سیاسەتی کەلتوری و نەتەوەسازی
11 كاتژمێر لەمەوپێش
سیروان حەمە ڕەشید
بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی بە هەماهەنگی کۆمەڵێک لە دەستەبژێری ڕۆشنبیر و توێژەر و ئەکادیمیست سەرقاڵی ڕێکخستنی دیداری "سیاسەتی کەلتوری"ن. هەرچەندە نازانین کارنامە و بابەت و ناوەڕۆک و تەوەری گفتوگۆی دیدارەکە چییە، بەڵام هەرچی بێت، ڕێکخستنی دیدارێک لەژێر ناونیشانی "سیاسەتی کەلتوری" خۆی لەخۆیدا هەنگاو و کارێکی زۆر گەورە و گرنگ و بایەخدارە، سەرەڕای ئەو دۆخە پڕ لە ئاڵۆزی و تەنگەژە و بارە قورسەی هەرێمی کوردستان پێیدا دەڕوات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخستنی دیداری سیاسەتی کەلتوری بۆ ئەمڕۆی کورد زۆر پێویستە.
لەبەر ئەوە پێویستە چونکە ناسنامەی هەموو نەتەوەیەک پەیوەستە بە کەلتوورەکەیەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ڕێگەی دەرخستنی ئاستی پێشکەوتن و سیماکانی نەتەوە و نیشتمانسازییەوە، باشتر دەتوانرێت بخرێتە سەر ڕێگای بەرەوپێشچوونی کایەکانی سیاسەت و حوکمڕانی و کەلەپوور و نۆڕمە جیاوازەکان.
دەتوانین ئەوە بڵێین لەو گۆشەنیگایەوە هەڵسوورێنەرانی دیدارەکە ئامانجیان لە دیداری سیاسەتی کەلتوری ڕاچڵەکینە بۆ سەرپێخستنی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی کەلتوور و نۆڕم و فەرهەنگسازییە. هەروەها دیداری سیاسەتی کەلتوری لە سلێمانی ببێتە پاڵنەر و هەنگاوێک بۆ پڕۆژەی ڕۆشنبیری و فراوانکردنی مەودای سیاسەتی کەلتوری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک دیدارەکە کاریگەری لە بوارە جیاوازەکانی (کەلەپوور و خوێندنەوە، هونەر و ئەدەب و وەرزش و تەواوی بەها و نۆڕمەکانی دیکەی پەیوەست بە سیاسەتی کەلتوری) دابنێت.
دەکرێت جەوهەری گفتوگۆ و دیبەیتەکانی دیدارەکە زیاتر جەختکردنەوە بێت لەسەر بەردەوامی چالاکییە کەلتوورییەکان، هەروەها پەنجە بخاتە سەر ئاستەنگ و کێشە جۆراوجۆرەکان و ئەو چەقبەستووییەی کەلتووری ئێمەی گرتووەتەوە، وەک ڕووناکییەک لە دیاریکردنی میکانیزم و ستراتیژییەکی نوێی کەلتووری. خاڵێکی زۆر گرنگ ئەوەیە دیداری سیاسەتی کەلتوری تەنها لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و ناوچەیی نەمێنێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر فراوانکردنی دیدار و کۆنفرانس بکرێتەوە و هەنگاو و چالاکییە کەلتوورییەکان تەواوی ناوچە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
هیوادارین دیداری سیاسەتی کەلتوری کە وا بڕیارە لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی وەک چالاکییەکی کەلتووری و ڕووناکبیری بەڕێوەبچێت، سەرەتا و دەستپێکێکی نوێ بێت بۆ ڕێکخستنی کۆنفرانسێکی نیشتیمانی و سەرتاسەری و سەرپێخستنی شۆڕشی هزری و ڕووناکبیری و کاراکردنی سیاسەتی کەلتوری لە هەرێمی کوردستان.
