هەنگاو دەنێن. لە ئاوا کەشوهەوایەکدا وتەبێژی یەکێک لەو لایەنانە کە هاوکات نوێنەریشیانە لە ژووری دیالۆگدا، لەپڕ هەڵیکوتایە سەر حیزبەکانی تر و بە زمانێکی زبر قسەی لەسەر کردن. ئەمەیش بوو بە مایەی شەڕێکی میدیایی لە نێوان ئەو لایەنە و هەندێ لاپەڕە و لایەنگری پارتەکانی تر و بەتایبەت پەژاکدا. ڕێک لەم کاتەدا بوو کە فایلە دەنگییەکانی ١٥ ساڵ لەمەوپێشی ئەمیر کەریمییش دیسان بڵاو کرانەوە.
بەم گێڕانەوەیە، ئاخۆ دەتوانین بڵێین ئەم ڕووداوانە بە ڕێکەوت بوون و هیچ پلانێکیان لە پشتەوە نەبووە؟!
با دیسان بە هەندێ پرسیار هەوڵی ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە بدەین: چۆن دەکرێ کەسێک کە ڕاسپێردراوی حیزبەکەیەتی بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی، بەتەواوی دژ بە ئەرکەکەی خۆی بجووڵێتەوە؟! گرنگیی ئەم پرسیارە لەوەدایە کە دەسپێکی ئەم فەزا گرژە دەگەڕێتەوە بۆ قسەکانی ئەو برادەرە. پرسیارێکی تر: ئەو لاپەڕانەی کە بە دروشم لە هەموو کەس کوردترن و خۆیان وەک سەربەخۆییخواز دەناسێنن و باس لە زەروورەتی یەکڕیزی دەکەن، بۆچی لەپڕ لە هەستیارترین دۆخی کوردستاندا قسەوباسی ١٥ ساڵ لەمەوپێش بەرجەستە دەکەنەوە و فوو بە گرژیدا دەکەن؟! هاوکات دەشزانین کە ١٥ ساڵ لەوەپێش هەموو حیزبەکان زۆر لەوە خراپتریان بە یەکتر کردووە کە لەو فایلانەدا وتراوە و کراوە، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ شەڕەکانی ئەودەمی نێوان حیزبەکان نەک تەنها بچووکترین بەها و سوودێکی نییە بەڵکوو بەتەواوی گوماناویشە.
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دوورتر: دوای دانیشتنە سێ قۆلییەکەی ساڵی ٢٠٢٣ی سەرکردەکانی کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست و حیزبی دیمۆکرات و پەژاک لە پارلەمانی ئەورووپا، هەندێ لەوانەی ئێستە فایلەکانی پەژاکیان بڵاو کردووەتەوە، لە کڵابهاوس بە ئاشکرا ڕایان گەیاندبوو کە دەیانەوێ ڕێگری لە نزیکبوونەوەی پەژاک و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بکەن و بۆ ئەم مەبەستەیش گوشاریان خستووەتە سەر ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبە. بەم دواییانەیش تا ڕادەیەک لەو لایەنە نزیک ببوونەوە کە وتەبێژەکەی دژ بە لایەنەکانی تر قسەی کردبوو.
ڕەنگە ئێستە دیمەنەکە تۆزێک ڕوونتر بێت: کەسانێک هەن کە بە هەر هۆکارێک پێیان وایە نابێ یەکگرتووییەکی هەمەلایەنە لە نێوان سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا دروست ببێت و دەبێ یەک یان هەندێ لایەن وەلا بنرێن. دیارە نایشتوانن زۆر بە ئاشکرا و بە شێوەی بەردەوام ئەم خواستە دەروونییەیان بدرکێنن، چونکوو پێچەوانەی ویست و داخوازیی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەروەها پێچەوانەی ئەقڵێکی سیاسیی تەندروستە و کاردانەوە لە بەرانبەریاندا دروست دەکات، هەر بۆیە پەنا بۆ کاری لابەلا و شێواندنی دۆخەکە دەبەن و بۆ ئەم مەبەستەیش تا بڵێی ماتریاڵ لە بەردەستدایە.
ئێستە دەشێت ئاوای هەڵێنجین کە ئەم ڕووداوە هەم پلانێکی گەڵاڵەبۆدانراو بووە و هەمیش دەرئەنجامی سروشتیی دۆخێکی مێژوویی. لە درێژەدا زیاتر ڕوونی دەکەمەوە.
مێژوویەک لە نەفرەت و شەیتانسازی
دەتوانین بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بڵێین لە زنجیرەهەنگاوەکاندا بۆ لەخشتەبردنی هەوڵەکانی یەکڕیزکردنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، ئەم ڕووداوە دوایین هەنگاو نابێت و ئاژاوەگێڕییەکان لەمەدا کورت هەڵ نایەن. هەر بۆیە پێویستە تێگەیشتنێکی تۆکمەترمان بۆ هۆکارەکانی ئەم دۆخە ڕووخێنەرە هەبێت.
