ئایا کورد هێشتا هاوپەیمانی سروشتی ئیسرائیلە؟

5 كاتژمێر لەمەوپێش



نوسینی : ئۆفرا بینگیۆ
وەرگێڕانی: قاسم محەمەد فەتاح

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هائەرێتزی ئیسرائلی چاپی ئینگلیزی ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠٢٥ بلاوکراوەتەوە
--------------------------------------------------------------------------------------
لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەی دوژمنانی هاوبەشی ئیسرائیل و کورد، کە خۆی  لە عێراق ، تورکیا ، ئێران و سوریا،  دەبینێتەوە، بەرژەوەندی و ستراتیژییەکی هاوبەشی لە پەیوەندی نهێنی پچڕ پچڕی لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە بەدوای خۆیدا هێناوە . بەڵام پرسیاری گەورەی ئەمڕۆ ئەوەیە،  ئایا لە دوای گۆڕانکارییە گەورەکانی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەمە دەبێتە هۆکاری هاوپەیمانێتی ئاشکرا لە نێوان هەردوولادا ؟

گۆڕانکارییە گەورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دوای جەنگی 7 ی تشرینی یەکەمەوە هیوای هاوپەیمانێتی لەنێوان ئیسرائیل و کورددا دروستکردووە. ئەم پێشبینیانە بەهۆی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە گیدعۆن ساعر لە 10 ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەهێزتر بەدیارکەوت کاتێک گوتی کورد هاوپەیمانی سروشتی ئیسرائیلن و بۆیە دەبێت پەیوەندییەکان لەگەڵیاندا بەهێز بکرێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە ئەمە هەم لایەنی سیاسی و هەم لایەنی ئەمنی دەگرێتەوە.

لێدوانەکەی ساعر وەک ئاوازێکی مۆسیقا بوو لەپێش گوێی زۆرێک لە خەلکی کورد و هەندێکیش لە ئیسرائیلیەکان بەڵام واقیعی سیاسی بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخەکەوە زۆر جیاواز بوو.

 بۆ کردنەوەی گرێی ئەم ئاڵۆزییە، گرنگە جیاوازی لەنێوان خەڵک و پەیوەندییە فەرمییەکاندا ، لە نێوان پەیوەندییەکان لەگەل کوردی عێراق و کوردی وڵاتانی دیکەدا، هەروەها لە نێوان پەیوەندییە ئاشکرا و نهێنیەکاندا بکرێت. لە بەراوردکردنی نێوان جوو و کورد زۆر لێکچوون هەن بەوەی هەردووکیان نەتەوەی بچووکن (15 ملیۆن جوو و 35 ملیۆن کورد)،  بەهۆی چەوساندنەوە و جەنگەوە پەشۆکاون. هەردووکیان لە ململانێی مردن و ژیاندان بۆ پاراستنی ناسنامەی تایبەت بەخۆیان و شەرعییەتی هەردوولا کەوتۆتە ژێر پرسیار و نکوڵی کردن لە هەبوونی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان.

سەرەڕای ئەوەش، هەردووکیان لە ڕووی نەژادییەوە جیاوازن لە عەرەب و فارس و تورک دراوسێکانیان، بەوپێیەی زۆرینەی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن. بەدرێژایی مێژوو ئەو دوو گەلە جوو و و کورد هەرگیز جیگای هەڕەشە نەبوونە لەسەر یەکتر.

لە ڕاستیدا، هەرچەندە لەوانەیە ڕەوشەکە دژوار بێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کوردەکان موسڵمانن، نەیارە سەرەکییەکانیان برا موسڵمانەکانیان بوون لە عەرەب و تورک و فارس. ئەم گروپانەش دوژمنی ئیسرائیلن و لەکۆتاییدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو گەلە غەیرە عەرەبەیان بەهێزتر کرد. ئەم لێکچوونانە بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوو گەلیان دانا، لەوانە لۆبی جووەکانی لایەنگری کورد و چالاکی کەلتووری و خۆپیشاندانی هاوبەشی کورد و ئیسرائیل لە دیاسپۆرادا.
لەسەر ئاستی سیاسی، هەندێک جار بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بەیەکدەگەن، چونکە ئیسرائیل و کورد دوژمنی هاوبەشیان هەبوو. دیارترین نموونە عێراقە کاتێک هەڕەشەی لە هەردووکیان کرد. ئەمە پەیوەندییە نهێنییە پچڕپچڕ پچڕەکانی نێوانیان لە ناوەڕاستی  1960 کانەوە ڕوون دەکاتەوە. ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین هەر چوار وڵات عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا جێگای هەڕەشەن لە کورد و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام پرسیارۆ گەورەکە ئەوەیە، ئایا ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی هاوپەیمانییەکی کراوە لە نێوانیاندا؟

کێشە و ئاڵنگارییەکان
یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان ناهاوسەنگی نێوان قەوارەی خاوەن دەوڵەت و قەوارە بێدەوڵەتەکانە. ئەم ناهاوسەنگییە پەیوەندییەکان زۆر زۆر قورس دەکات، چونکە ڕێگە بە هاوبەشی لەسەر بنەمای یەکسان نادات. ئاڵنگارییەکی دیکە ئەوەیە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک ناچار بوو مامەڵە لەگەڵ چوار قەوارەی کوردیدا بکات بەوەی هەندێک جار ڕکابەر بوون، ناچاری کردووە لایەنگری یەکێك لە هاوبەشەکان بکات لەسەر حیسابی ئەوی دیکە.

بۆ نموونە، ڕکابەری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق، کە هاوبەشی مێژوویی ئیسرائیلە و پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا سەرەتا پاڵی بە ئیسرائیل نا بۆ پشتیوانیکردن لە کوردەکان لە عێراق.

 بەربەستێکی دیکە ئەوە بوو ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدرێژایی میژوو گۆشەگیر بوو، ویستی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر وڵاتێکی ناوچەکە دروست بکات ئەگەر ئارەزووی ئەوە بکات. ئەو دوو دەوڵەتە، ئێران و تورکیان،  لەو کاتەدا بەشێک بوون لە "هاوپەیمانی پەراوێزی" (ستراتیژی ئیسرائیل لە ساڵانی 1950 و 1970 بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی غەیرە عەرەب بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنایەتی دراوسێیە عەرەبەکان). ئەمەش وایکردووه پەیوەندی لەگەل سەرکردایەتی سیاسی کورد له و وڵاتانەدا ئەستەم بێت.

بەربەستێکی دیکە نەبوونی سنووری هاوبەشە کاتیک پەیوەندی ڕاستەوخۆ و کراوە سنووردار دەکات و پشتیوانی ئیسرائیل زۆر دوور دەخاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەموو ئاڵنگارییانە، ناهاوسەنگییەکی دیکە دەردەکەوێت: لە کاتێکدا سیاسەتمەداران و بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی کورد و کوردستان دەکەن، هاوتا کوردەکانیان زۆر دوودڵن لە قسەکردن لەسەر ئیسرائیل. ڕوونترین نموونە لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاگەیاندنی پشتیوانی سەرۆک وەزیران نەتانیاهۆ بوو بۆ سەربەخۆیی کورد لە عێراق چەند ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلولی 2017 کاتێك دەنگدانەکە بە زیاتر لە 90 لە سەدا پەسەند کرا،  بەڵام دواتر لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە ڕەتکرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی کورد بێدەنگن سەبارەت بە ئیسرائیل و هۆکارەکەش زانراوە. هەر ئاماژەیەک بە ئیسرائیل لەوانەیە زیان بە پێگەیان بگەیەنێت و ئامانجەکەیان لەلای نەیارەکانیان لاواز بکات. یەکێک لە نموونەکان ئەو تیۆرەیەیە لە میدیای عەرەبیدا هەیە کاتێک کوردستان بە یەهودستان بەراورد دەکات، دەستەواژەیەکە لە کتێبەکەی محەمەد تاڵاب هیلال لە ساڵی 1963 لەسەر کوردەکانی سوریا دەردەکەوێت. هیلال بەرپرسێکی ئەمنی و سیاسەتمەداری سووری بوو.
 چارەنووسی کوردان ئەوەیە هەمیشە لە نزیک ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانە بمێننەوە، کە تێیدا دەژین و ناتوانن مەترسی لەسەر خۆیان دروست بکەن بە دژایەتیکردنی ئەم دەوڵەتانە لە پێناو پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلی دوور لە سنوورەکانیان. سەرکردە کوردەکانیش بەتەواوی ئاگاداری ئەم ڕاستیەن بۆیە خۆیان بەدوور دەگرن لەو کارانەی دەتوانێت ئەو دەوڵەتە دراوسێیانە تووڕە بکەن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرجار هەردوولا چاوی زۆریان لەسەر ئەو جۆرە پەیوەندیانەدا هەبوو. بۆ کوردەکان، لێدوانەکانی ئیسرائیل وای لێکردوون پێشبینی ئەوە بکەن ئیسرائیل لە کاتی قەیران و جەنگدا پشتگیریان دەکات. لە هەمانکاتدا، لایەنی ئیسرائیلیش پێشبینی ئەوەیان دەکرد سەرکردەکانی کورد پشتگیری ئیسرائیل بکەن لە ململانێکانێ و شەڕەکانیدا. پێشبینیەکانی هەردوولاش واقیع بینانە نەبوون.

