مەسرور بارزانی: هەموو هەوڵمان ئەوەیە مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت
47 خولەک لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 9 دەڵێت هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نییە، جێی داخە مووچەی مانگی 9 لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و بەغدا دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ـی دەستپێکردووە.
چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن.
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە و پێکهێنانی باسی لەوەشکرد، هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە، نەدەبوایە ئەوەندە دواش بکەوێت، جێی داخە کە ئێستا ئێمە چاوەڕێی مووچەی مانگی 'نۆ' ین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کردووە یان خەریکە دەستی پێدەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەختیشی کردەوە، ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کردووە و داوامان کردووە کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی لە کاتی خۆیدا بنێرن، ئێستاش چاوەڕێ دەکەین، ئەوەی بیستوومانە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە بە زووترین کات ئەو مووچانە بنێرن. بەڵام ئەمە تەنیا مووچەی مانگی نۆ نییە، ئێمە خەریکین بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و هەموو هەوڵیشمان بۆ ئەوەیە کە هیچ مووچەی ئەمساڵ نەفەوتێت و فشاری تەواویش دەکەین لەسەر حکوومەتی فیدراڵی کە هەموو مووچەکان بنێرن.
دەشڵێت: ئەگەر ئەمە نەکرێ، دەبێ گلەییەکە ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندبوونەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە لە دابینکردنی داهاتی نانەوتی، لە فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوە، هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەسەر هەرێمی کوردستانن جێبەجێ کراون، ئیتر ئێستا نۆرەی حکوومەتی فیدراڵییە کە ئەوانیش بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
