ئەوەی لە خولی یەکەم بۆی نەکرا، لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی کردی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بۆچی لەم کاتەدا ترەمپ ئیخوان موسلمینی خستە لیستی تیرۆرەوە؟
کێ لە پشت بڕیارەکەیەوە بوو؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاری کرد کە تێیدا بەشێکی ئیخوان موسلمینس خستە نێو لیستی تیرۆرەوە.
فەرمانەکە جارێ تەنها بۆ لقەکانی بزووتنەوەکە لە وڵاتەکانی لوبنان، میسر و ئوردن دەرچووە و ترەمپیش دەلێت، پێداچوونەوە بۆ لقەکانی دیکەش دەکەین.
هۆکارەکەشی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: ئەم جوڵانەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ حەماس هەیە و هاوکارییان کردوون.
فەرمانەکە چۆن کار دەکات؟
دوای واژۆکردنەکەی ترەمپ، بڕیارەکە دەچێت بۆ وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا.
وەزارەتی دەرەوە، سەرەتا تۆمارێکی کارگێری دروستدەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دواتر لەگەڵ داواکاریی گشتیی راپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکەن، بۆ بە یاسایی کردنی پرۆسەکەش لەماوەی 45 رۆژدا دەینرێن بۆ کۆنگریس.
فەرمانەکە هێندە گرنگە، تەنانەت کۆنگرێسیش ناتوانێت رەتی بکاتەوە و تەنها بەرگێکی یاسایی دەکاتە بەری.
ئەگەر ئەمانە هەمووی ئامادە بوو، هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەوەستێنن.
ئەی وەزارەتی گەنجینە چی دەکات؟
خاڵی یەکەم: هەموو موڵک و سامانەکانی ئیخوان موسلمین لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن.
خاڵی دووەم: هەرکەسێک هاوکاری ماددی یان هاکاری لۆجیستیان بکات دەدرێتە دادگای تاوانی فیدڕاڵی.
خاڵی سێیەم: هەموو بانکەکان ئاگادار دەکرێنەوە نابێت هیچ پارەیەک بگوازرێتەوە بۆیان.
ترەمپ، بەوەشەوە نەوەستاوە و دەلێت پێداچوونەوە بۆ هەموو لقەکانی دیکەی ئیخوان موسلیمین دەکەین و ئەوانیش لە بەرنامەدان.
ئیخوان موسلیمین لە عێراق و سوریا و تورکیا و قەتەر و چەند ولاتێکی دیکە هەن.
لقەکەی عێراق بەناوی حزبی ئیسلامیی عێراقە و ئەیاد سەماڕایی سەرۆکایەتی دەکات.
ئیخوان موسلیمین، ماوەی ١٠٠ ساڵە وەک جوڵانەوەیەکی ئیسلامی لەسەر دەستی حەسەن بەنا لە میسر دامەزراوە، چەندین لقی هەیە، ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتێکە بە شەریعەتی ئیسلام کار بکات.
