خوێندنەوەیەکی(رەخنەگرانە)بۆ هەڵبژاردنەکان
3 كاتژمێر لەمەوپێش
مەریوان نەقشبەندی
هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تەواو بو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانیش راگەیەنرا بەپێویستی دەزانم وەک رۆژنامەنوسێک سەرنج و تێبینی خۆم بخەمەڕو.
بەپێی بەراوردی کورسی لایەنە کوردستانیەکان لەهەڵبژادنی ئێستا و ساڵی 2021،لەهەرێمی کوردستان تەنها نەوەی نوێ و پارتی کورسیەکانیان کەمی کردوە،نەوەی نوێ لەحکومەت نەبوە و لەکاتی هەڵبژاردنیشدا سەرۆکەکەیان لەزیندان بو،بۆیە لەکەمبونەوەی کورسیەکانی دەتوانێ پاساو بۆ خۆی بێنێتەوە،بەڵام کەمبونەوەی کورسیەکانی پارتی ئەگەرچی زیاتر لەملیۆنێک دەنگیشی هێنابێ بەڵام جێگەی هەڵوەستەکردنە.
بۆ نمونە کورسیەکانی پارتی لە هەولێر(پایتەختی هەرێمی کوردستان)کە 9کورسی لەکۆی 16کورسی بو لەکاتێکدا لەم 30ساڵەی رابردودا ئەم شارە لەدەست پارتی بوە و لەهەمو شارەکانی تری کوردستان پرۆژە و خەرجی و وەبەرهێنانی تێدا کراوە کەچی لەکۆی سنوری پارێزگاکە یەکێتی و رەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێ 5کورسی ئەم پارێزگایەیان بەدەست هێناوە بەبێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی ئیداری و حزبیان هەبوبێت،لەناو سەنتەری پارێزگای هەولێریش دەنگەکانی پارتی لەبەرامبەر کۆی دەنگی حزبەکانی تر بەحاڵ نیوە زائد یەک بوە،لەوەش سەیرتر لەڕی دەنگی پوچەڵەوە پارێزگای هەولێر دووەم پارێزگای عیراقە کە نزیکەی 117هەزار دەنگی سوتاوی تێدابوە و دوای پارێزگای سلێمانی دێت کە نزیکەی 138هەزار دەنگی پوچەڵی تێدابوە.
ئەم بەراورد و داتا و زانیاریانە پێویستی بەهەڵوەستەکردن هەیە.دیارە جگە لەپارێزگای نەینەوا کە دەنگی کورد بەگشتی و پارتی بەتایبەتی زیادی کردوە و لەکورسی کۆتاکانیشدا پێکهاتەکانی کوردستان بەپشتیوانی پارتی توانیان شکست بە رەیان کلدانی و حەشدی شەعبی و خواستی ئێران بهێنن کە ئەمە جێگەی ستایشە،لەکەرکوک و دهۆک و سلێمانیش بەڕێژەی جیاواز هەمان پرسیار و نیشانەی پرسیار لەمێشکی دەنگدەر و شرۆڤەکاراندا لەسەر دەنگی پارتی و دەنگی حزبەکانی تریش هەیە،ئەبێ تێکڕای حزبە کوردستانیەکان و پارتی بەتایبەتی وەک گەورەترین حزبی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ئەنجامانە بکات و بزانێ بۆچی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێشەنگی پارێزگاکانی عیراقە لەروی دەنگی پوچەڵەوە کەمن پێموایە بەشێکی زۆریان وەک ناڕەزایی بوە،پێویستە کەمتەرخەمی و خاڵی بەهێز و لاواز دەستنیشان بکرێت و پرەنسیپی (سزا و پاداشت) و ڕێوشوێنی گونجاو بگیرێتەبەر بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو و ئایندەی کوردستان.