پێشتر لە گفتوگۆیەکی نووسراو لەگەڵ کاک کەمال سلێمانیدا هەوڵم دابوو بەڕێزیان و بەردەنگ لە مەترسییەکانی فووکردن بە نەفرەت و بەشەیتانکردنی یەکدی ئاگادار بکەمەوە، فەزایەک کە دەتوانێت زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ خۆش بکات و هەموو دەرفەتێکی شیمانەکراومان لە کیس بدات. هەر لەوێدا جیاوازیی ڕەخنە و نەفرەتم تا ڕادەیەک دەستنیشان کردبوو و باسم لەوە کردبوو کە ناکرێت هەرجۆرە قسە و گێڕانەوەیەکی ناڕاست و تەژی لە ڕق و بوغز بە ناوی ڕەخنە یاخود توێژینەوەی ئەکادیمیک (کە ئێستە ڕۆژنامەوانیی پرۆفیشناڵیشی پێ زیاد بووە!) بە خوێنەر و بەردەنگی کورد بفرۆشرێتەوە. ئینجا هەوڵم دابوو بە کورتی ئەم دیاردەیە لە کۆنتێکستی کۆمەڵگەی جەمسەربەندیکراوی وەک کۆمەڵگەی خۆماندا بخوێنمەوە.
لێرەدا بە ناچاری دیسان دەڕۆمەوە سەر هەمان ئەو بابەتەی کە وەک پێشبینیم کردبوو (بێگومان پێشبینیکردنی قەت کارێکی سەخت و دژوار نەبووە و نییە) دەتوانێت ببێتە لەمپەرێکی گەورە لە بەردەم هەرجۆرە ئیمکانێکدا بۆ تەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەوێشەوە تێپەڕاندنی دۆخی بندەستی و سەرکەوتن بەسەر مێژوویەکی پڕ لە ستەم و چەوسانەوەدا.
مێژووی سیاسیی کوردستان بارگاوییە بە فرەحیزبی و فرەهێزی، لە ڕوانینی یەکەمدا دەشێت بڵێین ئەمە نیشانەی فرەچەشنێتی و ڕەنگاوڕەنگیی کۆمەڵگەیە و دیاردەیەکی پۆزەتیڤە، بەڵام بە کردەوە وا نەبووە. لە کوردستاندا حیزبایەتی بەشێک بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازانە بە مەبەستی ڕزگارکردنی نەتەوە/چین/شوناس لە ژێردەستەیی لە ڕێگای جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانە و زۆرجار چەکدارییەوە. واتە بەشێک نەبووە لە کایەیەکی مەدەنی و دیمۆکراتیک بۆ گرتنەدەستی دەوڵەت و دابەزاندنی پلان و بەرنامە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی حیزب. لە لایەکی ترەوە جەبری ژیۆپۆلەتیک وای کردووە زۆرجار بەرژەوەندیی بەشە جیاوازییەکانی ئەم نیشتمانە نەک تەنها لێک کۆ نەبنەوە بەڵکوو دژی یەکدییش بکەونەوە، ئالێرەوە داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی سەرتاپاگیر و یەکگرتوو ئەگەر مەحاڵ نەبووبێ بێگومان کارێکی ئەستەم و دوورەدەست بووە. هەر بۆیە کێشەی نێوان حیزبەکان کە لە دۆخی مەدەنی و دیمۆکراتیکدا بە ڕێڕەوی نەرم و سندووقی دەنگداندا یەکلایی دەبێتەوە، لە دۆخی شۆڕش و بە دیاریکراوی لە کوردستاندا، لە هەردوو ئاستی نێوپارچەیی و نێوانپارچەییدا، پێکهەڵگژان و شەڕی ناوخۆی لێ کەوتووەتەوە. واتە ئەوەی لە دۆخی ئاساییدا بە پلۆرالیزم ناوزەد دەکرێت لە لای ئێمە شپرزەیی و لێکدابڕانی بەرهەم هێناوە. کە وابوو، لە پێناسەکردنی چەمکەکاندا ناتوانین جیاوازیی کۆنتێکست لە بەرچاو نەگرین و بە هەمان ئەو جۆرە پێناسەی دیاردەیەکی وەک حیزب و فرەحیزبی لە کوردستاندا بکەین کە بۆ وێنە لە فەرەنسا و بەریتانیادا دەیکەین. دەتوانین بۆ چەندەها بابەتی دیکەیش پشت بەم بەڵگاندنە ببەستین:
- ڕەقابەت و ململانێی حیزبی لە دۆخی مەدەنی و کۆمەڵگەیەکی جێگیر و خاوەن سەروەریی سیاسیدا بە هیچ جۆرێک هاوتا نییە بە شەڕەحیزبیی نێوان کۆمەڵێک حیزبی شۆڕشگێڕ و چەکدار لە کۆمەڵگەیەکی بندەست و ستەملێکراودا کە بێبەشە لە خاک و سەرەوریی سیاسی؛
- ڕۆژنامەوانیی پرۆفیشناڵ و هەڵکۆڵینی ڕابردوو لە ئاژانسێکی میدیایی ناسراو و خاوەن پێشینە و متمانەدا لە لایەن ڕۆژنامەوانی شارەزا و خوێندەوارەوە، زۆر دوورە لە یەخەگرتنی دەمارگرژانە و پلانبۆدانراو لە لایەن کەسانی نەخوێنەوار و ناشارەزا بە پرەنسیبەکانی ڕۆژنامەوانی لە پەیجی سێبەر و بێناسنامەدا؛
- توێژینەوەی ئەکادیمیک لە کۆمەڵگەیەکدا کە خاوەن نەریتی ئەکادیمیی هەناسەدرێژە و ئەکادیمیسیەنەکان وەک ئەرکی پیشەییان دەبێ موو لە ماست بکێشنەوە و مۆڵەت بە حەقیقەتسازی و فاکتسازیی بێبنەما نەدەن، زۆر جیاوازە لە قەڵەمسووڕاندن و وتارڕازاندنەوەی کەسانی خاوەن بەڵگەنامەی ئەکادیمی بە مێشکێکی بارگاوی بە میتۆدی ئایینیی تەکفیرکردن و بێوەفا بەرانبەر بە پرەنسیبە زانستییەکان؛
- ...
ئەوەی لای ئێمە و لەم بوارانە و چەندەها بواری دیکەدا ڕوو دەدات، مخابن زیاتر لە فۆرمە دووەمەکەدا جێ دەگرێت. بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی ئەم ئانۆمی و شپرزەییە، ئەگەر نەمانەوێ ڕەشبینانە بڕوانین و ئامادەبوونی کەڵکەڵە و خەمی کۆمەڵایەتی لە لای ئەکتیڤیستی بوارە جۆراوجۆرەکان وەک پێشگریمانەیەکی گەشبینانە وەربگرین، بێگومان یەک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ دووربوونی «ئینتیلیجینسیای کوردی» لە دونیای واقیع و کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک، یان بە زمانێکی زانستییانەتر، گرنگینەدان بە بایۆپۆلەتیک و چڕبوونەوە لەسەر وێنا و خولیا ئایدیۆلۆژیک و زەینییە پەتییەکان. کاتێک ئەم هۆکارە ئاوێتە دەبێت بە هەندێ دیاردەی دیکەی وەک پەروەردەی کۆمەڵایەتی و کولتووری سیاسیی چەقبەستوو و داخراو، ئەوکات ئیدی خواستی «جەمسەربەندیکردنی یەکلاکەرەوە»، «هەڵوێستی توند و بەبڕشت» و «ئیمانی کوێرانە و دەمارگرژانە» بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە دەسێنێت، بگرە دەبێتە بەهایەکی واڵا و باڵایش.
ئێرانیگەری لە بەرگی کوردیدا
ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا بینیمان بەرئەنجامی سروشتیی ئەو کولتوورە سیاسییە توندئاژۆیەی کوردستان بوو کە تا سەرئێسقان ئالوودەیە بە کاڵفامییەکی پۆپۆلیستی بەڵام هێرشبەر، بە ئاستێک کە تەنانەت هەندێ لە مرۆڤە جیدییەکانیشی ڕاکێشایە ناو ساحەکە و ناچاری کردن هەڵوێستی ڕەق و یەکلاکەرەوە بنوێنن. بە شێوەیەکی کۆمیک خەریکین ڕێک هەمان دۆخی ئێرانییەکان دووبارە دەکەینەوە: بە درێژایی هەموو ساڵانی ڕابردوو هەم حیزبوڵڵاییەکان و هەم پاشاخوازەکان بە تەکنیکی جنێو و بێڕێزی و تەنگکردنەوەی فەزای گشتی، ترسێکی گەورەیان دەخستە ناو دڵی ڕووناکبیران و چالاکوانان و هاووڵاتیانەوە، بە چەشنێک کە هەموان لە ئابڕووی خۆیان دەترسان و کەمتر کەسێک هەبوو بوێرێت بە شێوەیەکی جیدی دژایەتییان بکات. کەم نەبوون ئەوانەی پێشتر لەبەیکیان بە خومەینی دابوو و دواتر گۆڕییان بۆ پەهلەوی، کەسانێکی زۆریش بێدەنگییان هەڵبژارد و بەتەواوی مەیدانەکەیان بەجێ هێشت.
لە کوردستانیشدا ئەم میتۆدە قێزەونە دەمێکە کاری پێ دەکرێت و خەڵکی پێ بێدەنگ دەکرێت، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕ زیاتریش ئەو کەسانە پشتی پێ دەبەستن کە زیاترین نەفرەت لە ئێرانیبوون دەکەن، کەچی لە هەناوی خۆیاندا ئێرانییەکی ٢٤ عەیارن! بەستێنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێندە قووڵ بەم زەلکاوە ئێرانییەدا ڕۆ چووە کە تەنانەت بکەری هاوشێوەی بکەرە حیزبووڵڵایی و شاپەرستەکانیشی بەرهەم هێناوەتەوە: «ڕائیفیپوور»ی وامان هەن لە ناو کلیپی مۆزیکی پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا بەدوای هێمای دژەکوردیدا دەگەڕێن، «حەسەن عەباسی»ی وامان هەن گوتارسازی دەکەن بۆ بەستنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بە مەزهەبی سوننەوە، «حوجەت کەللاشی»ی وامان هەن پلان دادەڕێژن بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی حیزبەکەیان لە داهاتوودا، «مەهدی نەسیری»ی وامان هەن بە خێرایی ئاسک لەم حیزبەوە دەگوازنەوە بۆ ئەو حیزب و لە هەموویشیاندا هەر فاڵانژن، «موجتەبا پوورموحسێن»ی وامان هەن بە نیوکاتژمێر زانیاریی تەواونهێنی ساز دەکەن بۆ سەلماندنی جاشبوونی هەرکەس و لایەنێک پێیان بسپێردرێت، «شاهین نەجەفی»ی وامان هەن بە یەک شەو دۆنادۆن دەکەن و دەگۆڕدرێن بۆ تیۆریسیەنی سیاسی، «مەسیح عەلینژاد»ی وامان هەن فێمێنیزم و بزووتنەوەی ژنان دەکەنە بڵیندگۆی پیاوانەترین لایەنی هەرهەموو کوردستان... ئیتر با واز بێنین لەو سەدان شۆڕشگێڕە سایبێرییەی لە ئەورووپا و ئامریکا و لە پشت مۆنیتەری لەبتاب و مۆبایلەکانیانەوە بڕیاری جاشبوون بۆ مەزڵووم کۆبانی دەر دەکەن و ستراتیژی دیپلۆماسی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنووسنەوە و فەرمان بە خەڵکی ڕۆژهەڵات و باکوور دەکەن شۆڕشی سووری خوێناوی هەڵگیرسێننەوە! مرۆڤی وامان هەن لەم دونیا زل و زەبەنەدا تاقە یەک ئەرکی نیشتمانییان کەوتووەتە سەرشان: منداڵەکەیان فێری زمانی دایکیی خۆیان بکەن، کەچی ئەوەیشیان پێ نەکراوە، بەڵام ڕەگی ملیان ئەستوور دەکەن و بە دەنگێکی دلێر دەڵێن ئۆجەلان وازی لە کوردبوون هێناوە و خەڵکی باشوور بێفەرهەنگن و باکوورییەکان کورد نەماون و ڕۆژئاواییەکان دواکەوتوون!
ناخگیربوونی خەرەند
با بگەڕێینەوە بۆ قسەکەی نیچە: «ئەوەی لەگەڵ دڕندەدا دەجەنگێ دەبێ هۆشیار بێ خۆیشی نەبێتە دڕندە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بە ناو خەرەنددا بڕوانیت خەرەندیش بە ناو تۆدا دەڕوانێت.» ئێمەی ڕۆژهەڵاتی چەندین نەوەی یەک لەدوای یەک لە سیستەمی پەروەردەی ئێرانیدا گۆچ کراوین و تا بینەقاقا و بە درێژایی تەمەنمان بە خەرەندە لیخن و پەڕگیرەکەی ئێراندا ڕوانیومانە. هەم لە ئاستی پەروەردەی فەرمی و قوتابخانە و زانکۆدا و هەم لە ئاستی پەروەردەی سیاسیدا کە بەرهەمی هەندێ لایەنی وەک حیزبی توودەیە، بە قووڵی لەژێر کاریگەریی ئەو کولتوورە سەقەتە ئێرانییەداین کە لێوانلێوە لە لێکدابڕان، شەڕەقسەی بێبنەما و سێکتاریزمی قووڵ. با سەیرێکی بیرەوەرییەکانی کەریم حیسامی، مەلەکە موستەفاسوڵتانی، مەعرووف کەعبی، ئەحمەد ئەسکەندەری و چەندانی تر بکەین تاکوو بە ڕوونی ڕەگی ئەم پەروەردە ڕووخێنەرە لە مێژووی ڕابردوویشماندا ببینینەوە. ئێمە هەر لە منداڵییەوە فێری ویلایەتخوازی و دووسیمایی و خۆبەزلزانی و سووککردنی ئەویدی کراوین، پێمان وتراوە زمانی زبر و دەنگی زل و ڕەگی هەڵئاوساوی مل باشترین ئارگیۆمێنتەکانن، فێر کراوین ئەتیکت لە هەموو کەسێکی جیاواز لە خۆمان بدەین و ناوی بزڕێنین و بۆ دەرپەڕاندنی لە مەیدانەکە دەست لە هیچ کارێکی نائەخلاقی نەپارێزین، پڕ کراوین لە ڕق و بوغز لە بەرانبەر هەمواندا و کەمجیقڵدانی و بوختانکردن و حەقیقەتسازی بۆ نزیکترین هاوڕێیانیشمان کراون بە بەشێک لە بەهاکانمان.
دونیایەک نموونەی واقیعی بۆ سەلماندنی ئەم کەوتنە ئەخلاقی و پەروەردەییە لە بەردەستدایە، تەنها ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەم و ئەنجامگیری دەهێڵمەوە بۆ خوێنەر: لە پەروەردەی ئێرانیدا دەتوانیت وەک تاگۆرەوی لە چرکەیەکدا هەڵگەڕێیتەوە بەبێ ئەوەی کەس نیشانی پرسیارت بخاتە سەر، ئەکادیمیسیەنمان هەیە لە ئێران لەسەر کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی عاشوورا و پێوەندیی دوولایەنەی نێوان «حجاب و عفاف» توێژینەوەی دەکرد، بەڵام لەو کاتەوە گەیشتووەتە فەرەنگستان ئامێرێکی جاشپێوی بە دەستەوە گرتووە و هەموانی پێ دەپێوێت، بە کەمتر لە سەربەخۆیی کوردستانیش ڕازی نییە؛ ڕۆژنامەنووسمان هەیە سەدان هەواڵی درۆ و ساختەی بڵاو کردووەتەوە، سەردەمانێک بە وەعدەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار سەدان بنەماڵەی خستە سەر ساجی عەلی و ناوی دەیان چالاکوانی فیداکاری ناوخۆی وەک جاش بڵاو کردەوە، درۆبوونی هەموویشیان دەر کەوت بەڵام قەت تەڕ نابێت و هەر بەردەوامە لە ئەرکە پرۆفیشناڵەکەی؛ چالاکی مافی مرۆڤمان هەیە ڕاپۆرتی چالاکوانێکی تری بە دەزگایەکی نێودەوڵەتی داوە و وتوویەتی ئەوە درۆ دەکات و پێشمەرگەی چەکداری فڵان حیزبە؛ دەزگای مافی مرۆڤمان هەیە زیندانییەکی سیاسیی نەبووی دروست کردووە بۆ ئەوەی زیندانییە سیاسییە واقیعییە هاوشێوەکەی بخاتە ژێر سێبەرەوە، چونکوو لە حیزبی بەرانبەر بووە؛ نووسەرمان هەیە لە هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕانەدا ڕاپۆرتی هاوڕێ پێشووەکەی بە دەزگای ئەمنیی ئەملاولا داوە و داوای کردووە دیپۆرتی ئێران بکرێتەوە... ئەمانە هەموویان نموونەی واقیعین و ڕوویان داوە، بۆ سەلماندنی ئەو نوشوستی و کەوتنە ئەخلاقییە قووڵە پێویست بە هیچ نموونەیەکی تر ناکات.
ئەم دیاردە و نموونانە دەقاودەق و ڕۆژانە لە لای پاشاخواز و حیزبوڵڵاییە ئێرانییەکانیش ڕوو دەدەن و لە ڕاستیدا ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەسەر دەستی ئەوان فێر کراوین. ئالێرەوە دەتوانین بوێرانە بڵێین ئێمە هێندە بە خەرەندەکەی ئێراندا ڕوانیومانە و بە ئاستێک چاومان لە چاوی پاشا و ئایەتوڵڵا دڕندەکانی ئێران بڕیوە کە هەموومان ڕەزا خانێک و خومەینییەک بە دەروونماندا ڕۆ چووە و ناخگیر بووە، هەر ئەوەیش وای کردووە کولتووری زۆرخانەی ئێرانی ببێتە کولتووری سیاسیی کۆمەڵگەکەمان!
پاشەکشەی مێژوو؛ ماڵئاوایی ئاوەز و زاڵبوونی کاڵفامی
ئەوەی مایەی نیگەرانی و بگرە ترسی گەورەیە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی کاریگەریی ئەم کەسایەتییە کەوتووە بەدڕندەکراوەیە لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. چونکوو لە ڕابردوودا قەت ئاوا نەبووە. سەردەمانێک هاوکاریی نێوان حیزبەکان هێندە گەورە و ستراتیژیک بوو کە قەت چوار گچکەمرۆڤ نەیاندەتوانی هەروا بە ئاسانی و بە هەوەس کاریگەرییان لەسەر دابنێن؛ دوکتور قاسملوو لە ڕێگای بەغدادەوە بە میلیۆن دۆلاری یەکیەتیی نیشتمانیی لە ئەورووپاوە دەبردەوە بۆ کوردستان، حیزبی ڕۆژهەڵات و باشوور چەک و کەرەستەیان لە دەوڵەتانی پارچەکەی تر وەردەگرت و بەشیان دەکرد، واتە بە چەکی ئەو دەوڵەتانە شەڕی خۆیان دەکردن، دانوستانەکانی ساڵانی ٨٢ و ٨٣ی زایینی لە نێوان یەکیەتی و دەوڵەتی ئێراقدا بە ناوبژیوانیی دوکتور قاسملوو بوو، وەک چۆن مام جەلالیش ناوبژیوانیی لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و دەوڵەتی ئێراندا دەکرد، یەکەم گفتوگۆی کورد و دەوڵەتی تورکیایش هەر بە ناوبژیوانیی مام جەلال بوو، وەک چۆن لە کاتی ڕاپەڕیندا پێشمەرگە و شەڕڤانی پارچەکانی تریش بەشدارییان لە شەڕی ڕزگاریی باشووردا کرد، هێزی پشتیوانی باشوور بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژهەڵات دەهاتنە مەیدان و لەگەڵ سوپای پاسداران شەڕی قارەمانانەیان دەکرد، وەک چۆن گەریلا لە شەڕی داعشدا بە هانای باشوورەوە چوون و پێشمەرگە بوون بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا. ئەگەرچی نموونەی پێچەوانەیشمان کەم نیین، بەڵام قەت مەیدانەکە بەم ئاستەی ئێستە تووشی دۆڕان و دابەزین و تەڕاتێنی گچکەمرۆڤەکان نەدەبوو.
خودی ئەو هەڵڵایەی لەسەر فایلە دەنگییەکانی ١٥ ساڵ پێشتری ئەمیر کەریمی ساز بووە گەورەترین نیشانەیە بۆ ئەم ڕاستییە. لە ساتەوەختێکدا کە حیزبەکان دوای ساڵەها لێکدابڕان و قبووڵنەکردنی یەکدی هەوڵ دەدەن ئەو قۆناغە پڕخەسارە تێ بپەڕێنن و لاپەڕەیەکی نوێ بە ڕووی هاوکاری و هاوخەباتیدا بکەنەوە، چەند کەسێکی کاڵفام و ئاڕاستەکراو دەتوانن لەوپەڕی نابەپرسیارێتیدا هەموو شت بهێننەوە سەر خاڵی سفر و دیسان حیزبەکان بە گژ یەکدا بدەن. سەیر ئەوەیە کە حیزبەکانیش بە ئاسانی دەکەونەوە نێو یارییەکە و بەبێ وردبوونەوە لە ڕاستییەکان یەکسەر دەگەڕێنەوە بۆ ١٥ ساڵ لەوەپێش و دەست دەکەنەوە بە کێبەرکێی بەیاننامە! واتە حیزب کە دەبێ خۆی یاریساز بێت بە ئاسانی یاریی پێ دەکرێت. ئەگینا کێیە نەزانێت تا چەند ساڵێک پێشتر بەشی هەرەزۆری حیزبەکان ئامادە نەبوون یەکدی قبووڵ بکەن و بگرە یەکیان تەکفیر دەکرد؟ کێیە بیری چووبێتەوە هەندێکیان دەیانگوت پەژاک دروستکراوی سوپای پاسدارانە و پەژاکیش دەیگوت ئەوانە حیزبی کلاسیک و شکستخواردوون؟ ئەمیر کەریمی لە ئاوا کەشێکدا ئەو قسانەی لەسەر حیزبەکانی تر کردووە، واتە لە کەشێکدا کە حیزبەکەی گەورەترین شەڕی دوای دەیەی شەستی لەگەڵ سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێراندا دەکرد و بە ڕۆژانە شەڕڤانیان شەهید دەبوو، کەچی هەر ڕێک لەو ڕۆژانەدا لایەنە بەرانبەرەکان کۆی حیزبەکەی ئەویان بە دەستکردی دوژمن لە قەڵەم دەدا و شەهیدەکانیان بە جاش پێناسە دەکرد، ئاخۆ ئەو قسانەی ئەمیر ئەگەر سەرتابەریشی هەڵبەستراو بووبێت، لەم بەجاشکردنە قورستر و خراپتر بوون؟! هەر ئەودەم لە زینداندا زیندانیی سیاسیی پەژاکمان هەبوو کە حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندبوو، بەڵام زیندانیی سیاسیی حیزبەکانی تر هەبوون لە ناوچاوی خۆیدا دەیانگوت ئێوە هەمووتان جاشن. ئەودەم وەها شەیتانسازییەک لە پەژاک کرا کە ئاسەوارەکانی تا ئێستەیش بەردەوامە، دوو مانگ نابێت ئەندامێکی پەژاک لە ناوەڕاستی شاری مەریوان شەهید بووە بەڵام جگە لە خۆیان کەمتر کەسێک ئامادە بووە تەنانەت هەواڵەکەیشی بڵاو بکاتەوە. کەسانێک دەناسم کە تەنها لە ترسی ئەوەی مۆرکی پەژاکبوونیان لێ نەدرێت ئامادە نیین لە ئاوا دۆخێکدا بۆ بەرگریکردن لە حەقیقەتیش بووە، نەک لە پەژاک، دەستێوەردانێک لە بەستێنی گشتیدا بکەن، لە کاتێکدا دەشزانن یارییەکە چۆن ئاڕاستە دەکرێت و خەمی زۆریشی پێ دەخۆن. ئاخۆ یادەوەریمان هێندە لاوازە کە بیرمان چووەتەوە ئەو دەمانە هەموو لایەنەکان خراپترین جنێو و بێڕێزییان بە یەکتر دەکرد؟ با هەر بۆ جارێکیش بووە ڕووداوەکان ببەینەوە کۆنتێکستی خۆیان و ئینجا لە خۆمان بپرسین باشە چ سڕێکی نوێ و نەزانراو لەو فایلانەدا کەشف کراوە کە ئاوا هەڵڵای ناوەتەوە؟!!
کە وابوو، لەم ساتەوەختەی ئێستەدا دروست و هەڵەبوونی قسەکانی ئەمیر کەریمی دوایین شتێکە دەشێت مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە، چونکوو ئەو ڕابردووە لێوانلێوە لە میلیۆنان قسەی لەوانە خراپتر کە هەموان بەرانبەر یەکتر کردوویانە. وەک لە گفتوگۆیەکی دۆستانەدا بە هاوڕێیەکی بەڕێزم وت، ئەگەر بڕیار بێ بۆ هەموو قسەیەکی ناڕەوا و نەشیاوی حیزبەکان و کەسەکان لەسەر یەکتر بەیاننامەی شەرمەزارکردن بنووسین، دەبێ هەزاران لاپەڕە پڕ بکەینەوە و هەموو تەمەنمان تەرخان بکەین بۆ بەیاننامەنووسین!
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر سەرنجتان دابێت شێوازی ئاڕاستەکردنی پلانەکەی ئەم جارە بە جۆرێک ڕێک خرابوو کە زیاتر ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیمۆکرات بورووژێنێت، هەر بۆیە ڕەنگە بتوانین بڵێین هەڵمەتی تێکدەرانەی ئەم جارە زیاتر لەوەی هێرشێک بووبێت بۆ سەر پەژاک، هێرشێک بوو بۆ سەر سەرکردایەتیی ئێستەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران. دواجاریش ناچاریان کردن بە پێچەوانەی تێگەیشتن و ویستی خۆیان بەیاننامەیەکی پڕ لە تووڕەیی دەر بکەن. کەسانێک لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو حیزبەوە بە کۆمەڵەهۆکارێک نایانەوێ هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ڕوو بدات، بەڵام کاک موستەفای هیجری و بەشێکی زۆری سەرکردایەتیی حیزبی دیمۆکرات پێچەوانەی بۆچوونی ئەوان بیر دەکەنەوە و دەجووڵنەوە. هاوکات کاک موستەفای هیجری ساڵانێکە شێلگیرانە سەربەخۆیی حیزبەکەی پاراستووە و نەیهێشتووە بیکەنە دارەدەستی لایەنی دیکە، بەڵام کەسانێک هەن ڕێک پێچەوانەکەیان دەوێت و ڕاسپێردراون بۆ لاوازکردنی هەرکەسێک پارێزگاری لە سەربەخۆیی حیزبەکە بکات. هەر بۆیە بڕیار دراوە کایەکەیان لێ تێک بدەن و فەزاکە بە ئاقارێکی وەها تەمومژاویدا ببەن و بە چەشنێک بیشێوێنن کە هەموان لێیان ببێتە «کوردەنامووسی» و ئیدی باسی نزیکایەتی بێمانا بکەوێت و یەکسەر دابخرێت. بەم جۆرە و بە لاوازبوونی سەرکردایەتیی ئێستە، ڕێگا بۆ دەستگرتن بەسەر حیزبی دیمۆکراتیشدا هەموار دەبێت.
لە ئاست کۆمەڵەکانیشدا یارییەکی هاوشێوە گیراوەتە بەر: سەرجەم سەرکردایەتیی کۆمەڵەکان بۆ یەکەم جار ئامادە بوون بەبێ ئەوەی هێڵی سوور لەسەر یەکتر و هیچ لایەنێکی تریش دابنێن، دەستیان بۆ هاوکاریکردنی یەکتر درێژ بکەنەوە. دوای بەریەککەوتنە تاڵەکانی سەردەمی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی، هەموومان ئاواتەخواز بووین کۆمەڵەکان جارێکی دی لێک نزیک ببنەوە و ئەو لێکدابڕانە ڕووخێنەرە لانیکەم بگاتە ئاستێکی کۆنترۆڵکراو، چ لەوە باشتر کە نەک ئەو ئاستەیشی تێ پەڕاندووە بەڵکوو خەریکی هاوکاریی ڕاستەوخۆیشن. هاوکات پەژاکیش بە پێچەوانەی ڕابردوو هەم لە لایەن هەموانەوە وەرگیرا و هەم خۆیشی هێڵی سووری بۆ کەس دانەنا. ئەی باشە کامە بەرژەوەندیی نیشتمانی لە تێکدانی ئەم دۆخە نیمچەهیوابەخشەدا هەیە؟!
وەک دیارە ژووری دیالۆگ دەسپێکێکی باش بوو بۆ ئامانجی گرنگی یەکڕیزکردنی حیزبەکانی کوردستان کە چەندەها ساڵی ڕەبەقە خەڵکی ناوخۆ هاواری بۆ دەکەن. کەچی ئێستە چەند منداڵ و مەزنێکی نەخۆش و دەروونشێواو و ڕاسپێردراو لە دەرەوەی بنکە و بارەگا و ئەشکەوتی حیزبەکان و لە پشتی مۆنیتەرەکانیانەوە دانیشتوون و شانازی بە خۆیانەوە دەکەن کە توانیویانە تێکی بدەن و ڕۆژەڤی دووەم پارچەی گەورەی کوردستان بگۆڕن بۆ ئەوەی خۆیان دەیانویست و گیرفان و دەروونە نەخۆشەکەیشیان تێر دەکات!
کاتێک دیمەنەکە بەم جۆرە و لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیدا دەبینین ئەوکات ڕەنگە شەرم لە خۆمان بکەین کە ئاوا ئاسان بووینەتە گاڵتەجاڕی دەستی گچکەمرۆڤانی پووچ. بێگومان ئەو چاوەڕوانییە لە حیزبەکان و خەڵکی ڕووناکبیر و چالاکوان و ئەکتیڤیست هەیە کە تۆزێک ئاستی یاریخوێندنەوەی خۆیان بەرزتر بکەنەوە و نەهێڵن بە سانایی بکرێنە مەلەوانی زەلکاوێکی پێنج سانتیمەتری کە چەند کەسێکی بازرگان و ئاست نزم دروستیان کردووە. ئەگەر ئەم جارە تەسلیمیان ببین سبەینێ فایل و بەڵگەیەکی هاوشێوە لە سەرکردە و ئەندامی لایەنێکی تر بڵاو دەکەنەوە و ئەم گاڵتەجاڕە مەترسیدارە قەت کۆتایی نایەت.
