هەرێمی كوردستان لەنێوان خواستی خەڵک و عینادی سیاسی

3 كاتژمێر لەمەوپێش




✍️ سەرتیپ جەوهەر

لەگەڵ ئەوەی دوای هەڵبژاردنەو بەپێی مەنتق دەبوو گوتاری لایەنەكان نەرم بێت بۆ خۆشكردنی زەمینەی دانوستانی گفتوگۆ لەسەر بەركەوتەی پۆستەكانی بەغدا بۆ كوردو هاوكات پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بەڵام دوێنێ كاك مەسعود لەوتارەكەی لەدهۆك گوتی "باش بزانن هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن ئەو هەلومەرجەی پێشوتر نییە" ئەم قسەیەی روو لەیەكێتیی بوو كە ئەوان وەك پێش هەڵبژاردن ناچنە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ یەكێتیی! هەروەك ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێكی یەكێتیی لەكۆڕبەندەكەی دهۆك ئامادەنەبوون، نازانم داوەتنەكرابوون یان خۆیان ئامادەنەبوون. هەركامیان بێت ئاماژەیە بۆ خراپی پەیوەندیان لەگەڵ پارتی. 

وەزیرێكی پارتی لەبەغدا گوتی " پارتی كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق". لەلایەكی دیكە گوێمان لە لێدوان و وڵامی توندی یەكێتیی دەبێت بەرامبەر پارتی و پرسی پێكهێنانی حكومەت لەهەرێم.

بە لەیەكتر گرێدان و لێكدانەوەی ئەو لێدوان و ئاماژانە، بۆمان رووندەبێتەوە كە  پەیوەندی پارتی و یەكێتیی ئاڵۆزەو پێناچێت هەم لەسەر پۆستەكانی بەغدا بەتایبەت سەرۆك كۆمارو هەمیش لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت نوێی هەرێم بەئاسانی بگەنە رێككەوتن. 

جارێ‌ بەر لەهەموو شتێك، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی پارتی و یەكێتیی زیادی نەكردووە، هەروەك لەكەركوك كورد كورسیەكی كەركوكیشی لەدەستدا كە شكستێكی گەورەبوو بۆ هەموو لایەنەكان و ئاماژەیەكی زۆر خراپ بوو بۆ چارەنوسی شارەكە. 

بەپێی ئەو لێكدانەوانەی ئێستا دەكرێت هاوكێشەی سیاسی دوای هەڵبژاردن لەبەغدا كەمێك گۆڕاوە، لەپرسی سەرۆك كۆماردا دیسان لەبەرژەوەندی پارتی نییە، بەڵكو لەبەرژەوەندی یەكێتییە، بەڵام لەبیری نەكەین كەسایەتی كاندیدكراو بۆ سەرۆك كۆمار رۆڵێكی زۆر گرنگ دەبینێت لەیەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە لەنێوان پارتی و یەكێتیی.

گروپی سەدر بەشداری هەڵبژاردنی نەكردووە كە لەگەڵ پارتی لەسەر یەك هێڵی هەرێمین و لەسەر هێڵ و ستونی توركیا هەژمار دەكرێن، هاوكات گروپەكانی نزیكن لەئێران كەمێك دەنگیان زیادی كردووە، هەروەك چوارچێوەی هەماهەنگیی كە هاوپەیمانێتی سەرەكی شیعەكانە ئەمجارە جۆرێك لەهێمنی پێوەدیارەو سودانیش هێنراوەتە ناو چوارچێوەكە. لەلایەكی دیكە محەمەد حەلبوسی كە ئاراستەیەكی قەومیی سوننەی توندڕەو و ناجسنە كورسی زۆری بەدەستهێناوەو ئێستا گەورترین گروپی سوننەیە، لەچوارچێوەی هەماهەنگی شیعە زۆر نزیكە كە گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لەعیراق.

لێرەدا دەتوانین چەند گریمانەیەك بخەینە روو:
ئەگەر پارتی بەبێ‌ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی سەرۆك كۆمار بۆخۆی مسۆگەر بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە هاوسەنگی هێز لەكوردستان بەتەواوی ئاڵۆز دەبێت. ئەگەر ئەوە رووبدات، پرسی پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو لەهەرێم نەك زەحمەت، بەڵكو ئەستەم دەبێت. لەباتی حكومەتێك، دوو حكومەت لەكوردستان دروستدەبێت. ئەگەر یەكێتیش جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەنگدانی پەرلەمان بەبێ‌ پارتی بباتەوە، ئەوا لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم سەقفی داواكارییەكانی لەهەرێم زیاتر دەكات ئەمە لەكاتێكدا پارتی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش رایگەیاندووە كە ئامادەنین لەدوای هەڵبژاردنی عیراق بەهەمان نرخ و پێوەری بەر لەهەڵبژاردن لەگەڵ یەكێتیی رێككەون. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەسەر پۆستەكانی بەغدا رێكنەكەون، ئەوا دۆخی سیاسی هەرێم زۆر ئاڵۆزتر دەبێت، لەنێو بازنەیەكی داخراودا بەبێ‌ چارە دەخولێتەوە، مەگەر دەستوەردان و فشاری دەرەكی بیكاتەوە! یان دەبێ‌ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت كە ئەمەش گرفت و كێشەی قانونیی خۆی هەیە، یانیش 4 ساڵی دیكە هەرێم بێ‌ حكومەتێكی شەرعیی و دەستوریی بەردەوام دەبێت و پەرلەمانەكەیشی كە 10 ساڵە بێئەرزشكراوەو هیچ رۆڵی نەبووە، 4 ساڵی دیكەشی دێتەسەر.

خولاسە:
هەموو میللەتێك لەكاتی شكست ناكۆكییەكان دەخەنە لاوەو خەمی گشتیی زاڵ دەبێت بەسەر بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی، بەڵام لەلای كورد پێچەوانەیە، لەكاتی شكست ئیدی ناكۆكتر دەبن. تێناگەم بەغدا گۆڕپانی ململانێی پێكهاتەكانە لەسەر ماف و بەركەوتەكانیان، نەك پرسی پۆست و بەركەوتە حزبیەكان. لەباتی كۆبونەوەو رێككەوتن لەسەر ئەجێندایەكی هاوبەش بۆ فشار خستنە سەر بەغدا بۆ پابەندبوون بەدەستورو دابینكردنی ماف و بەركەوتەكانی هەرێم، لەئێستاوە هەڕەشە لەیەكتر دەكەن.


من تێناگەم سەرۆك كۆمارێك دەسەڵاتەكانی تەشریفاتیەو سوێند دەخوات یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزێت، ماقول چییە پارتی شەڕی لەسەر دەكات؟
  بۆ یەكێتیش سەرۆك كۆمارێكی لاوازی بۆچییە ئەگەر پارتی و لایەنەكان پشتیوانیی نەكەن و دەنگی بۆ نەدەن، سەرئەنجام بۆكوردو بۆ هەرێمی كوردستان سودێكی ئەوتۆی نابێت و ناتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت كە بەپێی دەستور پێویستە بیبینێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار