سلێمانی لە نێوان پایتەختی ڕۆشنبیری و پایتەختی گەشتیاریدا!
2 كاتژمێر لەمەوپێش
م.ی. غریب علی سلیم
خوێندکاری دکتۆرا لەبواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی
لە زۆربەی وڵاتانی جیھاندا دوو جۆر پایتەخت هەیە، لەوانە پایتەختێک بۆ کاروباری سیاسی و کارگێڕی وڵات و پایتەختێک بۆ بازرگانی و ئابوری، گەر هەرێمی کوردستان بەنمونە وەربگرین دەبینین هەولێر پایتەختی سیاسی و کارگێڕی دامو دەزگا ڕەسمی و سەرەکیەکانە وەک سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان وەزارەتەکان لەوێدا کۆبوونەتەوە لەلایەکی ترەوە لە ساڵی (2014) بەپایتەخی گەشتیاری وڵاتانی عرەبی ناسراوە، هاوکات لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەولێرن.
سلێمانی کە بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە، بەڵام پێویست بوو لەپاڵ پایتەختی ڕۆشنبیری پایتەختی گەشتیاری و ئابوری هەرێمی کوردستان بوایە، چونکە سلێمانی یەکێکە لەو شارە گەشتیارییانەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق جێ سەرنجی گەشتیارانە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار بۆ پشوودان و بەسەربردنی کاتەکانیان شاری سلێمانی هەڵدەبژێرن. بە جۆرێک لە ساڵی (2007)دا لە (77933)گەشتیار سەردانی شاری سلێمانی کردووە، بەڵام لەساڵی (2024)دا زیادیکردووە بۆ (2095966)گەشتیار.
واتە جیاوازی زۆر لە هاتنی ژمارەی گەشتیار بەرچاو دەکەوێت، ئەمەش بەهۆی جیاوازی سلێمانی و شوێنە گەشتیارییەکانی بوونەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و بە تامەزرۆییەوە گەشتی بۆ دەکەن، لەوانە(سەرچنار، دوکان، راپەڕین، سەرتەکی بەمۆ، سیتەک، کونەماسی، قۆپی قەرەداغ، سەرگەڵو و.....چەندانی شوێنی تر)و بوونی بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دێوانە کە ئەوانیش وەک ناوچەیەکی گەشتیاری ئەژمار دەکرێن و گەشتیار سەردانی دەکات. جگەلەبوونی (233)کۆمپانیا و نوسینگە و بریکاری گەشتیارییە لەساڵی (2024)، تەنها لەساڵی (2024)دا لەفرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی (305516)گەشتیاریی هاوتوو و ڕۆیشتوو گەشتیان ئەنجام داوە ئەمانە وێنەی شارەکە جوانتر و رازاوەتر نیشان دەدەن.
هەروەها سلێمانی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی، ئەم شارە خەسڵەتی پێشکەوتن و خزمەتگوزاری بۆ فەراهەمکراوە، ئەوانەی کاری بنیاتنانی (241)ساڵەی ئەم شارەیان ئەنجامداوە کەسانێکی (زیرەک و لەخۆبوردو و بیرمەندن و دانا) بوون، بەجۆرێک هەر لەگەڵ دروستبونیدا بیریان لە دروستکردنی شوێنی باخ و مزگەوت و حەمام و شوێنی خزمەتگوزاری گەشتیاریی کردوەتەوە، وەک خزمەتگوزارییەکانی ھۆتێل و مۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان بۆ حەوانەوەی گەشتیاران گۆرانکاری باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک لەساڵی (2009)دا ژمارەی شوێنی حەوانەوە تەنها (106)شوێن حەوانەوە بووە، بەڵام لەساڵی (2024)دا زیادیکردووە بۆ (270)شوێنی حەوانەوە.
بەهەمان شێوە ژمارەی چێشتخانە و ریستورانت و کافێ زیادیکردووە بۆ (661)شوێنی خواردن و خواردنەوە. هەروەها ساڵانە لە پایتەختی ڕۆشنبیری بەبۆنەی (ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی) چەندین چالاکی هونەری و ئەدەب و فۆلکلۆر و ئیشی دەست و گۆرانی و جل و بەرگی کوردی و خواردن دروستکردن و چەندین یاری تر ئەنجام دەدرێن، ئەمساڵیش چەندین چالاکی هونەرى، لەوانە ( گۆرانى و میوزیک، تابلۆ، هەڵپەڕکێ، پێشانگاى شێوەکارى، فیلمى دیکۆمێنتارى) نمایش دەکرێن بە بۆنەی ساڵیادى 241 ساڵەى بونیاتنانى شارى سلێمانى، لەبەرواری (2025/11/14)لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بەهەماهەنگی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکان ئەنجام دەدرێت لەو ڕۆژەدا، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، سلێمانی لە ڕۆژی (1784-11-14) لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە ئاوەدان کراوەتەوە، شارەکە بەچەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و تاوەکو گەیشتووە بە ئێستا، بەهۆی بوونی دەیان نووسەر و شاعیر و رووناکبیری ناودار و چالاکییە ئەدەبییەکانی، شارەکە نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری و داهێنەری ئەدەبی وەرگرتووە.
بەهۆی ئەو مێژووە پرشنگدارە ئەدەبی و رۆشنبیری و بوونی سەرجەم مەرج و پێوەرەكانی یونسكۆ، لەلایەن ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییە بەشاری داهێنەری ئەدەب ناسراوە، لەبەرواری (30/ 10/ 2019)، ئەوەش نازناوێكی گەورەی جیهانییەو ئەبێتە تاجێكی پیرۆزو ئەچێتە سەر گەنجینەی سەروەرییە كەلتوورییەكانی تر کە بوتە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ، لە کۆمەڵەی شارە ئەدەبییەکاندا سلێمانی یەکێکە لە (39) شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ و بەشداریی بەرچاوی لە تۆڕەکەدا هەبووە.
جگە لە شوێنە گەشتیارییەکانی شوێنی رۆشنبیریی و کەلتوریی و مێژوویی و شوێنەواریی و کەلەپووریی گرنگ لە سلێمانیدا هەیە لەڕووی شوێنەوار و مێژووییەوە.
بە نموونە موزەخانەی سلێمانی دووەم مۆزەخانەی لەسەر ئاستی عیراق و لە (2012)دا راستەوخۆ لەلایەن یونسکۆوە نۆژەنکردنەوەی کراوە، کە لەساڵی (2024)دا (8345)گەشتیاریی ناوخۆ و بیانی سەردانی کردووە، هاوکات ژمارەی ناوچە شوێنەوارییەکان زیاتر لە (1000) ناوچەیە وەکو(بێستانسور و چەرمۆ و هەزارمێرد و قزقاپان و زەرزی، قەرەداغ، دێکۆن، حەمامی فاتمەخان)و ...هیتر، ژمارەی گەڕەکە کەلەپوورییەکان وەک گەڕەکەکانی (سابونکەران، مەڵکەندی، شێخان، سەرشەقام، چوارباخ، جوولەکان، کانێسکان).
ئەمانەی سەرجەمیان ڕووگەیەکی تری جوانی شاری سلێمانین، داواکارم لەحکومەت و بەرپرسانی شاری سلێمانی کار بۆ پرسی بە ئابوری کردنی سلێمانی بکەن، ڕۆژی یادی سلێمانی ببێتە وێستگەیەک بۆ کەرتی گەشتیاریی و پەرەی زیاتریان پێ بدرێت، تاوەکو نازناوێکی دیکەی تر ببەخشەنە شاری سلێمانی و بیکەنە پایتەختی گەشتیاری، چونکە سلیمانی بەقەد سارا بەرز و بەقەد گۆیژە جوان و بەقەد گڵەزەردە ڕەنگینە! شاری داهێنەری جیهانییە بەپێی بڕیاری یونسکۆ!