ڕۆژئاوا وەک تێزێکی توێژینەوە
هەڵوێستی ئیسرائیل سەبارەت بە هەرێمی کوردستانی سوریا، کە بە ڕۆژئاوا ناسراوە دەتوانێ ببێتە نموونەیەک بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. ئیسرائیل بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، سەرەتا خۆی بەدوور گرت لەو قەوارەیە کاتێك لە ساڵی 2011 دامەزرا. لەگەڵ ئەوەشدا، شەڕی دژی حەماس لە غەززە، ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و گۆڕانی خێرای ستراتیژی ناوچەکە تا ڕادەیەک نزیکبوونەوەیان دروست کرد. ئیسرائیل نیگەران بوو لە هێرشی وردە وردی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا و ڕژێمی نوێی سوریا کە جیهادییەکان بەسەریدا زاڵن.

کورد لەلای خۆیەوە هەستی بەوەکرد لە نێوان دوژمنی سەرەکی خۆیان، تورکیا، لە باکوور، و ڕژێمی نوێ لە دیمەشق گیریان خواردووە. بە پێچەوانەی سەرکردەکانی دیکەی کورد، ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا،  بە ئاشکرا پێشوازی لە ئەگەری پشتیوانی ئیسرائیل کرد و گوتی ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت ڕێگری لە هێرشەکان بکات و قەتلوعامی گەلەکەمان بوەستێنێت، ئەوا ئێمە پێشوازی لێدەکەین و سوپاسیشی دەکەین. 

لێدوانەکەی عەبدی نیشانی دا بەوەی لە ئێستادا بەسەر قەدەغەی قسەکردن لە مەسەلەی ئیسرائیل زاڵ بووە. هەروەها تیشکی خستە سەر زیرەکی سیاسی ئەو لە بەکارهێنانی کارتی ئیسرائیل لە دژی تورکیا و ڕژێمی سووریا. ئەو بە ڕوونی کاریگەری بەربەستی لێدوانەکەی ساعری بەرز نرخاند. 

بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆنکرێتی لەو لێدوانانەی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، چونکە هەردوولا جەختیان لەسەر گەیشتن بە سازشکردن لەگەڵ ڕژێمی دوای ئەسەد کردووە.

پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل: بەرەو کوێ؟ 
سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگەکان، چەندین بوار هەن هەردوو نەتەوە دەتوانن پەیوەندییەکانیان وەک خۆی بپارێزن، ئەگەر بەهێزتریشی نەکەن.

یەکەم: پەیوەندییە کەلتوورییەکان دەتوانرێت بەهێز بکرێن سەرەڕای ئەو بەربەستانەی سنوورەکان دروستیان کردووە.

دووەم: ڕەوەندی هەردوولا دەتوانێت پلاتفۆرمێک بۆ بەهێزترین هاوکاری نێوان کورد و جوو دابین بکات. ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد لە لایەن ڕژێمەکانی وڵاتەکانیانەوە کۆت و بەند ناکرێن و هەم جوو و هەم کورد لە دەرەوەی وڵات دەتوانن  ڕووبەڕووی دژە جوو و ڕەوتی لە کوردترسان ببنەوە. 

سێیەم: لەسەر ئاستی دیپلۆماسی ئیسرائیل دەتوانێت بەردەوام بێت لە لۆبی کردن بۆ دۆزی کورد لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا. بەوپێیەی کورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە دەبێت پەیوەندییە نهێنییەکانیش بەشێک بن لەو ڕێبازە .لە کۆتاییدا، بوونی ئیسرائیل لەوانەیە قوڵایی ستراتیژی بۆ کورد دابین بکات و بە پێچەوانەشەوە.

*پرۆفیسۆر ئۆفرا بێنگیۆ گەورە توێژەری باڵایە لە سەنتەری مۆشی دایان بۆ توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە زانکۆی تەلئەڤیڤ و سەرۆکی پرۆگرامی خوێندنی کوردیی لە سەنتەری مۆشی دایان. نووسەری چوار کتێبە لەسەر کورد و کوردستان نووسیوە دووانیان وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، یەکیك لە کتێبەکان لە ڵایەن وەرگێڕی ئەم بابەتە کراوە بە کوردی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار