کورد و کەرکوک و ڕاستيیە تاڵەکە
9 كاتژمێر لەمەوپێش
✍️ : شوان داودی
لە دوو مانگی ڕابردوو دوو وتارم سەبارەت بەو مەترسیانەی لەسەر ڕێژە و قەبارە و بارستایی کورد لە کەرکوک بە پشت بەستن بە داتا و ئامار و بە بەراورد کردن لەگەڵ مێژوی شارەکە و واقعی ئێستایدا نووسی .
یەکەمیان بە ناوی (دۆزی کەرکوک و پرسی نەتەوەیی) لە 15ی سیپتمبەر ، دوەمیان لە ژێر ناوی ( کورد هیچ پرۆژەیەکی نەتەوەیی بۆ کەرکوک پێ نەماوە) لە15ی ئۆکتۆبەر، هەردوو وتارەکەم وەک سەروتار لە هەردوو ژمارە 807 و 808 ی ڕۆژنامەی هەواڵ بڵاوکردەوە .
دوای شیتەڵ کردنی ئامار و داتاکان ، لە وتاری یەکەم ئاماژەم بەو مەترسیە داوە و دەڵێم :
(ئەم ئامارە پێمان دەڵێت گەر بۆچونی پەرلەمانتارە عەرەبەکەی کەرکوک لە بارەی ڕێژەی پێکهاتەی عەرەبەوە لە کەرکوک واش نەبێت لە ئێستادا ، ئەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە راستیەکی تاڵ بۆمان).
لە وتاری دووەمدا بەم شێوەیە گوزارشتم لەو مەترسیە کردوە :
(ئەوەی دەمێنێتەوە شەڕی نهتهوهيى پێ بکەین بۆ پاراستنی قەبارەی خۆمان بارستايی دانیشتوانە، کە بە داخەوە هاوکێشەکانی جوگرافیای دانیشتوان بەپێی ئامارەکانی لە دایک بوون و کۆچ بۆ شارەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی کورددا نییە.. ڕاستیەکی تاڵی تر ئەو ڕێژە دەنگەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەیهێنین کە لە دوا هەڵبژاردندا ڕێژەکەمان 42%بووە لە واقیعدا ڕاستی نین بەرامبەر بەڕاستی دەنگی پێکهاتەکانی تر، چونکە بەشێکی ئەو دەنگانە نزیکەی 10% گەر زیاتر نەبێ کەمتر نیە بوونیان لە کەرکووکدا نیە، ڕاستە کەرکووکین بەڵام دانیشتوی شارەکانی هەرێمی کوردستانن.
ئەم ڕاستییە تاڵانە ئەوەمان پێ دەڵێت جێبەجێ کردنی ماددەی 140 وەکوو خۆی لە بەرژەوەندی کورددا نابێت چونکە لە کاتی ڕاپرسیدا بێ گەڕانەوەی قەزاکان ڕێژەی پێکهاتەکانی تر پێکەوە لە کورد زیاترن. لە ئێستادا وەکو کورد نزیکین لەوەی قەبارەی خۆمان وەک گەورەترین پێکهاتەش لە دەست بدەین).
بە داخەوە لە هەڵبژاردنەکانی 11/11 مەترسیەکان بوون بەو بەڕاستیە تاڵەی لێی دەترساین ، شۆکیان کردین بەوەی بۆ یەکەم جارە لە دوای ڕوخانی بەعس و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی عێراق ، کورسی کورد لە کەرکوک دابەزێ بۆ خوار نیوەی کورسیەکان و ڕێژەی دانیشتوانیش ، عەرەب زۆر نزیک بۆتەوە لە کورد و لە گەڵ تورکمان پێکەوە زۆر زیاترن لە ڕێژەو قەبارەی دانیشتوانی کوردی شارەکە .
وەک هێزە کوردستانیەکان ، پارتی زۆر دڵخۆشە لە بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملێون دەنگ و یەکێتی لە پارتی دڵخۆشترە بەوەی سەرۆکی لیستەکەی لەکەکوک بە نزیکەی 100 هەزار دەنگ بەرزترین دەنگی عێراقی هێناوە و کورسیەکیان زیادی کردوە لەم شارە ..پیرۆزیان بێت!
بۆ منێک وەک هاوڵاتییەکی کوردی کەرکوک نە 1 ملیۆن دەنگەکەی پارتی و نە 100 هەزار دەنگەکەی سەرۆکی لیستەکەی یەکێتی لە کەرکوک گرنگ و جێی بایەخ نین، چونکە یەکەمیان دەسکەوتی حزبی و دووەمیان دەسکەوتی شەخسیە .
لای من گرنگ نیە ئەو نوێنەرەی لە خانەقین سەرکەوتووە یەکێتیە یان پارتی ، گرنگ کورد لە خانەقین کورسی هەیە ، من نیگەران و دڵتەنگم لە ئەگەری سەرنەکەوتنی نوێنەرەکەی کورد لە خورماتوو، چونکە کورسیەکەی کورد لە خورماتوو گرنگی نەتەوەیی خۆی هەیە.
بۆ منێک وەکو کوردی کەرکوک گرنگ نیە لە هەرێم چی حزبێک زیاتر یان کەمتر دەهێنێت، گرنگ نیە کورسیەکانی کۆتاکان پارتی دەیانبات یان یەکێتی ، چونکە ئەو بابەتانە پرسی حزبی و پرسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانن ، ئەوەی کێشەی منە و مایەی نەک نیگەرانی بەڵکوو کارەساتە کورسی کورد وەکو پێکهاتە لە کەرکوک دابەزێ بۆ خوار نیوە.
گەر لەدەستدانی کورسیەکی پارتی لە کەرکوک بەشکستی پارتی بزانین ، ئەوە کێشەی حزبی خۆیانە و حەقی ئەوەمان نیە قسەی لەسەر بکەین.
گەر وەک شکستی کورد بیبین ، کە لەڕاستیدا شکستی کوردە، ئەوە مافی هەموو کوردێکە قسەی لەبارەوە بکات .
ئەم شکستە راستیەکی تاڵ و زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی کورد لە کەرکوک و ئەم ناوچانە ، ئەرکی هەمووانە لە ئاستیدا هەڵوەستە بکەین و قسەمان لەبارەیەوە هەبێت .
کێشەی شەخسی و تایبەتیمان لەگەڵ هیچ هێز و لایەن و کەسێکدا نیە ، هیچ و هێز و کەس و لایەنێکش لەسەروی ڕەخنەوە نیە پیرۆزش نین ، ڕەخنەمان لە ڕەفتار و ئەدای سیاسیە نە حزب و کەسەکان ، چونکە ئەوە ئەرکمانە چاودێر بین لە پێناو ڕاست کردنەوەی هەڵەکان و کەم کردنەوەی زیانەکان .
دەرکەوت پرسی کورد لە کەرکوک و ئەم ناوچانە پرسی نەتەوەییە نەک خزمەت گوزاری وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت ، گەر بەقسەی پایەدارەکانی ئیدارەی ئێستا بێت کەپێیان وایە لە ماوەی 100ساڵی رابردودا کەرکوک بە قەبارەی یەک ساڵی ئەوان خزمەت نەکراوە ، ئەوە لە سەردەمی ئەواندایە ڕێژەی کورسی کورد وەکو پێکهاتە دادەبەزێت بۆ ئاستی خوار نیوە .
جگە لەو خزمەتەی باسی دەکەن لەم هەڵبژاردنە زۆرترین پارە خەرج کراوە بۆ ئاشتکردنەوی خەڵک و کڕینی دەنگ وئاخوڕ گواستنەوە و سپۆنسەری میدیایی و بلوگەر و تیکتۆکچیەکان.
سەرەتا و تا دوای نیوەڕۆی ١١/١١ بنکەکانی دەنگ دان لە ناوچە کوردنیشنەکان ساردوسڕ بوون ، تاوەکو گەیشتە ئاستی بانگەواز و پەنا بردنە بەر مهلاى مزگهوت و بلوگەر و تیکتۆکچیەکان تا هانی خەڵکی بدەن بڕۆنە سەر سندوق .
ئەمانە هیچی وهكو وتارە بە پەرۆش و نەتەوەییە ئاگرینیەکەی خالد شوانی کاریگەری لەسەر دەنگدەر نەبوو بۆچوونە سەر سندوق لە دواساتەکانی دەنگدان دا.
ئەگەر بەم ڕیتمەی ئێستامان لە شارەکە سیاسەت بکەین و پێداچونەوە نەکرێت و کەم کورتیەکان دیاری نەکرێن و چارەسەری گونجاویان بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوە بە دڵنییاییەوە ئەم شکستە لێرەدا ناوەستێ و شکستی گەورەتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، لە هەڵبژادنی ئایندە تەواو هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە ، عەرەب دەبنە 6 کورسی و کورد بۆ 4کورسی ئاهەنگ دەگێڕێ و دڵخۆش دەبێت .
