میتا هەڵبژاردن: چەند سەرنجێک لە سەر هەڵبژاردنەکانی عێراق
3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردار عەزیز
یەکەم، هەڵبژاردن، لە هەناو کایەی دیموکراسیدا یانی دەرفەتدان بە خەڵک بۆ گۆڕینی حکومەت. حکومەت لە ناو سیستەمی سیاسی دیموکراسیدا لاوازە، بەڵام بۆ هاوسەنگی ئەم لاوازییە، دەوڵەت و دەزگاکان بەهێزن. بۆیە حکومەت لێپرسینەوەی لێ دەکرێت، چاودێری دەکرێت و ناوەناوە دەگۆڕێت. بەڵام لە عێراق وەها نیە.
دووەم، خەڵک کە لە عێراق بڕیار دەدەن، تەنها یەکێکن لە ئەکتەرەکانی بڕیار. پاش دەنگدانی خەڵک، ئەکتەرەکانی تر دێنە ناوەوە، وەک ئەکتەرە چەسپیوەکانی ناو کایەی سیاسی و ئابوری و چەکداری عێراق. پاشان ئەکتەرە ئیقلیمیەکان، هەروەها لە هەمانکاتدا ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. هەریەک لە ئەمانە بەرژەوەندی جیاواز و ئەجیندای خۆیان هەیە. بۆیە چاوەڕوانکراوە کە پێکهێنانی حکومەت زۆری پێ بچێت، لە ئەنجامدا دەبێت کەسێک حکومەت بەڕێوەبەرێت کە خزمەتی هەموو ئەمانە بکات، جگە لە خەڵکی عێراق.
سێیەم، خەڵکی کە دەنگیاندا یان دەنگیان نەدا دەکرێ بکرێن بە چەند پۆلێکەوە: ئەوانەی دەنگیان پێدان، ئەوانەی کە دەنگیان دا، ئەوانەی کە ڕۆشتن و دەنگیان نەدا، ئەوانەی هەر کارتیان نەبوو. لە کۆی ٢٩ ملیون کەس کە مافی دەنگدانی هەیە، ١٢ ملیون کەس دەنگیان داوە، بەڵام ڕێژەی دەنگدان کراوە بە ٥٥%. بە سیاسیی بونی ڕێژەی دەنگدان نیشانەی بە سیاسیی بونی ژمارەی خەڵک. ژمارەی خەڵک جیاوازە لە خەڵک خۆی.
بۆ نمونە ئێستا بە یارییەک ڕێژەی دەنگدەر کراوە بە سەروی پەنجا لە سەد، بۆ ئەوەیە کە پەیامێک بۆ سەدر بنێرن، هەروەها هەتا شەرعیەتی سیاسی پێ دەستەبەر بکەن.
سەدر چەند مانایەکی هەیە. سەدر دەیەوێت دژ-تەنی دەسەڵات بێت. بەو مانایە کە ئەو بەدیلە. بەڵام هەتا بێت ئەو پێگەیە لە دەست دەدات. جەماوەرەکەی چەندێکی لە باوەڕ و هاوسۆزیدایە، زۆر هێندە لە ترسدایە. زیانی گەورەی سەدر لە بەرەی ناڕازییە. چونکە ئەو ناڕازییەکی ساختەیە، دەیەوێت هەموو بەرەی ناڕازی بکوژێت.
چوار، گرنگترین خەسڵەتی ئەم هەڵبژاردنە پارەبوو. دەکرێت بڵێین یەکێکە لە زۆر تێچوترین هەڵبژاردنەکانی دونیا، هاتنی هەر ئەندام پەرلەمانێک بۆ پەرلەمان، بە موعەدەل، زیاتر لە دوو ملیون دۆلاری تێچوە. هەبونی پارەی زۆر بۆ سەرفکردن، نیشانەی ئەوەیە کە پارەی زۆر زیاتر لەم پرسەدا هەیە. بۆیە هەتا زیاتر سەرفبکرێت، ڕێژەی گەندەڵی زیاتر دەبێت. بەم لۆجیکە، دەبێت چاوەڕوان بین کە پەرلەمانی داهاتوو گەندەڵی تیایدا زیاتر دەبێت. ئەم پەرلەمانەی کە ئێستا تەواو دەبێت سەردەمی سەفەقەی قەڕن بوو، یان دزیی سەدە. دەبێت ئەمەی داهاتوو چی بێت؟
پێنج، ئەندام پەرلەمان هەتا بێت ئاستی نزمتر دەبێت. هۆکاری ئەمە زۆرە. یەکێک لە هۆکارەکان، بە داخەوە خەڵکە. هەتا کاندید پوچەڵتربێت، دەنگی زیاتر دەبێت. بەڵام هۆکاری تریش زۆرە. وەک گوێ لە مستی، لاوازکردنی پەرلەمان، جودانەبونەوە لە کوێخا، بۆ نمونە سەیری نەوەی نوێ بکە چۆن ژن و مێرد کورسییەکانیان دەگۆڕنەوە.
