تورکیا چاوی لە شتێکە ئۆجەلان هەرگیز سازشی لەسەر ناکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنقەرە لەسەر بابەتێک فشاری زۆر دەکات و ئۆجەلانیش رەتیدەکاتەوە

ئەو شتە چییە تورکیا هێندە سوورە لەسەری؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قۆناغێکی زۆری بڕیووە و عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چەندین سازشی لەپێناو ئاشتیدا کردووە، بەڵام بابەتێک هەیە هەرگیز نایەوێت بیداتە دەست تورکیا.

زۆر شت لەسەر سەردانی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای ئۆجەلان ناڕوونە و هێشتا ئەو سێ پەرلەمانتارەی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) کە سەردانی ئۆجەلانیان کرد هیچ قسەکەی فەرمییان نەکردووە، بەڵام پێگەی ئەلمۆنیتەر لەبارەی دانیشتنەکەیان چەند نهێنییەکی ئاشکرا کردووە.

پێگەی ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، گفتوگۆکانیان پێنج کاتژمێری خایاندووە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکە لەبارەی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.

ئەلمۆنیەر دەڵێت، ئەنقەرە فشاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی ئۆجەلان رازی بکات هەسەدە چەک دابنێت و بەڕێوبەریی خۆسەریش دەست لە سەربەخۆیی هەڵبگرێت، بەڵام لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا، ئۆجەلان سوور بووە و رەتیکردووەتەوە سازش لەمە بکات.

چەک دانان و تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ تورکیا و هەواڵگری وڵاتەکە،کە بە میت ناسراوە، ماوەی ساڵێکە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە گفتوگۆدایە و میت داوای کردووە هەسەدە بچێتە نیو سوپای سوریا و دەستبەرداری کیڵگە نەوتییەکانی ببێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: ئۆجەلان دەزانێت سوریا بەهێزترین کارتییەتی و ئەو کارتەش وەک چەکێکی بەهێز بەکاردەهێنێت، بەهیوای ئەوەی حکومەتی تورکیا بەو رێگەیەدا ئاراستە بکات کە خۆی دەیەوێت.

بەرپرسانی تورکیا و پارتی ئاکەپە زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، هەسەدە درێژکراوەی پەکەکەیە و دەبێت ئەویش چەک دابنێت، نوێترین لێدوانیش لەسەر ئەمە لێدوانەکەی عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە بوو کاتێک گوتی، پارتەکەمان و پارتی مەهەپەی هاوپەیمانمان لەسەر ئەوە کۆکین دەبێت هەسەدە چەک دابنێت.

هەر لەبەر ئەم فشارە زۆرانەیە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئیمڕاڵی هەیە، بەڵام پێویستە راستەوخۆ چاوی بە ئۆجەلان بکەوێت و لەگەڵی کۆببێتەوە.

ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئۆجەلان نایەوێت دەستوەردان لە بابەتی کوردانی سوریا بکات و دەیەوێت تورکیا وەک نێوندگیر قبوڵی بکات، نەک ببێتە رێکخەر بۆ رێککەوتنی نهێنی هەر وەک چۆن پێشتر لە ساڵی 2013 رەتیکردەوە هێزە کوردییەکان دژی حکومەتی ئەسەد بجوڵێنێت، کە ئەمەش داواکاری ئەنقەرە بوو.

 ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سووربوونەی ئۆجەلان وەک شمشێرێکی دووسەرە وایە، چونکە تا زیاتر حکومەتی تورکیا بە مەرجەکانی رازی ببێت، هەژموونی ئۆجەلان بەسەر شوێنکەوتووانییەوە زیاتر دەبێت، بەڵام لەم نێوەندەدا رەنگە زیاتر پرۆسەی ئاشتی دوابخات تا داوای زیاتری بۆ جێبەجێ بکەن.

بڕیارە رۆژی هەینی پرۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت بۆ ئازادکردنی هەزارەها زیندانی کە بەتۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیرکراون، ئەمەش وەک بەشێکە لە رێککەوتنی ئاشتی.

پێگەی ئەلمۆنیەر باس لەوە دەکات، شاراوە نییە کورد هیوای وایە ئەم پاکێجە ئازادکردنی ئۆجەلان لەخۆبگرێت و ئەنقەرەش دەیەوێت بەم هەنگاوە پەکەکە و هەسەدە پێکەوە رازی بکات چەک دابنێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار