دوو هاوسەری تەڤگەری ئازادی تۆمەتبارن بە هاوکاریکردنی تورکیا لە کوشتنی چالاکوانان
41 خولەک لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەگوێرەی چەند زانیارییەک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، دوو هاوسەر لە دادگای سلێمانی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) دەستگیرکراون و ئاسانکارییان بۆ دەزگاکە کردووە لە کوشتنی چالاکوانانی مەدەنی لە شاری سلێمانی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دادگای سلێمانی دزەی پێکراوە، ئەم دوو کەسە کە پێشتر لەنێو تەڤگەری ئازادیدا بوون، دەستیان هەبووە لە کوژرانی پێنج چالاکوان لە سنووری سلێمانی.
ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون باس لەوە دەکەن، ئەم دوو هاوسەرە پێشتر خۆیان لە تەڤگەری ئازادی نزیک کردووەتەوە و بەشدارییان لە چالاکییەکانی جوڵانەوەکە کردووە، لەم رێیەشەوە توانیویانە شوێنی قوربانییەکان بۆ میتی تورکیا دیاری بکەن، بە دانانی جی پی ئێس لە شوێن و جانتای قوربانییەکان و چاودێریریکردن لەرێی کامێراوە.
دوان لەوانەی بوونەتە قوربانی لە گەڕەکی بەختیاری سلێمانی بووە و سێ کەسی دیکەش کە هەرسێکیان ژن بوون لەڕێی درۆنەوە لە دەوروبەری سلێمانی بەئامانجگیراون.
زانیارییەکان بەتەواوی پشتڕاستنەکراونەتەوە و تەنها دزیان پێکراوە، تا ئێستاش هیچ دەزگایەکی فەرمیش لەوبارەیەوە راگەیاندراوی نییە.