فڕێدانی نەریتی بەشەیتانکردن و ڕاوەستان لەسەر بایۆپۆلەتیک
سەرەڕای هەموو لێکەوتە ناخۆشەکانی ئەم ڕووداوە، بەڵام هاوکات دەشکرێت بیکەینە بنەمایەک بۆ وردبوونەوەی قووڵ و زانستی لە هۆکارەکانی ئەم ئاستە لە نوشوستی و کەوتن. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا، دەتوانین لەو حەقیقەتە بگەین کە دوورکەوتنەوە لە لایەنە نیگەتیڤەکانی ئێرانیبوون بچووکترین پێوەندیی بە بەرزکردنەوەی دروشمی سەربەخۆییخوازییەوە نییە، بەڵکوو ئەو ئامانجە هێندە قورس و ئەستەمە کە ناتوانین بەو ئاسانییە پێی بگەین. بەڵام سەرەکیترین کارێک لە ئێستەدا پێمان دەکرێت، وازهێنانە لە هەموو پەروەردە و میتۆدێک کە بە ڕق، دووڕوویی، بەرژەوەندیخوازیی تاکی، هەلپەرستی، خۆبەزلزانی، ساختەچێتیی و هاوشێوەکانیان بارگاوی کرابێت، پەروەردەیەکی فاشیستی کە لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوە و بەشەیتانکردنی ئەویدی کار دەکات. هەتا بە کردار واز لەوانە نەهێنین، ئەگەر کوردستانێکی سەربەخۆییش دابمەزرێنین هێشتا هەر ئێرانییەکی ٢٤ عەیاری ئۆرژیناڵین کە هیچ مەگناتیسێک نامانگرێت!
لە ئاستە گرنگترەکەدا، پێویستە هەم حیزبەکان و هەم ئیتیلیجینسیای کوردی تێ بگەن کە سیاسەت و بەتایبەت سیاسەتی ڕزگاری تەنها لە پێوەندی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا فۆرم دەگرێت. ئەو هەموو شەڕە ئابستراکت و مێتافیزیکاڵە لەسەر بچووکترین شتەکان و لە بەرانبەردا غافڵبوونی تەواو لەوەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لە بەردەم داڕووخانێکی سەرتاپاگیردایە، ڕێک بە واتای بزربوونی سیاسەتە لەلای ئەوانەی بانگەشەی ڕێبەرایەتیی سیاسیی خەڵک دەکەن. دەستفرۆشانی سەر جادەکان، کرێکارانی سەر باڵەخانەکان، سفرە بەتاڵەکانی خەڵک، گەنجە تووشبووەکان بە مادەی هۆشبەر، بوونەبەهای چەقۆکێشی و لاتی، نامووسپەرستی و ژنکوشتن، ژینگەی داڕماو و قەیراناوی، حکومەتی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکار...، سیاسەت دەبێ لە ناو ئەم حەقیقەتە تاڵانەی کۆمەڵگاوە سەرچاوە بگرێت نەک لە مێشکە فانتازیکەکان و تەنانەت نەک تەنها لە کتێب و تیۆرییەکانیشەوە. ساڵانی زیندانیبوون ئاستێکی هێندە قووڵ لە داڕمان و فەشەلهێنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیم بینی کە زۆرجار ئەترسم بیریشی لێ بکەمەوە، بێگومان بەراورد بەو کاتە ئێستە دۆخەکە سەدقات خراپتر و داڕماوتریشە. ئیدی نازانم دەبێ شانازی بە چیمانەوە بکەین لە کاتێکدا خەریکە هەر لە بنەڕەتدا کوردستانێک نامێنێتەوە تاکوو هەر هیچ نەبێ ناوی شەهیدەکانمان لەسەر کۆڵان و شەقامەکانی دابنێین؟! حیزبە سیاسییەکان و چالاکوانان دەبێ بڵێن بۆ ئەو خەڵکە ستەملێکراو و کۆمەڵگە پڕقەیرانە کامەپلانی کردارییان لە هەردوو دۆخی بندەستی و ڕزگاریدا هەیە، نەک ئەوەی گەورەترین خولیایان ببێتە پۆرتشکاندنی یەکتر. سیاسەت مەیدانی شوناسبەخشین بە تیۆریسیەنەکانی لێکدابڕان و بازرگانانی شەڕی ناوخۆ نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی خەباتە بۆ کەمکردنەوەی بەدبەختیی خەڵک و هەنگاونان بەرەو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگە.
لە سەردەمێکدا کە مێژوو خەریکە دەنووسرێتەوە و پریشکی ڕووداوەکان بە ڕوونی و تەواوی بەرمان کەوتوون، دەبێ شەرم لە خۆمان بکەین کە بە شتی ئاوا کەمبایەخ و یاریی ئاوا قێزەونەوە مەشغووڵ کراوین.
با چاو لە خەرەندە نگریسەکە هەڵگرین و کۆی سەرنجمان بخەینە سەر دیمەنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە هەژار و پەککەوتەکەمان.
