ئۆپەراسیۆنی تزور؛ مێژووی نهێنیی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل

کاتژمێرێک لەمەوپێش



شارۆ شاهۆ 
لە مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیلدا و لە پێش شۆڕشی ١٩٧٩، ئەم دوو وڵاتە نەک تەنیا هاوپەیمان بوون، بەڵکو خەریکی داڕشتنی نەخشەیەک بوون بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەدمیراڵ ستانسفیڵد تێرنەر، بەڕێوەبەری CIA لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨١، پاش ڕووخانی شا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: «ئێمە تێنەگەیشتبووین خومەینی کێیە و ئەو بزووتنەوەیەی ئەو چ پشتگیرییەکی هەبوو؛ ئێمە بە مانای وشە لە خەودا بووین.» لە پاش شۆڕش، کاتێک بەڵگەنامەکانی باڵوێزخانە ئەمریکا لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، ئەو ڕاستییەیان دەرخست کە ئەمریکییەکان هێندە بێخەبەر نەبوون لە ئاست ئەو پەیوەندییە نهێنییانەی لە نێوان ئیسرائیل و ڕژێمی شادا گرێدرابوون. 

لە یەکێک لە بەڵگەنامەکاندا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی نێوان عەزرا وایزمان (فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل کە لە ١٩٧٧ بوو بە وەزیری بەرگری لە حکوومەتەکەی مناحیم بێگن) و فەریق حەسەن تۆفانیان، جێگری وەزیری جەنگ و سەرپەرشتیاری جبەخانەکانی ئێران، تێدا یاداشت کرابوو. ئەو بەڵگانە دەریانخست کە ئیسرائیل مووشەکی بالیستیی دوورهاوێژی پەرەپێداوە و بەرهەمی هێناوە و مەبەستی بووە بە ئێرانی بفرۆشێت کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبووە، ئەمەش لە ژێر ناوی کۆدی «ئۆپەراسیۆنی تزور - Operation Tzor».

ریۆڤین مێرهاڤ، سەرۆکی بنکەی مۆساد لە ئێران لەو سەردەمەدا، دەگێڕێتەوە کە شا دوای هەڵبژاردنی جیمی کارتەر لە ساڵی ١٩٧٦، زیاتر لە هەر کاتێک خوازیاری کارکردن بووە لەگەڵ ئیسرائیل؛ بەوپێیەی ئیدارەی کارتەر مکوڕ بوو لە بەدواداچوونی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ کە لە ناوخۆی ئێراندا دەگوزەران. ئێرانییەکان دەترسان دەرگاکانی ئەمریکا و ئەورووپای ڕۆژاوا بە ڕوویاندا دابخرێن، بۆیە بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا دەگەڕان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەربازییەکانیان. وێڕای ئەمە، ئیسرائیل و ئێران پلانیان دانابوو هێڵێکی بەرهەمهێنانی هاوبەشی سەربازیی گەورە دروست بکەن، کە گەورەترین پڕۆژە بوو ئیسرائیل تا ئەو کاتە هاوبەشیی تێدا کردبێت. کۆی گشتی شەش پڕۆژە بوون؛ بڕیار بوو ئیسرائیل زانیاری و کارسازیی مووشەکی بالیستی دابینبکات و ئێرانیش پارە و شوێنی تاقیکردنەوە. لە کۆتایی پرۆسەکەدا، بڕیاربوو ئێرانییەکان دەستیان ڕابگات بە بەرهەمهێنانی خۆماڵی لە پرسی مووشەکی بالیستیدا. لەو سەروبەندەشدا، ئیسرائیلییەکان توانیبوویان مووشەکی بالیستی بە مەودای 700 کیلۆمەتر بەرهەم بهێنن.

لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە ئیسرائیل دەبوایە مووشەکی «جێریکۆ - Jericho» بداتە ئێران، کە لەسەر دیزاینێکی کۆنی فەرەنسی دروستکرابوو. هەرچەندە، ئاکامی ئەم ڕێککەوتنانەش جگە لە هەڵخەڵەتاندنی ئێرانییەکان لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە هیچی تری لێ سەوز نەبوو! چونکە ئیسرائیلییەکان پلانیان دانابوو تەنیا وەشانە کۆنەکانی چەکەکانیان ڕادەستبکەن، سودیش لە پارە و بودجە زەبەلاحەکەی ئێرانە ببینن بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێی چەک و تاقیکردنەوەی سەربازی بۆ موشەکەکانیان. سەربار، وردەکاریی ڕێککەوتنەکان لە زنجیرەیەک کۆبوونەوەدا لە نێوان «ئوری لوبرانی» باڵيۆزی ئیسرائیل و «جەنەراڵ تۆفانیان» یەکلاکرانەوە. 

تۆفانیان زۆر لە شا نزیک بوو و بەرپرسی هەموو کڕینە سەربازییەکان و پەرەپێدانی چەک بوو. یاکۆب شەپیرۆ، بەرپرسی هەماهەنگی لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل (١٩٧٥-١٩٧٨) دەڵێت: «لە ئێران وەک پاشا مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین. بازرگانییەکمان دەکرد قەبارەکەی سەرسوڕهێنەر بوو. بەبێ ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ئێران، ئێمە ئەو پارەیەمان نەدەبوو بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکانەی کە ئەمڕۆ لە هێڵی پێشەوەی بەرگریی دەوڵەتی ئیسرائیلن.» دوای بینینی تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی لە بنکەیەکی نهێنی لە باشووری تەل ئەبیب، جەنەراڵ تۆفانیان سەرسام بوو و شای قایل کرد کە پڕۆژەکە دەستپێبکەن. بۆ شاردنەوەی ڕێککەوتنەکە، چەندین کۆمپانیای وەهمیان  لە سویسرا و دوورگەکانی ڤێرجینیای ئەمریکا دروستکرد. گرێبەستەکان بە جۆرێک داڕژابوون کە ئەگەر ئاشکراش ببن، کەس نەزانێت پەیوەندییان بە حکوومەتەکانەوە هەیە. بەڵام هەوڵەکانی ئێران بۆ شاردنەوەی ئەم پڕۆژانە شکستی هێنا. جەنەراڵ محەممەد ئەنتەزامی کە دەستی لە ڕێککەوتنەکاندا هەبوو، دوای شۆڕشی ئیسلامی بۆ پاراستنی گیانی خۆی، چەندین بەڵگەنامەی نهێنی و ئەپارتمانێکی نهێنی لە تاران بۆ سوپای پاسداران ئاشکراکرد، کە سەدان ڕاپۆرت و نامەی گۆڕدراوەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی تێدا بوو؛ بەڵام ئەم ڕووسپیکردنەوەیە دادی نەدا و گوللەباران کرا.

کاتێک خومەینی دەسەڵاتی گرتەدەست، دەستبەجێ هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بڕی. ئیسرائیلییەکان زۆر نیگەران بوون کە نەوەک ئێران داوای ئەو پێشەکییە زۆرە بکاتەوە کە بۆ پڕۆژەی «تزور» درابوو و هێشتا هیچی ڕادەست نەکرابوو. کاتێک قەبارەی قەرزەکان دەرکەوت، کۆماری ئیسلامی داوای ٥ ملیار دۆلاری کرد. قەرزەکە سێ بەش بوو: پارەی نەوتی فرۆشراو بە ئیسرائیل، ئەو چەکانەی پارەیان درابوو بەڵام ڕادەست نەکرابوون و، ئەو پارانەی وەک پێشەکی بۆ شەش پڕۆژەکەی «تزور» درابوون. لە ساڵی ١٩٨٣وە ئێرانییەکان داواکاریی یاسایییان لە جنێف و دادگای ناوبژیوانیی پاریس تۆمارکردووە، بەڵام یەکلاکردنەوەی بە قازانجی ئێران بێ ئاکام بووە. بەو پێیەی یەکێک لە پاساوەکانی ئیسرائیل بۆ نەدانەوەی ئەم قەرزە ئەوەیە کە دەڵێن: «ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ شا کردووە، ئەویش بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ڕژێمێکەوە لابراوە کە ئێمە دانی پێدا نانێین. شا بگەڕێننەوە، ئێمەش پارەکەتان دەدەینەوە!».

گرێچنی ئەم مێژووە پێمان دەڵێت کە پرسی ئاسایشی نەتەوەیی نابێت لەسەر بنەمای سپاردنی کلیلی جبەخانە و بودجەی وڵات بە لایەنێکی تر بێت. شا لە خەونی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزدا بوو، بەڵام ئیسرائیل لە خەونی «بونیادنانی هێز»دا بوو. جیاوازیی ئەم دوو خەونەش واقیعێکی نوێی خولقاندووە، کە تێیدا ئیسرائیل بەرهەمی ئەو سەردەمە دەچنێتەوە، ئێرانیش وەک قەرزێکی کۆن و جۆرێک لە تۆڵەسەندنەوە تەماشای دەکات لەپاڵ هەموو ئەو گەنگەشە ئایینییانەی کە دەیانکات لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ئەم ویستی تۆڵەسەندنەوەیەش هاندەر بووە بۆ پشتبەستن بە توانا سەربازییە ناوخۆییەکان بۆ دروستکردنی جۆرەها مووشەکی بالیستیی دوورمەودا و بەکارهێنانی لە جەنگی ١٢ ڕۆژەوە هەتاکوو ئەم جەنگە نوێیەی ئێستا. بەڵام، ڕەنگە کاتیش هێندە لە بەرژەوەندیی ئێراندا نەبێت بۆ پەرەپێدانی زیاتری توانا ناوخۆییە سەربازییەکانی، بەهۆکاری سنوورداریی توانا داراییەکانی بەهۆی گەمارۆی ئابووری و کەڵەکەبوونی خەرجیی ئەم جەنگە نوێیەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا. سەرباری خەرجییەکانی بونیادنانەوەی زۆرینەی مۆڵگە سەربازی و مەدەنییەکانی لەم جەنگەدا، کە بەهۆی بەردەوامیی گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خاپوور بوون. 

سەرچاوەکان: 
1.  Ronen Bergman, The Secret War with Iran: The 30-Year Clandestine Struggle Against the World’s Most Dangerous Terrorist Power (New York: Free Press, 2008), Chapter 1, “The Twilight of the Iranian Monarchy.
2.  Parsi, Trita (2007). Treacherous Alliance: The Secret Dealings of Israel, Iran, and the United States. Yale University Press.
3.  Elaine Sciolino, “Documents Detail Israeli Missile Deal With the Shah,” The New York Times, April 1, 1986,
4.  https://www.nytimes.com/1986/04/01/world/documents-detail-israeli-missile-deal-with-the-shah.html.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار